دواین هەواڵ

سیاسەت لە دۆخی مەستیدا

‌فارس نەورۆڵی

پێش 2 هەفتە

سەرخۆشی شەرابی دەمی تۆ بووم و ئەمێستاش
 قوربان، سەری تۆخۆش کە نەماوە سەری خۆشم !
 نالی 

ئەو بەیتەی نالی بۆ خۆشەویستەکەی وتووە، کە لە تاو ئەشقی یارەکەی ئەوەندە مەست و سەرخۆشە سەری خۆشی نەماوە ئاگای لە خۆیشی نییە، ئەم بەیتە تەوزیف بکەین بۆ دنیای سیاسەت و سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوا عیشقی یار دەبێتە عیشقی کورسی پەرلەمان ئیتر ئەفسوونی ئەم کورسیە وەها لە کاندید و کامپین دەکات هۆشی بەخۆی نەمێنێ هێندە مەستببێت. پێشتر لە دۆخی هەڵبژاردندا کەسێک توند قسەی بکردایە دەیانوت تای هەڵبژاردنە بەڕاستی ئەم جارە تا نییە،

چونکە ئەوەی تای هەبێ داوای چارەسەر دەکات و هیچ بەڵێنێ نادات، بەڵام ئێستا لە دۆخی مەستیدان بۆیە هەندێ جار وەک بەدمەست پەلاماری یەکتر دەدەن، هەندێ جار بەڵێنی ئاڵتونی دەدەن. قسەیەکی باو هەیە دەڵێن گوێ مەدەیە مەستە چی چاک بڵێ و چی خراپ کە دواتر مەستی بەریدا ئارام دەبێتەوە و دەڵێ نەبا هەبووە و نەباران، ئێستا کە سەیری کاندیدەکان و گوتاری بانگەشەی ئەحزاب دەکەیت دروست دەڵێی لە دۆخی مەستیدان، بۆیە دەبێ هەمووشت ئاسایی وەربگرین، چونکە لە دوای ٢٠ی ١٠ وە بەریان دەدات و دەڵێن گەلۆ ببورن ئەگەر هەڵەیەکیش ڕوویدابێ ئیتر کورسی و دەسەڵات مرۆڤ مەست دەکات گرنگ ئەوەیە لە دۆخی مەستیدا شتێک نەشکێنن، '

چونکە باوەڕی دۆخی مەستی هەندێک مرۆڤ لە شەپۆلی گەرداوی دەریا دەچێت، زوو هەڵدەچێ و زوو دەنیشێتەوە، هەندێک جار هۆکارێکی بچووک و بێبەها دەبێتە مایەی وروژاندنی هەست و نەستی لاسارانەی ئەو مرۆڤە مەستانە لە هەڵچوون و هەیەجاندا لە جوڵەیەکی هەڵەدا دەکرێ بەرامبەرەکەشی وەک ئەو ئاگری ڕق و کینەی تاوبدات و ژوورەکەیان تێک و پێکدەن، هیوادارم مەستی بردنەوەی کورسی وانەکات ئاشتی کۆمەڵایەتی وەک ئاشتی سەرمێزی مەستان تێکبدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP