وتەیەکی سیاسیەکی چینی هەیە دەڵێت: (دوێنێ چوو سبەی نەهاتووە ئێستا چیبکەین )ئەم وتەیە دروست بۆ ئەو هەلومەرجەی کوردستان دەبێ و بیکەین بە پرسیار لە خۆمان، لە دوای خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانەوە و زۆربوونی ژمارەی حزب هەر هەڵبژاردنێک کرابێ ئەحزاب دابەش بوون بەسەر دوو ڕای جیاوازدا و ڕای گشتیش سەری لێ شێواوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەم من سەرنجم لەسەر ڕای هیچ بەرەیەکیان دەرنابڕم، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم پێویستە ئەحزابی کوردستان قوڵتر هەلومەرجی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە بخوێننەوە باشتر لە ویستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و عێراقی تێبگەن دەرک بەهێزی ناوەکی خۆشمان بکەن، دواتر هەڵوێستی سیاسی خۆیان دیاریکەن، هەڵوێستك خزمەتی ئەم قۆناغەی کورد بکات، دەکرێ لایەنێک هەست بەوە بکات ستەمی لێکراوە، بەڵام دواجار حزب بۆ خزمەتی چاکەی گشتی کاردەکات.
ئەگەر سەیری کاردانەوەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و عێراقی بکەین لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژادن دەبێ تێبگەن ئەوان پیرۆزباییان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرد، دوا مۆری پیرۆزبایی سەرکەوتن باڵوێزی ئەمریکا بوو لە عێراق ئەلینا رمانسکی باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیوویەتی: چاوم بە سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کەوت بۆ پێشکەشکردنی پیرۆزبایی بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، داوا لە تەواوی حزبە سیاسییەکان دەکەم پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت.
ستایشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دەستگرتنیان بە ڕێبازی دیموکراسی ) هەر حزبێک لەم پەیامە تێنەگات دژی شەپۆل مەلە دەکات. بۆیە واباشە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کوردستان دۆخی دەرونی سەردەمی بانگەشەو شۆکی بەدەسنەهێنانی کورسی تێپەڕێنن وەک قۆناغێکی نوێ مامەڵەی هەلومەرجەکە بکەن بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم ڕێکبخەنەوە، پێداچوونەوە بە هۆکاری شکستی خۆشیاندا بکەن و ئەوانەش سەرکەوتووبوون غرور نەیان گرێ، چونکە هەر ئەم میللەتەیە ساڵێکی دیکە بۆ پەرلەمانی عێراق دەنگتان پێ دەدەن. پرسیارەکە لێرەدایە ئایا حزبەکان دەتوانن گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی فراوان سەرپێ بخەن؟ وەڵامی وتە چینییەکەش بدەنەوە دوێنێ چوو، سبەی نەهاتووە، ئێستاچی؟ ڕۆژانی داهاتوو ئەقڵانیەتی سیاسی حزبەکان نیشاندەدات.