دواین هەواڵ

کۆمەڵی دادگەری لە کوێوەو بۆ کوێ؟!

‌محەمەد ئەحمەد شەمێرانی

01/11/2024

کاتێ قسە لەسەر کۆمەڵی دادگەری دەکرێت ناکرێ باس لە مێژوی دروسبونی بزوتنەوەی ئیسلامی نەکرێت، چونکە کۆمەڵی ئێستا پایەێکی گرنگ و بەشێکی سەرەکی پێکهێنانی بزوتنەوەی ئیسلامی ئەو کات بوو کە لەلایەن خوالێخۆشبو مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیزەوە ڕابەرایەتی دەکراو بەدیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٧ لەدەرەنجامی زوڵم و زۆری حیزبی بەعس دروستبوو.

بزوتنەوەی ئەو کات لەگەڵ باگراوندە ئیسلامیەکەی بزوتنەوەێکی نیشتمانی کوردیش بوو، بۆ بەرگری کردن لە کوردستان و نەتەوەی کورد ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێک بوو، بەشدارێکی کاراو چالاکی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (١٩٩١) یش بوو .
بە تێپەڕبونی کات و بە دیاریکراوی دوای یەکگرتنی باڵی نەهزەکان لەگەڵ بزوتنەوەو پاشان دابەشبونی بزوتنەوەی یەکبونو دروستبونی ئەنسار و الاسلام و جیابونەوەو ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامی وەک حیزبێکی سەربەخۆ ، دوای ماوەیەکی کەم لەئەنجامی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەو دروسبونی شەڕی نێوان (یەکێتی و جند الاسلام)، کۆمەڵ توشی کۆمەڵێ ئاستەنگ و گیرو گرفتی گەورە هات، هەر لە بۆردومانکردنی بارەگاکانیان لە (ئەحمەد ئاوا)و شەهیدکردنی بە ناحەقی مامۆستا عەبدوڵای قەسرێ و ڕاگواستنیان بۆ ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ و پاشانیش گیرانی مامۆستا عەلی باپیر لەلایەن ئەمریکیەکانەوە، بەڵام، کۆمەڵ توانی سەرکەوتوانە هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانە تێپەڕێنێ و بە قورساێکی ترەوە بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانە سیاسیەکەو وەک هەر حیزبێکی تری کوردستانی بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات و جێ پێی خۆی لە کایە سیاسیەکەدا قایمتر بکات.

پاش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و زوڵاڵبونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، لێکنزیکبونەوەیەک لە نێوان لایەنە ناڕازیەکان بەگشتی و کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی دروست بوو، بە شێوەیەک ئەندام و سەرکردەکانیان زۆر کاریگەربون بەیەکتر، هەر بۆیە ئەو گوتارە پۆپۆلیستی و نانیشتمانیە پڕ حەماسەی کە لەناو سەرکردەو جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕاندا بەخێرایی پەرەی سەند و هەموو هێڵە سورەکانی بەزاند، بە خێرای پەڕیەوە بۆ ناو کۆمەڵو کۆمەڵ تا ڕادەێکی زۆر کەوتە ژێر کاریگەری ئەو گوتارە هەڵەو نانیشتمانیەی گۆڕان و بگرە لە هەندێ ویستگەدا بە تەواوی لاسایی ئەوانی ئەکردەوە.

دوای کۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا)و پەرتەوازە بون و لاوازبونی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ چاوی لەوە بوو کۆمەڵیکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خۆی کەسب کات و هەر بۆ ئەو مەبەستەش لینکێکی تەواوی لەگەڵ بەشێکیان لە کەسە دیارەکانیان دروستکرد، بە شێوەیەک میدیاکانی خۆی تا ڕادەێکی باش خستبوە خزمەتیان و هەر شەوەو یەکێکیان لە کەناڵی (پەیام)ەوە دەرئەکەوتن و بە گوتارێکی توندی عێراقچیانە دژ بە هەموو دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەستانەوەو بەزمانێکی زبر و نانەتەوەی وەک عەرەبێکی شۆڤێنی قسەیان دەکرد، تاکار گەیشتە ئەوەی ئەم گوتارە نانەتەوەی و نانیشتمانیە باڵی کێشا بەسەر بەشێکی زۆر لە ئەندام و کادیرەکانی کۆمەڵداو ئێستاشی لەگەڵدا بێ ڕەنگدانەوەی ئەو گوتارانە بەسەریانەوە دیارە، بەڵام سەرەنجامی هەموو ئەو لێک نزیکبونەوەیە نەک سودی بەکۆمەڵ نەگەیاند بەڵکو بە پێچەوانەوە بەزیانیش شکایەوە بەسەریا، (سەرەڕای هەڵە کەسیەکان ) بویە هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی دەنگەکانیان لە هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP