(کوردبون هەستێکە لە ناخدا بەبێ ویست دڵ داگیر دەکات)
ئێمە کاتێک کە دروستکراین پرسمان پێ نەکرا، هەروەکچۆن لە دیاری کردنی خاک و نیشتمان و نەتەوەو زمانیشدا ڕامان وەرنەگیرا، بەڵام کاتێک چاومان کردەوەو خۆمانمان ناسی زانیمان لەسەر خاکێک ئەژین ناوی (کوردستان) ەو بەزمانێک ئەئاخفین پێی دەڵین: (زمانی کوردی)، ئیتر لەوکاتەوە هەستێکمان بۆ دروستبوە پێی دەڵێن :(هەستی کوردبون)، ئەم هەستەش هەروەک خۆشەویستی پێش هەموو شتێک دڵمانی داگیرکردوە، ئەمەی دەیڵێین بۆ هەموو کوردێک هەروایە، پەیوەست نیە بەکەسێک یان حیزبێک یان ئایدۆلۆژیاێکی دیاریکراوەوە تاوەکو بەخۆشویستنی ئەو خۆشمان بوێت و بە ڕقلێبوونی ڕقمان لێی بێت، بەڵکو ئەمە شتێکی خۆڕسک و خواکردە و سەرچاوەکەی قوڵایو ناخی مرۆڤە کە دڵیەتی، خۆ ئەگەر کەسێک ئەم هەستەی نەبوو ئەبێ گومان لە خۆی بکات و بزانێت کە نەقسێکی گەورەی هەیە.
ئەمەی دەیڵێین تەنها بۆ کەسێکی کورد ڕاست نیە، بەڵکو بۆ کەسێکی عەرەب و کەسێکی تورک و کەسێکی فارسیش ...هتد. هەر وایە، کاتێک عەرەبێک لەباشور یان ناوەڕاستی عێراق دەبینی ئاوی خواردنەوەی نیە، ئاسایشی نیە، خزمەتگوزاری نیە و دژە بەحکومەت، دژە بە زوڵم و ستەم، دژە بە ناعەدالەتی، لەهەموو شتێک ناڕازیە و بە هەموو شتێکا هەڵئەشاخێ، بارەگای حیزبەکان ئەسوتێنێ و ئاڵاکەشیان ئەدڕێنێ، سەرەڕای ئەمانە لێی ئەدرێ و تەقەشی لێ دەکرێ و هەندێجار خەڵتانی خوێنیش دەکرێ، بەڵام ئامادە نیە ئاڵای وڵاتەکەی بسوتێنێ و نیشتیمانەکەی بە نەفرەت بکات و حەزیشی لەشکستی نەتەوەکەی نیە.
کاتێک ئەڵمانیا ڕێگری لەوەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات لە ئەنجامدانی چالاکیەک لەسەر خاکی ئەڵمانیا، پێش ئۆردوغان کەمال کلچدار ئۆغلۆ دێتە گۆو ڕەخنە لە هەڵوێستی ئەڵمانیا دەگرێ و ئەڵێ: ئەوە سوکایەتیە بە ووڵاتی تورکیا، نەک بە ئۆردوغان و حیزبەکەی، بەبێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی کە وەزیری دەرەوە لەحیزبەکەی ئەو نیە، بەڵکو ڕکابەریشێتی.
بەداخەوە لەلای ئێمە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەلومەرجێکی دەروونی و سایکۆلۆژی وای لای هاوڵاتی دروستکردوە ئەتوانرێ هەموو فیکرەێکی نامۆ و ڕوخێنەری دەرخوارد بدرێت و لەڕوانگەی بژێوی ژیانەوە بۆ هەموو شتێک بڕوانێ، کە ئەمە خۆی بۆ خۆی کارەساتێکی گەورەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت.
ئەوانەی هانی ئەمکارانە دەدەن و ئەم فیکرە نامۆو ناپەسەندانە دەرخواردی هاووڵاتی دەدەن و هەلومەرجە نائاسایەکان ئەقۆزنەوە بۆ لێدان لە نەتەوەو دژایەتی کردنی ڕەمزە نیشتمانیەکان بە خۆیان بزانن یان نا ئەوە ناپاکیە بەرامبەر نیشتمان و نەتەوەو بەرهەمی کارەکانیان ئەڕژێتە ناو سەبەتەی دوژمنانەوە.
ڕاستە ئۆباڵی قەیرانەکان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانو دامودەزگا فەڕمیەکانە و دابینکردنی بژێوی و باشترکردنی ژیانی خەڵکو بەدەمەوە چونی داخوازیەکانیان ئەرکی ئەوانە و کاتێک هاووڵاتیەکی ئاسای وێنەکە وەکخۆی نابینێ ومەترسیە گەورەکە هەست پێناکات، ئەبێ دەسەڵات هەنگاوەکانی چارەسەر خێراتر بکات و بەدەم داواکاری هاووڵاتیانەوە بچێت، لەلایەکی تریشەوە ئەرکی هاووڵاتیە فشار بکات و سازش لەسەر مافە ڕەواکانی خۆی نەکات، بەڵام ئەبێ ئەویش سنوری خۆی تێنەپەڕێنێ لەبەرامبەر بەپیرۆزیەکانی نیشتمان، ئەرکی ڕۆشنبیران و چینی نوخبەش ئەوەیە جەماوەر هۆشیارتر بکەنەوە و بەرچاو ڕۆشنییان پێبدەن لە شێوازی داواکردنی مافەکانیان و دەسنیشانکردنی مەترسیە گەورەکان.