دواین هەواڵ

ڕەوتە ئیسلامیەکان لە کوێوەو بۆ کوێ؟

‌محەمەد ئەحمەد شەمێرانی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕەوتە ئیسلامیەکان لە کوێوەو بۆ کوێ؟!

 

کەس ناتوانێ نکولی لەوە بکات کە بزاوت و ڕەوتە ئیسلامیەکانی باشوری کوردستان خەڵکانی ماندوو ڕەسەنی ئەم وڵاتەن و هەڵقوڵاوی ژان و ئازارو مەینەتیەکانی ئەم نیشتمانەن، ئەوانیش وەک هەموانیتر بەشداری شۆڕش و قوربانیدانی ئەم گەلەیان کردوەو ئەوەندەی پێشیانکرابێت دەسبارو هەماهەنگ بوون  لە پاراستن و خزمەتکردنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان. 
لەڕووی هزری و پەروەردەیشەوە جێ دەستیان دیارەو دەوری باڵایان هەبوە لە هۆشیارکردنەوەو گەشە پێدانی بیرو هزری تاکی کورد و پێشخستنی کۆمەڵگای کوردی. هەموو ئەمانە بەمانای ئەوە نایەت کە خاڵیبون لە هەڵەو کەمو کورتی و ئەوانیش وەک هەر خەڵکێکی تری ئەم نیشتمانە بە ڕێژەیی هەڵەیانکردوەو کەم تا زۆر بەشێکی دانەبڕاو بون لەم واقیعەی کە دروستبوە، بەهەموو چاکی و خراپیەکانیەوە.
بەڵام دوای  نزیکبونەوەو تێکەڵاوبونیان لەگەڵ ئەو بزوتنەوە پۆپۆلیستیە بێ ڕوئیایەی کە لە باشوری کوردستان سەریهەڵداو ڕابەرایەتی دەنگی ناڕازی گرتەدەست و ناوی لە خۆینا (ئۆپۆزسیۆن ) و هەرزەیانە دەستیان بۆ هەموو پیرۆزی و هێڵە سورە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکان بردو کێشەی گەلێکیان کردە نوکتەو یاری منداڵان و لە باتی ڕەخنەی جدی و پێشکەشکردنی پرۆژە بۆ چارەسەری گرفتەکان، لنائومێدو بێهیواییان  لە ناو خەڵکدا ڕواندو دۆزی گەلێکیان لە ڕێچکەی ڕاستی خۆی لادا.
بەداخەوە؛ ئەمانیش نە شارەزایانە و لە ژێر کاریگەری حاشاماتدا شوێنیان کەوتن و هەموو ئەو ئامانج و مەبەستانەیان لە بیرکرد کە لە پێناویدا دروست بوبون، تەنانەت تاڕادەێکی زۆریش تێکەڵاوبون بە ئەو ململانێ و ڕق و کینەو دوو بەرەکیە زۆرەی کە ساڵەهای ساڵە لە نێوان حیزبە کوردیەکاندا هەبوو.
لە ڕووی هزری و پەروەردەیشەوە لە باتی خۆ ئەپدەیتکردنەوەو بەرەو پێشچون، پاشەکشەێکی زۆریانکردو ئەتوانین بڵێین لە ئێستادا جەماوەرەکەشیان جیاوازێکی ئەوتۆیان لە ڕوی پەروەردەییەوە لەگەڵ خەڵکە ئاسایەکەدا نەماوەو بە شوێن ئەواندا هەنگاو هەڵدەگرن.
لە لاێکی تریشەوە بە هۆی ئەو جمودو چەقبەستوە  فیکریەی کە توشیان هاتوە بەشێکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرە هۆشمەندو خاوەن فیکرەکانیان لێیان دورکەوتونەتەوەو وازیان هێناوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ڕوی سیاسیشەوە نەیان توانیوە هەنگاوی گەورە بهاون و ببنە جێگای ئومێدی خەڵکی.
 
      محەمەد شەمێرانی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP