دواین هەواڵ

ئێران (ووڵاتێکی دەوڵەمەند، خەڵکێکی هەژار)

‌محەمەد ئەحمەد شەمێرانی

17/04/2024

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە ووڵاتە گەورەو گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتیە گرنگەکانی وەک نەوت و گاز و باقی کانزاکانی تر، ووڵاتێکی پیشەسازی و کشتوکاڵیە، سنورێکی بەرفراوانی ئاوی و ووشکانی هەیە بۆ بازرگانی، خاوەن کلتور و فەرهەنگێکی ناوازەیەو لەڕووی ئەدەب و هونەرەوە لە ئاستێکی باڵادایە، خاوەن چەندین شوێنی گەشتیاری و مێژووی گرنگە ، خاوەن سەروەتێکی مرۆیی و دەستێکی کاری بە تواناو لێهاتوە، خاوەن شارستانێتێکی دێرینەو مێژووێکی قوڵی  دەوڵەتداری هەیە، بەڵام بە داخەوە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بژێوی خەڵکەکەی لە ئەوپەڕی خراپیدایەو ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتریش دەڕوات، بەشێوەیەک نەک خەڵکە هەژارەکەی خەڵکە مامناوەندەکەشی خەریکە توانای دابینکردنی پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیانی  نامێنێ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێرڤی ئابوریەکەی سەر بەرەو خوارو ڕوو لە داتەپینەو دراوەکەشی زیاتر بەهاکەی لە دەست دەدات.

بارودۆخی ناوخۆیی زۆر خراپەو گرفتارە بەدەست سەدان کێشەی قوڵی ئەمنیەوەو بوەتە ناوەندێکیش بۆ بڵاوبونەوەو بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەرەوە. لەسەر ئاستی جیهانیش، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک ووڵاتێکی بێزراوو پەراوێز مامەڵەی لەگەڵ دەکات، جگە چەند ووڵاتێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێنی وەک ڕوسیا و چین و کۆریای باکور پەیوەندی لەگەڵ هیچ ووڵاتێکدا ئاسایی نیە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش هەزارو یەک گلەیی و تێبینیان لەسەری هەیە و وەک هەڕەشە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ لێی دەڕوانن.

 ئازادیە سیاسیەکان تێیدا لەوپەڕی خراپیدایە و بەردەوام زیاتر بەندیخانەکانی قەرەباڵغ دەبن و ڕێژەی لەسێدارەدان بەردەوام لە هەڵکشاندایە. سەرەڕای هەموو ئەمانە بوەتە سەرچاوەی هەڕەشە و نائارامی بۆ ووڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەگشتی، بەردەوام خەریکی دروستکردنی گروپ و میلیشیای لەیاسا دەرچوەو لەسەر حسابی بژێوی و قوتی خەڵکە ڕەش و ڕوتەکە پارەدارو چەکداریان دەکات و ئەیەوێ لەڕێی ئەوانەوە  هەژموونی خۆی زیاتر بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ. 

ماوەتەوە بڵێین: چەند جێگای نیگەرانیە کاتێک گەلێکی ئاوها کارامەو هێمن خاوەن ئاستێکی سەقافی بەرز، خاوەن ووڵاتێکی دەوڵەمەند، لە جێۆپۆلەتیکێکی گرنگدا، هێندە بەخراپی خەڵکەکەی ژیان بگوزەرێنن و گیرۆدەبن بە دەست دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆجی و مەزهەبی ستەمکارو ئیدارەدانێکی خراپ و گەندەڵەوە، خۆ ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران لەباتی ئەو فەوزاو نائارامیەی لە ناوخۆو دەرەوە دروستیان کردوە لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوەو ڕێگای ئاشتی و خزمەتکردن بە هاووڵاتیانی خۆیانیان هەڵبژێرن و عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکان بکەن،  ناوچەکە ئارامتر و ووڵاتەکەیان پێشکەوتوترو هاووڵاتیان خۆشگوزەرانتر و ئاسودەتر ژیانیان بەڕێ دەکرد و داهاتی زۆری ووڵاتەکەشیان نەک هەشتا بۆ  سەد ملێۆن کەس، بگرە  دوو هێندە زیاتریشی بە ژیانێکی شایستە بەڕێ دەکرد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP