زۆنی زەرد، عەمەلییەن ھیلالی شیعی لە ناوەڕاستدا لەت کردووە، بارزانی نەبێ، ھیلالەکە کامڵ ئەبێ، کامڵ ببێ چی ئەبێ و چی ڕووئەدا، ڕوون نیە، بەڵام ئەگەر لە دۆخی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن وردبینەوە، ئیتر بایی ئەوەندە تێئەگەین کە ژیان لەبەر شەوقی ئەو ھیلالەدا، یەعنی چی!
دوای کەوتنی بەعس، ئێران عێراقی کردۆتە حەوشەی خەلفی خۆی. دوای داعشیش، ھەم لەڕێی شیعەی ھاوردە و تورکمانی شیعەوە، جێ پێی خۆی لە شارە ستراتیژییەکانی سەر ڕێی ھیلالەکە ( کەرکووک، موسڵ) کردۆتەوە، ھەم بەھۆی حەشدی شەعبیەوە، وجوودی عەسکەریشی لە کەمەری ھیلالەکە، کە ھاوکات کەمەری زۆنی زەردیشە، ھێناوەتە پێشەوە!
عەرەب لێبوونەتەوە و بەدەست ئێرانەوە گیرۆدەن، ھەیانە بەخواست بێ یان بە شەق، پشت و کلکی ھیلالەکەیان بۆ گرتووە، ھەیشیانە ئێرانگازن ( وەک خەلیجییەکان)، ئەیانەوێ ھەرچۆنێک بووە، بەنزیکبوونەوە بێ یان بە ڕێککەوتن، خۆیان لە دەست ماری ئێران و دەستگەمانێی ئێران ـ ئەمریکا بپارێزن و ( با) کڵاوەکانیان نەبا!
ئەوەی ئێستا بە ڕووی ھەیمەنەی ئێران و ئەجینداکەیدا وەستاوەتەوە و ڕێ نادا ھیلالەکەی تێ پەڕێ، ڕاستە لە ئیعلامدا زۆر ھەن، بەڵام لە مەیداندا، تەنیا بارزانی ە و بەس! بارزانیش، تەنیا مەیدانێک بۆ ئەو موبارەزەیە شک ئەبا کە ھەرێمە،، ئەویش چۆن ھەرێمێک؟!
ئەم ھەرێمەی کە بارزانی لە شەرعییەتی ئیرادەی ئینتیخابی خەڵکەوە بەڕێوەی ئەبا، لەناوەوە بە ئەحزابی تەبەعییە ئێرانی (کە ھەندێکیان جوگرافیا مەحکوومی کردوون و ھەندێکیشیان لە ئەساسەوە مەنتوجاتی ئێرانین) و لە بەغداوە بە گروپ و ئەشخاصی وەلائی و لەسەر سنوورەکانیشیەوە، بە ھێزی دەستکێشکاری وەک پەکەکە و فەرعەکانی، تەنراوە! جا ئەم گروھە ئێراناویانە، جار ھەیە یەک یەک، جار ھەیە دوو دوو، ھەندێکجاریش ھەر ھەرھەموویان بەیەکەوە، ڕووەو بارزانی ئەجووڵێن، ڕاستر، ئەجووڵێنرێن! ڕاستە ھەرجارەی بە بیانووێکەوە دێن، بەڵام لە پشت ھەموو جوڵەکانیانەوە، دەست، پەنجە، ھەرنا لووت تێژەنینێکی ئێران ئامادەیی ھەیە و جووڵەکانیش ئەوەندە لێزانانە بە غیلافی ئیداری و دارایی و قەزاییەوە پێچراون، دۆزینەوەی ڕۆڵی ئێران لە نمایشەکەدا، بە چاوی موجەڕەد ناکرێ، دیققەتدانی ئەوێ!
ئێران بە بوون و مانی ھەرێم لەژێر سایەی بارزانی و بارزانیاندا، مورتاح نیە! بەس چونکە لە تەبیعەتی موقاوەمەی بارزانیان بۆ مانەوە شارەزایە و ئێ ئەشزانێ ئیرادەیەکی غەربی و بەتایبەتیش ئەمریکی، لە پشت ئەم ھەرێمەوە وەستاوە، ئیتر ئەو جورئەتەی نیە ڕاستەوخۆ دەست بۆ لەناوبردنی ببا، بەڵکوو لەجێی ئەوە، لەڕێی سێبەرەکانیەوە، کار لەسەر ناڕەحەتکردنی بارزانی ئەکا و ئەیەوێ یان قایل بێ ئان تەسلیم،، بەڵام ( ھیھات منا الذلة)...
بارزانی داربەڕووئاسا بەپێوە ڕاوەستاوە و لەبەرامبەر ئەو ھەموو دژ و دوژمنەدا جگەلەوەی خۆی ڕاگرتووە، گوێیش ھەڵئەخا و چاو ئەگێڕێ تا بزانێ چۆن ئەمجارەش لە ( عنق زجاجە)کەوە، سەوابتەکان لە فەوتان ڕزگار بکا و خەونی بەیەکگەیشتنی ھەردوو بەری ھیلالەکەش، بزڕێنێ! ئاخر ئەو ئەزانێ ھیلال تەکمیلە ببێ، باشووری کوردستان لە باشترین حاڵەتدا، ئەبێتە ( الضاحیة الجنوبیة )، بەڵام لە عێراق!
من نازانم سەرۆک بارزانی چۆن بیر ئەکاتەوە و چی ئەکا، بەڵام ئێران زۆری بۆ بھێنێ و ئێراناویەکانیش لەوە زیاتر پێ ڕاکێشن و عەزییەتی بدەن( چونکە داویانە)، ئەوا بایی ئەوەندە کارت و بەشی ئەوەندەش شەریکی ھەیە، کە ڕێ نەدا ئێران ئەجینداکانی خۆی بەسەریدا فەرز بکا و بە قەڵەمڕەوی ئەمیشدا، ھیلالەکەی تێپەڕێنێ!
جارێ لە کارتەکان بگەڕێن، چونکە زۆری ماوە ڕابکێشرێن! لە ئێستادا شەریکەکانی جێی باسن، لەناو ئەمانیشدا، ئەوەی لەم تەوقیتەدا زۆر جێی باس بێ، ئەمریکایە،،
ڕاستە ئەمریکا سەرۆکەکەی خەواڵوە، بەڵام خۆی نەخەوتووە، چاوێکی لەسەر ئێرە و گوێیەکیشی لای ئێمەیە!
ڕاستە لەسەر ئەدائمان، لێمان لووتەلایە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی لێمان گەڕێ بەدەردی پۆڕی خوراو بچین، ئەبەد لێ ناگەڕێ!
ئەوەشیان ھەر ڕاستە کە لەگەڵ ئێراندا چاوبازییەکی ھەیە، بەڵام ھەر ئەوەندە بزانێ ھەرێم و لەناو ھەرێمیشدا زۆنی زەرد لە خەتەری جددیدایە، سوعبەتەکەی ئەکاتە جددییات و چاوی ( ئەوانە) دەرئەھێنێ کە چاویان لە شکاندنی دیوارەکانی قەڵایە!
سەبارەت بە شەریکەکانی تری بارزانیش، باسکردنیان با بمێنێ بۆ کاتی خۆی، ڕاکێشانی کارتەکانیان ھەڵگیراوە بۆ وەعدەی خۆی، بەڵام ئەگەر تاقیکردنەوە باشترین بەڵگەبێ، ئەوا کارتێک بارزانی ڕایکێشێ، نازانم باج و خەراجەکەی( ئەگەر ھەیبێ) چی و چەند ئەبێ، بەڵام مەعلوومە کە مانەوەی ھەرێمێکی خاڵی لە ھەیمەنەی ئێرانی پێ مسۆگەرئەکا, ئێ ئەوەش بەلای ئەمەوە سەوابتە و بەلای زلھێزانیشەوە، ئەو ئامانجە ھاوبەشەیە کە لەگەڵ بارزانیدا،،
کۆیانئەکاتەوە.