هەرچەندە وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشی ١-١٠-٢٠٢٤ی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٦-١٠-٢٠٢٤ بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) کە بەشداریی ئەو هێرشانەیان کردووە بۆ سەر ئێران و، نزیکەی 20 ئامانجیان پێکاوە، لەوانەیش پێگەکانی مووشەکی بالیستی و کۆمەڵەی بەرگریی ئاسمانی، تا ڕاددەیەک لە ئاستی پێکدادانەکانی بۆ ماوەیەکی سنووردار کەم کردەوە. چونکە هیج دڵنیایییەک نەبوو کە ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر کەسایەتی و دامەزراوە ئەتۆمی و ئابوورییەکانی ئێران، بەڵام خودی ئەم هێرشە زیاتر لەوەی وەڵامدانەوە بێت، جۆرێکە لە ئامادەکاری و خوێندنەوەی نوێ بۆ دۆخەکە بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و تەنانەت گەرێکی نوێی بارگرژی؛ چونکە لێدان لە سیستەم و دامەزراوە بەرگرییەکانی ئێران لە بواری سەربازیدا شرۆڤەی تایبەتی هەیە و ئێرانیش سەرەڕای بچووک نیشاندنی هێرشەکان و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بەهۆی هێرشەکە زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە، لە قەبارە و ئاستی هێرشەکە و پەیامەکانی-کە هەنگاونان و ئامادەکاریی ئیسرائیلە لە ڕێگریکردن لە بەئەتۆمیبوونی ئێران و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل- ئاگادارە. بەڵگەیش بۆ ئەمە، کەناڵی عەرەبیی سکای نیوز لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاوی کردەوە، سەرنجی سەرەکیی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران، “لەناوبردنی تەواوەتی”ی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، ئەگەری گۆڕانکاری لە هاوکێشە جیۆسیاسییە هەرێمایەتییەکان لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دروستبوونی سێ بەرەی جەنگ لە نێوان حەماس-ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان-ئیسرائیل و ئێران-ئیسرائیل، وای کردووە کە بەهۆی سروشتیی ئەکتەرەکان و بەرژەوەندیی ئەکتەرە سەروو-هەرێمایەتییەکان وەکوو ڕووسیا و چین و ئەمریکا، لە سنووری خۆی نەمێنێتەوە و وڵاتانی سووریا و عێراق و یەمەن-یش بگرێتەوە. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکەیش دڵەڕاوکێیان لە تێوەگلان یاخود بەرکەوتنی ئاگری ئەم جەنگە هەبێت کە دوایینیان تورکیایە.
لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی، چ لە چوارچێوەی عێراق و چ وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی- ناسنامەیی کە تێکئاڵاویی لەگەڵ پرسە ناوخۆیییەکانی عێراق و پاشان تورکیا و ئێران و سووریا لە لایەک و ململانێکانی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان و بەتایبەتی ئێران-ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە هەیە، بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەم ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە جیۆسیاسیانەدا دەبێت کە بەرواڵەت لێکەوتەی جەنگی ئیسرائیل-حەماسە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ئاستی هەرێمایەتی بەشێکە لە جەنگی ئێران-ئیسرائیل و، لە ئاستی سەرووناوچەییش بەشێکە لە ململانێ جیۆستراتیژییەکان لە نێوان ڕووسیا و چین و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین کە ئەم پرسە و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان شرۆڤە بکەین.
یەکەم- ئەمریکا
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێت کە هەموو هاوکێشەکانی ناوچەکە، بە ئاشتی و جەنگ و ململانێکانەوە، لە نێوان ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمایەتییەکان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە ئەمریکاوە هەیە. بەم واتایە کە هەموو ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان یان لە بەرەی ئەمریکادان یاخود دژبەری ئەمریکان. هەروەها هاوپەیمانێتییەکانیش سەرەڕای بوونی پەیوەندییان لەگەڵ ئەکتەرەکانی دیکە-وەکوو وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل- بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر بەرەی ڕۆژاوا هەژمار دەکرێن. هەر بۆیە فاکتەری دژایەتیی هەژموون و نفووزی ئەمریکا و پێچەوانەکەی، ڕۆڵی سەرەکی لە پرۆسەی ئاشتی یان جەنگ دەبینێت. بەڵام ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا ئەمریکای وەکوو ئەکتەرێک لاواز نیشان داوە، هاوکێشە ناوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەم وڵاتەیە. هەر بۆیە ئەمریکا دەیەوێت سەرەڕای زاڵبوونی هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی ئیسرائیل و پاشان وڵاتانی عەرەبی، ڕێگە لە نەیار و دوژمنەکانیشی بگرێت کە لەم گۆڕانکارییانەدا کەڵک وەربگرن بۆ لاوازکردنی نفووز و هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای دروستبوونییەوە سەرەڕای بوونی پەیوەندییەکی لەرزۆک و نا-دڵنیا لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمایەتییەکانی وەکوو تورکیا و ئێران، بەڵام بەتوندی گرێدراوی سیاسەت و ستراتیژی و پێگەی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لەو پێگە و سیاسەت و ستراتیژییە بەڕاستەوخۆ ڕۆڵی لەسەر هێز و توانا و بکەرایەتی و بەم پێیەیش داهاتووی هەرێمی کوردستان لەم گۆڕانکارییانەدا دەبێت. سەرەڕای ئەمانەیش ئەوەی کە ڕۆڵی ئەمریکا بەهێز یاخود لاواز دەکات ئەم فاکتەرانەن:
فاکتەرە بەهێزەکان
ئەمریکا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیی هاوپەیمانەکانییەوە، بەسەر بەرەی بەرامبەریدا زاڵە؛ چ لە ڕووی تواناکانیانەوە و چ لە ڕووی پێگە و نفووز و گرێدانی بەرژەوەندییانەوە. بەم واتایە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل سەرەڕای پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا و چین، بەڵام بەردەوامی و مانەوەیان، بە ئەمریكاوە گرێ دراوەتەوە و لە ڕووی توانایشەوە لە ڕووی سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژییەوە بەسەر بەرەکەی دیکەدا زاڵن. تواناکانی ئەمریکا لە ڕووی ئابووری، سەربازی، سیاسی-دیپلۆماسی، تەکنەلۆژی و بەتایبەتی ستراتیژییەوە، وا دەکات کە ئامراز و میکانیزمەکانی بەردەستی ئەو وڵاتە لە ئەکتەرەکانی دیکە بەرفراوانتر و بەهێزتر و کاریگەرتر بن. بۆ نموونە، یەکێک لە ترسەکانی ئێران و پرۆکسییەکانی بەهۆی ئەو توانا سەربازی و تەکنەلۆژییەوەیە کە وا دەکات لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان بە بەشداریی ئەمریکا، بە دۆڕاو لەو جەنگە بێنە دەرەوە؛ ئەوە جگە لە بوونی ئامرازی گوشاری گەورەی ئابووری و سیاسی لە هەمبەر ئێران و ڕووسیا و چین و لایەنگرانیان.
فاکتەرە لاوازەکان
بە شێوەی گشتی ململانێی ناوخۆیی و دابەشبوونی سیاسی لە ناوخۆی ئەمریکا، دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەی سەرەکیی لایەنگری دەستوەردان لە کاروباری نێودەوڵەتی و لە بەرامبەریشدا نەیاری ئەم ڕوانگەیە و پاشان نزیکبوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا بەتایبەتی، گەورەترین خاڵە لاوازەکانی ئەمریکان لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣وە. لە لایەکی دیکەیشەوە، لە ئێستادا هەر دوو بەرەی ناوخۆی ئەمریکا -چ دیموکراتەکان و چ کۆمارییەکان- بە پاساو و هۆکاری تایبەتی خۆیان لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ و بەشداریی ئەمریکا (هاوشێوەی جەنگی ئەفغانستان و عێراق) نین. بۆیە ئەمەیش توانای هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لاواز کردووە و لە بەرامبەریشدا توانای جووڵە و سیاسەتی داوەتە بەرەی نەیاری ئەمریکا (بەتایبەتی ئێران و ڕووسیا) لە ناوچەکەدا. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدایە کە نەیارەکانی سەرووهەرێمایەتیی ئەمریکا، بەتایبەتی چین و ڕووسیا، دەیانەوێت ئەمریکا لەم جەنگەوە بگلێت؛ هەرچەندە سنووردار و کۆنترۆڵکراو و، ئەمریکاش بە زانینی ئەم ڕاستییە زۆر پارێزگارانە لەگەڵ هاوکێشەکان مامەڵە دەکات و هەر ئەمەیش جگە لە هاوپەیمانەکانی، خودی ئەمریکاش لاواز دەکات. بەم واتایە کە ئەگەر جەنگێکی بەرفراوان دروست ببێت، ئەوە ئەمریکا ناچارە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەشداریی تێدا بکات و ئەگەر ئەمەیش بکات، ئەوە چین و ڕووسیا لە ناوچەی خۆیان باڵادەست دەبن و پێگەیان جێگیر دەکەن؛ ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و تەنانەت ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و، چینیش لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی خۆی.
دووەم-ڕووسیا
ڕووسیا جگە لەوەی کەڵکی لەو دوودڵی و ناکۆکییە ناوخۆیییەی ئەمریکا وەرگرتووە، لە هەمان کاتیشدا بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە لە هەردوو بەرەی لایەنگری ئەمریکا و دژبەری ئەمریکا و، هەروەها ئەکتەرە دەوڵەتییەکان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش وەکوو؛ حزبوڵڵای لوبنان و فەلەستینییەکان و تەنانەت حەشدی شەعبی و حووسییەکان لە ڕێگەی ئێرانەوە، وای کردووە کە بتوانێت توانای خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات؛ هەرچەندە لە ئاست و قەبارەی نفووزی ئەمریکادا نییە، بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، بە هۆکاری جیاواز بۆ هەر ئەکتەرێک بۆ نموونە؛ بەهۆی ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی ئێران و پرسی ئابووری و وزە و هاوکاریی سەربازی لە بری ئەمریکا و، هەروەها پێویستییەکانی خۆی لە جەنگی ئۆکراینا و پرسی سووریا. هەر ئەمەیش وای کردووە کە توانای دەستوەردانی هەبێت. بەڵام توانا ئابووری و سیاسییەکانی لە لایەک و بەرژەوەندی و ستراتیژیی لە ناوچەکەدا، لە کۆتاییدا وا دەکات کە کاریگەریی زیاتر لەسەر بەرەی دژبەری ئەمریکا هەبێت.
ئەوەی کە بۆ ڕووسیا گرنگە ئەوەیە کە ناوچەکە بەئاڵۆزی بمێنێتەوە و ئەمریکا نەتوانێت توانا سەربازی و دیپلۆماسییەکانی بۆ ڕاگرتنی ڕووسیا و شکستهێنان بە ڕووسیا تەرخان بکات. هەروەها بە ڕێگەی بەرزکردنەوەی مەترسییەکانی ئێران، وڵاتانی کەنداو ناچار بکات کە بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی مەترسییەکانی ئێران، پەیوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ بپارێزن و لەم ڕێگەیشەوە ڕووسیا ئابڵووقە و سزاکانی کەم بکاتەوە یاخود بشکێنێت. هەروەها ڕووسیاش وەکوو ئێران کەڵک لە ئەکتەرەکانی بەرەی موقاوەمە (بەرخۆدان) وەردەگرێت.
سێیەم- چین
هەرچەندە چین سەبارەت بە گۆڕانکاری و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان بەپارێزگاری مامەڵە دەکات و هەوڵ دەدات کە لە چوارچێوەی ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەفتار بکات و بەشێک نەبێت لە جەمسەرگیرییەکان، بەڵام پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەموو بەرەکان ئەولەوییەتی سەرەکیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتە پێک دێنێت و، هەر ئەمەیش چینی خستۆتە بارودۆخێکی دژبەیەک. بەم واتایەی كە، لە لایەک دەیەوێت ئەمریکا لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی خۆی لە دەریای چینی باشوور دوور بخاتەوە و بتوانێت بە کەمترین تێچوو کێشەی تایوان چارەسەر بکات و بیگەڕێنێتەوە سەر چین و، لە هەمان کاتیشدا ڕۆڵ و ئامادەیی و نفووزی ئەمریکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕێگەی زلکاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، لاواز بکات.
لە هەمان کاتیشدا، چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و بازرگانیی لەگەڵ ئەمریکا و پاشان یەکێتیی ئەوروپا و بە پلەیەکی کەمتر لەگەڵ ڕووسیا هەیە و، لەسەر ئاستی هەرێمایەتییش ئەو پەیوەندییە هەر بەم شێوەیە کە لە ڕووی بازرگانی و وزە و ئابووری و وەبەرهێنان و تەنانەت سەربازی و تەکنەلۆژییەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا هەیە و، لە ڕووی سیاسی و سەربازی و بە پلەی کەمتر لە ڕووی وزە و ئابوورییشەوە لەگەڵ ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا. هەموو ئەمانە، لە پاڵ هەوڵەکانی چین بۆ داڕشتنەوەی ستراکچەری سیستەمی نێودەوڵەتی و کەمکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بە تاک-چەندجەمسەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وای کردووە کە “چین”یش هەم تێوەگلانی ئەمریکای بوێت و هەمیش نەیەوێت جەنگێک دروست بێت کە بەرژەوەندییەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئاستی جیهانی بخاتە مەترسییەوە.
ڕاستییەک هەیە کە هەستانەوە و پێگەی داهاتووی چین، پەیوەستە بە پێگەی بازرگانی و ئابووریی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بوونی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکاندا. هەر بۆیە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی و لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی هەیە.
چوارەم- یەکێتیی ئەوروپا
بۆ یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە (بەپێچەوانەی ئەمریکا و ڕووسیا و چین)، تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە بە واتای نادڵنیایی و ناسەقامگیری و بەم پێیەیش دروستبوونی مەترسیی دووبارەی تیرۆر، لێشاو و شەپۆلی کۆچبەران، بەهێزبوونی ڕادیکالیزم و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، نا-ئاسایشی لە بواری ئابووری و وزە و تەنانەت بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە. هەر ئەمەیش وای کردووە کە بە پاساو و لەژێر گوتاری ماڤی مرۆڤ گەورەترین گوشارەکانی لەسەر ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی حەماس-ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان-ئیسرائیل دروست ببێت. تەنانەت ئەمە وای کردووە کە زۆبەری جار گوتار و هەڵوێستی سیاسیی جیاواز و دژبەیەک لە ئەوروپییەکان لە هەمبەر ئیسرائیل و پێدانی چەک بەم وڵاتە دروست ببێت کە دوایینیان هەڵوێستی فەڕەنسایە لەم بارەیەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گەڕانەوە و ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە سەدەی ڕابردوو، ئەوە فەڕەنسا بووە کە گەورەترین یارمەتیدەری ئیسرائیل بووە بۆ دەستبەرکردنی چەک بۆ جەنگ و خۆپاراستنی ئیسرائیل و بەتایبەتی و، تەنانەت بنیاتنانی توانای ئەتۆمیی ئیسرائیل، فەڕەنسا بووە نەک ئەمریکا.
بە شێوەیەکی گشتی، یەکێتیی ئەوروپا بەرژەوەندیی پێکناکۆکیان سەبارەت بەم گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕانە هەیە، بەڵام ترسیان لە سەرقاڵیی ئەمریکا بە ناوچەکە و، هەروەها بەتەنیامانەوەیان لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا (چونکە ئەوروپییەکان لەوە ڕانەهاتوون کە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت ئابووری و دارایییەوە بە تاقی تەنیا بەرەوڕووی ڕووسیا ببنەوە)، وای کردووە کە بەتوندی لە دژی بەرفراوانبوونی جەنگ بوەستنەوە و هەوڵی نێوەندگیری یاخود گوشارکردنە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا بدەن. ئەوەی کە ئەوروپییەکان زیاتر نیگەران دەکات، هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپە لە ئەمریکا، چونکە پێیان وایە کە لەگەڵ ڕووسیا ڕێککەوتن دەکات و تێچووی بەرگری بەتەواوی دەخاتە ئەستۆی ئەوروپییەکان و دەستی ڕووسیا بۆ دەستوەردان لە ئەوروپا ئاوەڵاتر دەبێت و جەنگی ئۆکرایناش بە قازانجی ڕووسیا کۆتاییی پێ دێت و، ئەمەیش ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە و بەم پێیەیش گۆڕانکارییەکی گەورەی جیۆسیاسی ڕوو دەدات.
پێنجەم- وڵاتانی عەرەبی
جێگەی ئاماژەیە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە ڕاددەیەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی فرەجۆر و ئاڵۆزن، کە وا دەکات کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە ڕێگەی گوشار لەسەر ئەکتەرە هاوپەیمانەکانی هەبێت. هەر ئەمەیش وا دەکات کە هاوپەیمانەکانی بەتەواوی-بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی- متمانەی پێ نەکەن و هەوڵ بدەن کەڵک لە هاوسەنگیی سەرووهەرێمایەتی بۆ هاوسەنگیی هەرێمایەتی وەربگرن؛ هەر بۆیە لە ڕێگەی چین و ڕووسیاوە ئێران کۆنترۆڵ دەکەن و لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکانیان باشتر بکەن و بارگرژییەکانیان بسڕنەوە. وشیاربوونەوەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە ستراتیژی و ئاستی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا، بە قازانجی خۆیان و پاشان چین و ڕووسیا شکایەوە و، لووتکەی ئەم وشیاربوونەوەیەش سەرەتا لە بەهاری عەرەبی و پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەمریکا لە گۆڕانکاریی سیاسی لە جیهانی عەرەبی و پاشان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و دڵەڕاوکێ ئاسایشی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە و پاشان لە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بە پاڵپشتیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە سعوودیا[1] و تەنانەت پرۆژەی ئاشی سەدە بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین-ئیسرائیل بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی لە سەردەمی ترامپ، بەتەواوی خۆی دەرخست. هەموو ئەمانەیش وای کرد کە لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکان، بەتایبەتی چین و ڕووسیا و پاشان بە ئیسرائیل و ئێرانیشەوە، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیان بکەن.
هەر بۆیە لە ڕووداوێکی بێوێنەدا، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕتر کردۆتەوە و تەنانەت لە دوایین ڕووداوی دیپلۆماسی لە لووتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) و یەکێتیی ئەوروپا (EU)دا لە ڕێکەوتی ١٦-١٠-٢٠٢٤دا لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا باس لەوە کراوە کە ئێران سێ دوورگەی “تنب الكبرى” و “تنب الصغرى” و “ابوموسى” کە لە دوای دامەزرانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی جێگەی مشتومڕ و ناکۆکیی نێوان ئیمارات و ئێران بووە، داگیر کردووە. ئەمەیش ئێرانی نیگەران کردووە، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕووسیا و لە ساڵی ٢٠٢٢ چین ڕاگەیەنراوێکی هاوشێوەیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو- بەڵام نەرمتر- سەبارەت بەم سێ دوورگەیە هەبووە لە قازانجی ئەو وڵاتانە و لە زیانی ئێران.
هەموو ئەمانە دەری دەخەن کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا پشکی شێریان بەرکەوێت؛ بەو مەرجەی کە نەبنە بەشێک لە پێکدادانەکان و، جەنگ نەگوازرێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە.
شەشەم- کۆماری ئیسلامیی ئێران
ئێران لە دۆخێكی زۆر ئەستەمدایە؛ بەو مانایەی کە لە سەرەتای هێڕشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پاشان گوشار و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست، بە براوەی ئەم جەنگە دادەنرا، بەڵام ڕووداوەکانی پاش ساڵێک دەری خست، کە ئێران زیاد لە پێویست بە بردنەوە گەشبین بووە؛ چونکە کوشتنی بەرپرس و فەرماندە باڵاکانی حەماس و حزبوڵڵا، بەتایبەتی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵا و دوایینیشنیان یەحیا سنوار، لە پاڵ تەقینەوەی ئامێرە پەیجەرەکانی حزبوڵڵا، وای کرد کە خوێندنەوەیەکی دووبارەی بۆ هاوکێشەکان و دەرەنجامەکانی جەنگ و تەنانەت هێز و توانای ئیسرائیل هەبێت؛ هەر بۆیە جگە لە نزیکبوونەوەی زیاتر لە ڕووسیا، بەناڕاستەوخۆ گوشار بۆ سەر ئەمریکا و بەڕاستەوخۆ لەسەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە دروست بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی جەنگ بكەن. چونکە کۆتاییهاتن یاخود لانی کەم لاواز و ناکاریگەرکردنی پرۆکسییەکانی ئێران و بەتایبەتی حزبوڵڵای ئێران، بە واتای شکستی دۆکترینی سەربازی و بەرگریی ئێران دێت کە لە چوارچێوەی جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) و بەرەی بەرخۆدان (جبهە مقاومت) لەسەر بنەمای جەنگی ناهاوتەریب یاخود “حرب غير متكافئة” (asymmetric warfare) لە ناوچە خۆڵەمێشییەکان (grey areas) دانرابوو. ئەمەیش پاش ئەوە هات کە هەم پێکهاتە و سەرکردەی حەماس و حزبوڵڵا لەناو بردران و هەمیش توانا مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانیش نەیتوانی سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت و، ئیسرائیل سوورە لەسەر لێدان لە پرۆکسییەکان و تەنانەت هێرشکردنە سەر ئێران و تێوەگلانی ئێران لە جەنگ.
ئەوەی ڕاستی بێت هەموو ستراتیژیی بەرگریی ئێران لەسەر ئەوە دانرابوو کە ئێران بە هیچ شێوەیەک بەفەرمی و ڕاستەوخۆ لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل تێوە نەگلێت، چونکە ئەوە بە واتای تێوەگلانی ئەمریکا دێت لە جەنگ لە دژی ئێران. هەر بۆیە ئێرانییەکان چ بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئیسرائیل و ڕۆژاوا بێت و چ بەڕاستی بۆ مانەوەیان، هەوڵی گۆڕینی دۆکترینی ئەتۆمی (کە پێشتر ڕایان دەگەیاند کە ناسەربازی و ئاشتییانە و مەدەنییە) و هەنگاونان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدەن.
بۆ کۆماری ئیسلامی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز و داڕمانی ستراتیژیی ئەڵقەی ئاگر (Ring of Fire)ی ئێران لە دەوری ئیسرائیل لە ڕێگەی ناکاریگەرکردن و نەمانی هێزە میلیشیایی و پرۆکسییەکان، بە واتای سەرەتای شکست و تەنانەت ڕووخانی سیستەمەکەیان دێت، چونکە دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا پرسێکی ناسنامەیییە؛ هەرچەندە دەیانەوێت لە ڕێگەی یەکخستن و یەکێتیی گۆڕەپانەکان (unification of the arenas campaign) ئەمە ئەنجام بدەن نەک بەتەنیا.
هەفتەم- ئیسرائیل
بۆ ماوەیەکی کەم لە دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل لە ڕووی هەواڵگری و سەربازی و تەنانەت سیاسییەوە لە دۆخێکی نالەباری ناوخۆییدا بوو، بەڵام ئەم هێرشە ئیسرائیلییەکانی وشیار کردەوە پەیڕەوکردنی دۆکترینی زاحییە-عقيدة الضاحية – (Dahiya Doctrine) لە هەمبەر حەماس ئەوەی دەرخست کە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە ناتوانن بە هەبوونی پرۆکسییەکانی ئێران و بە هەمان دۆکترینەکانی سەربازیی پێشووتر و بە جەنگی سێبەر (Shadow War) و پەیڕەوکردنی ئەوەی بە ستراتیژیی کوشتن بە هەزار برینی چەقۆ (death by a thousand knife wounds) و دۆکترینی مابام (MABAM) ناسراو بە Campaign between the Wars، ئاسایشی خۆیان بپارێزن.
هەر بۆیە ئیسرائیلییەکان بە ڕاگەیاندنی گۆڕینی نەزمی نوێ (New Order)، دەیانەوێت جگە لە لێدان لە پرۆکسییەکان و لاواز و ناکاریگەرکردنیان لە چوارچێوەی دۆکترینی هەشتپێ (Octopus Doctrine)، ئەم جارە پێ دەچێت لە پاش هێرشەکەی ٢٦-١٠-٢٠٢٤ بڕیاری دابێت کە خودی هەشتپێ لە ڕێگەی لێدان لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی لاوازی بکات کە لە داهاتوودا ناوەند و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج.
گەورەترین بەربەستی ئیسرائیل، نەبوونی سنوور و مەودای جوگرافییە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێران ئەم دەرفەتەی لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی خوڵقاندووە و هەر بۆیەیش ئیسرائیل دەیەوێت ئەو دەرفەت و توانایەی ئێران لەناو ببات تاكوو بتوانێت بەهۆی باڵادەستیی تەکنەلۆژی و سەربازیی خۆیەوە گورزی کاریگەر لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات. بۆیە لێدان لە پرۆکسییەکان چەند قازانج و خاڵێکی بەهێز بۆ ئێستا و داهاتوو دەبەخشێتە ئیسرائیل:
١- مەترسیی ڕووداوی هاوشێوەی ٧ی ئۆکتۆبەر، کە بە مەترسیدارترین ڕووداوی ئاسایسی ناوخۆیی دادەنرێت، ناهێڵێت و؛ ئەمەیش ئاسایشی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی زۆر دەستەبەر دەکات.
٢- ئێران ناتوانێت بەناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات و ناچارە بەڕاستەوخۆ ئەمە بکات و لەم سیناریۆ و ئەگەرەیشدا، لە ڕووی هاوسەنگیی هێز و، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە ئیسرائیل براوەیە.
٣- لە داهاتوودا لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئێران ناتوانێت لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات و ناچارە بەڕاستەوخۆ وەڵام بداتەوە و ئەگەر وەڵامەکەیشی سنووردار نەبێت، ئەوە ئەمریکا ناچارە بەرگری لە ئیسرائیل بکات و، ئەمەیش هەم ئامانجی ئیسرائیلە و هەمیش مەترسییە بۆ سەر ئێران. لەم سیناریۆیەیشدا ئێران دۆڕاوی سەرەکییە و بۆ ماوەیەکی نادیار توانا ئەتۆمییەکانی لەدەست دەدات و، هەروەها ئەگەری هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی و شۆڕشی ناوخۆییش بەهێز دەبێت. ئەمەیش سیاسەتی ڕێگریکردنی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە دەگەڕێنێتەوە و بەهێز دەکات و تەنانەت دەرفەت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە ماون و پەیوەندییان نییە، هەموو ئەمانەیش مانەوە و بەردەوامیی ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
٤-نەمانی یاخود لەچەکداماڵینی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان وا دەکات کە چیتر میلیشاکانی لایەنگری ئێران لە سووریا و عێراق و تەنانەت حووسییەکان نەتوانن هیچ هەڕەشەیەکی ئەوتۆ بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکەن، چونکە ئەرکی ئەوان لە ڕاستیدا ئیسرائیل نەبووە بەڵکوو لە ڕێگەی یەکێتیی گۆڕەپانەکانەوە سەرقاڵکردن و گوشارخستنە سەر ئەمریکا و لێدان لە بەرژەوەندیی ئەوروپییەکان بووە بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل. بۆیە بە نەمانیان، ئەوە بەرەی خۆڕاگری کۆتایی دێت و ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئێران جگە لە ڕووی بەرگری و سەربازی، لە ڕووی سیاسییشەوە ترسی لێ هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە نەیارەکانی لە سووریا و عێراق و… لایەنگرانی پەراوێز بخەن.
کۆبەند: هەرێمی کوردستان و سیناریۆی گۆڕانکارییەکان
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وتی: “کارێک بوو کە هیچ شتێکی تر نەیدەتوانی جێگەی بگرێتەوە. ئەوان (حەماس) پیلانێکی گەورەی نێودەوڵەتی (نزیکایەتیی عەرەب و ئیسرائیل)یان بۆ ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بە ڕێگەی “زریانی ئەقسا” لەناو برد و پووچەڵ کردەوە.” هەر بۆیە ئێران ترسی لە هاوبەندی و هاپەیمانیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل هەیە، بەڵام یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانە و تەنانەت جەنگ، گۆڕان لە هاوپەیمانییەکان دەبێت. هەر بۆیە ئێران هەوڵ دەدات (هەوڵی داوە) ئەمە ڕوو نەدات و هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لەم پرۆسەیە.
بۆیە لێرەدا و بەپێی ڕۆڵ و بەرژەوەندیی ئەکتەرەکان کە خرایە ڕوو، دەتوانین گرنگترین سیناریۆکان بۆ هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو:
١- بەردەوامبوونی دۆخەکە: ئەم دۆخە لە قازانجی ڕووسیا و چینە، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت ئاگربەست دروست ببێت؛ چونکە هەم گوشاری ڕای گشتیی لەسەرە و هەمیش ئەگەری لەکۆنترۆڵ دەرچوونی هەیە. هەروەها ئێرانیش هەست بە مەترسی و دڵەڕاوکێی ئاسایشی دەکات کە قۆناغ بە قۆناغ پرۆکسییەکانی بکرێنە ئامانج. لەم چوارچێوەیەیشدا دەیەوێت تاوەکوو ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ کە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی دێت و چیتر دەوڵەتانی ئەوروپی و ڕووسیا و چین ناتوانن میکانیزمی ماشە، ناسراو بە snapback mechanism چالاک بکەن، جۆرێک لە ڕێککەوتن و ئاگربەست لە ئارادا بێت و پاش ئەو ڕێککەوتنە دەستی کراوەتر دەبێت و هێزە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکەدا خۆی ڕێک دەخەنەوە و تەنانەت دەتوانێت دۆکترینی ئەتۆمیی خۆی بگۆڕێت. هەروەها ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هاتنەسەرکاری ترامپ یان هاریس. لەم سیناریۆیەدا، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن یان بارگرژیی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا دەمێنێتەوە.
٢- بەرزبوونەوەی بارگرژییەکان و جەنگێکی سنووردار: لەم سیناریۆیەدا هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لە پێکدادانەکان (هەرچەندە سنوورداریش بێت)، چونکە ئێران دەیەوێت لە ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگ هەموو ناوچەکە بکاتە بەشێک لە جەنگەکە. ئەمە مەترسیدارترین سیناریۆ دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە جەنگێکی بەرفراوانی ناوچەیییش، چونکە ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە هێرش دەکاتە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان (نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە، چونکە دەیەوێت سنووردار بمێنێتەوە).
ئەم سیناریۆیەیش بە قازانجی چین و ڕووسیا دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر گەرووی هۆرمز دابخرێت یان هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، بە قازانجی ڕووسیا دەبێت؛ بەڵام لانی کەم لە کورتمەودادا لە زیانی چین دەبێت. لەم سیناریۆیەدا عێراق دەبێتە بەشێک لە گۆڕەپانەکە.
٣- جەنگێکی هەرێمایەتی: لەم سیناریۆیەدا ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ئێران، ئەوە لە زیانی چین و ڕووسیا دەبێت، چونکە ناوچەکە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و بەم پێیەیش لایەنگرەکانی، وەکوو وڵاتانی عەرەبی، چیتر پێویستیان بە ڕووسیا و چین نابێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران. داهاتووی ئەم سیناریۆیە دەتوانێت لە قازانجی هەرێمی کوردستاندا بێت، سەرەڕای مەترسییە جددی و وێرانکەرەکانی.
٤- ئەگەری ئاگربەست و ڕێککەوتن: هەرچەندە پێشبینی دەکرێت (ئەگەر دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت و هێڵە سوورەکان نەبەزێنرێت) تاوەکوو سیاسەتی ڕێگریکردن (Deterrence)ی هەر یەکە لە ئێران یان ئیسرائیل نەیەتە دی، ئەوە پێ دەچێت بارگرژی و پێکدادانەکان بەردەوام بێت. هەموو هەوڵەکان لە ناوچەکە بۆ هاتنەدیی ئەم سیناریۆیەیە، بەڵام ئەم سیناریۆیە لە ئێستادا بەربەست و ئالنگاریی زۆری لەبەردەمدایە و ئیسرائیل خۆی بەربەستی سەرەکییە و، نایەوێت ئەم دەرفەتەی پاش هێرشی ١-١٠-٢٠٢٤ی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەدەست بدات و، ئێرانیش ئەگەر هێرشی کوشندەی بکرێتە سەر دامەزراوە و ناوەندە ئەتۆمی و نەوتییەکانی و تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی، ئەوە بەناچاری وەڵامی سەربازیی توندی دەبێت و لەم ئەگەرەدا ئێران دەکەوێتە ناو ئەو تەڵەیەی کە پێشووتر بە “تەڵەی نەتانیاهۆ” پێناسەیان دەکرد و ستراتیژیستەکانیان هۆشدارییان لەبارەیەوە دەدا.
هەموو ئەم سیناریۆ و ئەگەرانە، پەیوەستن بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە: ١- ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ٢- ئامانجەکان، ئاست و قەبارەی لەناوبردنی پرۆکسییەکانی سەر بە ئێران و لە بەرامبەریشدا وەڵامدانەوەی ئێران. بەڵام لە هەموو سیناریۆکاندا ئیسرائیل ناتوانێت لەگەڵ هەڕەشە وجوودییەکانی ئێستا بەردەوام بێت و بۆیە دەیەوێت باڵادەستی و هەژموونی خۆی بپارێزێت و، ڕێگەیش نادات چیتر پرۆکسییەکانی ئێران لە لایەک و مووشەک و چەکی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایش و مانەوەی ئەو وڵاتە. بەڵام ئەگەر ئێران نزیک ببێتەوە لەوەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوە ڕووخانی سیستەمەکە لە ناوخۆ دەبێتە ئەگەرێکی حەتمی و بەشێک لە ستراتیژیی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوا. بۆیە دەتوانین بڵێین هاوسەنگیی نوێی هەرێمایەتی دەتوانێت لە قازانجی هەرێمی کوردستان بشکێتەوە، ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەیییان تێدا بێت.
[1] – هەر ئەمەیش وای کردووە لە دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا بەڵێنی پاڵپشتی بە سعوودیا داوە لە ئەگەری هێرشی ئێران یان هاوپەیمانەکانی. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، ئەم دڵنیایییە لە چوارچێوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا بەهۆی سیاسەتی ئیسرائیل و هەڕەشەکانی ئێران پێشکەش کراوە. سعوودیا و وڵاتانی دیکەی کەنداو لەم دوایییانەدا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری تێوەگلان لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی سیاسەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژ بە ئێران و ئەگەری وڵامدانەوەی ئێران دەربڕیوە. لەم پێوەندییەدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەشتی بۆ سعوودیا و قەتەر ئەنجام داوە بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانانی ناوچەکە کە خۆیان لە مەترسیدا دەبینن.