دواین هەواڵ

سوێندی سەرۆک و نەخشەڕێگای چارەسەری

‌تەنیا کوردی

21 کاتژمێر پێش ئێستا

سوێندی سەرۆک و نەخشەڕێگای چارەسەری

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، زۆر ڕاشکاوانە لە دیمانەی لەگەڵ کەناڵی شەرقیە پەیامی دا بە تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق کاتێ فەرمووی سوێند دەخۆم ئەگەر عێراق چارەسەری پرسی ئەم گرووپە چەکدارانە نەكات، ئەوا ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە و دووچاری دابڕانێکی هەرێمایەتیش دەبێت.

 

ئەم سوێندەی سەرۆک لە قوڵایی ئاگایی ناوچەکە و نێودەوڵەتییەوە دێت، لە قوڵایی هەنگاوەکانی و نەخشەڕێگای چارەسەرییەوە دێت بۆ ئەم پرسە، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و لە بەغدا لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت، بە خەمێکی قووڵەوە بۆ ئەوەی عێراقی فیدڕاڵ نەکەوێتە ژێر دابڕان، کە پێش هەموو شتێک هاووڵاتی دەخاتە ناو قەیرانی قووڵ و شەڕ و کاوڵکارییەوە، بۆ داھاتووی عێراقێکی فیدڕاڵ بەگوێرەی ئەو متمانەی کە ھاوڵاتیان بە ھەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقەوە دەنگیان بە دەستوور داوە و لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە عێراقی فیدڕاڵ دروستبووە، سەرۆک سوێندی دڵنیایی دەخوا وەک ھۆشداریی و ھەمیش وەک چارەسەری.

ئەم هۆشدارییە لە دەوڵەتدارێکی پڕئەزموون، کارەکتەرێکی باڵای دیپلۆماسی، و سەرۆکێکی متمانەپێکراوی ناوخۆیی، عێراقی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە دەدرێت و هۆشدارییەکی مێژووییە، کە پەردە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵە هەڵدەتەکێنێت کە عێراق خەریکە تێیدا نقووم دەبێت.

بۆ تێگەیشتنی قووڵایی ئەم سوێندە وەک وێستگەیەکی وەرچەرخان، دەبێت لە چەند ڕەهەندێکی ستراتیژییەوە بیخوێنینەوە:

١- مەترسیی ڕاستەقینەی دابڕان (Isolation)
جیهانی مۆدێرن و سیستمی ئابووریی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای متمانە، سەروەری و پێشبینیکردنی دەوڵەتان کار دەکەن. کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەو ڕاستییە تاڵە دەکات کە وڵاتانی عەرەبی دراوسێ و ناوچەکە، لە سەرووی هەموویانەوە ئیمارات، سعودیە و قەتەر، بە پەرۆشەوە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن و دەرگای خێر لەسەر ئەم وڵاتە بکەنەوە، بەڵام هیچ هێزێکی ئابووری یان دەوڵەتێکی گەورە ئامادە نییە سەرمایە و پەیوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە لەگەڵ وڵاتێکدا کە بڕیاری سیاسی و ئەمنی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە بارمتە بگیرێت.

٢- پابەندبوون
کاتێک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا پرسی: عێراق چی دەستکەوتووە لەم گرووپانە؟ جەخت دەكاتەوە کە کۆکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی چەک کە.لە دەست دەوڵەت بێت، پابەندبوون نییە بەرامبەر بە ئەمریکا، بەڵکوو دەست بۆ بنەما سەرەکییەکەی دەوڵەتداری دەبات کە دەبێ یەکەم جار ئەم هەنگاوە لە پێناو عێراقی فیدڕاڵدا بنرێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵە جەوهەرییەیە کە لە فەلسەفەی سیاسی و واقیعییەتدا، دەوڵەت ناتوانێت خاوەنی بڕیار بێت گەر لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی یاسادا بێت.

ئەگەر گرووپێک زیاتر لە هەزار جار هەرێمی کوردستانی بۆردومان کردبێت، ئەوا پرسیارەکە تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو پرسی بوون و نەبوونی سەروەریی تەواوی عێراقە.

٣- نەخشەڕێگای دەربازبوون
ئەم دیمانەیە بانگەوازێکی پراگماتیکییە بۆ تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق تاوەکو پشتیوانیی کابینەی فیدڕاڵ بکەن، بۆ ئەوەی عێراق لە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی دەرەکی و نەچوونە حاڵەتی گۆشەگیریی داهاتوو بگەڕێنرێتەوە سەر ڕێڕەوی ئاشتی، دیالۆگ و هاوسەنگیی هەرێمی.

لەم گۆشەیەوە، سوێندی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دواین زەنگە بۆ ڕزگارکردنی چارەنووسی دەوڵەتێک، بۆ بەئاگاهاتنەوە، دەربازبوون لە قەیران، و بوون بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵ و دیموکراسی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP