دواین هەواڵ

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هونەری هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا

‌تەنیا کوردی

2 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئانتالیا جارێکی دیکە دیپلۆماسییەتی بەهێز و پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی لەم ساتەوەختە پڕ لە ئاڵۆزییەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا پێناسەکردەوە. لە جیهانی سیاسەتدا، ئەگەرچی ڕاستە جوگرافیا چارەنووسە، بەڵام پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیەتێک بەم قووڵاییە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر ئەم جوگرافیا ناسەقامگیرەوە هەبووە کە بووەتە کلیلێک بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ڕوشن بۆ پێگەی هەرێم.

لەم تەوقیتەدا کە دەنگی جەنگ بەرزە، لە دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەسەر مێزی گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و سەرکردەکانی دیکە، هەمیشە ئارامییەک هەست پێ دەکرێت ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کە لە ناوچەیەکدا زمانی چەک زاڵ بێت، تەنیا دەنگی ژیرانە دەتوانێت ڕێگەی داهاتوو ڕوون بکاتەوە. ئەمڕۆ ئەو دەنگە ژیر و دیپلۆماسییەتە بەهێزە بە هەمووان دەڵێت: ئێمە بەشێک نین لە جەنگ، بەڵکو بەشێکین لە چارەسەر.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو هێمنی و دیدە ستراتیژییەی هەیەتی، نیشانی ناوچەکەی دا کە هەولێر تەنیا پایتەختی هەرێم نییە، بەڵکو ناوەندێکی ستراتیژیی هاوسەنگە بۆ سفرکردنەوەی گرژییەکان، کە زۆر ھەوڵدرا ھەرێم بخزێننە نێو جەنگێک، بەڵام ئەمە رووینەدا،  هەر ئەمەش بوو وایکرد سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی سەرۆکی هەرێم بکات کە نەیهێشت هەرێم ببێتە بەشێک لەو ئاگرەی ناوچەکە وەک چۆن دەگوترێت "نایابترین هونەر ئەوەیە بتوانیت لە ناو گەردەلوولدا، کەنارێکی ئارام بدۆزیتەوە." سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئانتالیا ڕێک ئەم هونەرەی نیشان دا  کە مادام جەنگەکان هەر لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆتاییان دێت، کەواتە بۆچی هەر لەوێوە دەست پێ نەکرێ بۆ ئاشتەوایی و متمانە.

ئەم دیدگایەی نێچیرڤان بارزانی، نەک تەنیا گوزارشت لە بەرژەوەندیی هەرێم دەکات، بەڵکو تورکیاش بەرەو پێداگری زیاتر لەسەر ئاشتیی ناوخۆیی، هان دەدات.

هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لای مێژوونووسان بەو جۆرە دەمێنێتەوە کە لە کاتی قەیرانەکاندا، سەرکردەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە "زمانی هەڕەشە بگۆڕێت بۆ زمانی هاوبەش." لێکتێگەیشتنی بەهێزی نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆماری تورکیا و هاوڕابوونیان لەسەر ئاشتەوایی، دەرەنجامی جێگیرکردنی متمانەیەکی گەورەیە کە دەیسەلمێنێت هەردوولا بۆ سەقامگیری و متمانەو بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکان وەک ھەولێر و ئانکارا،  پێویستیان بە یەکدییە.

 

دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێن کە "هێز لە هاوارکردندا نییە، بەڵکو لەو حیکمەتەدایە کە نەیار بکەیتە هاوبەش." ئەمە ڕێک ئەو دیپلۆماسییە مۆدێرنەیە کە هەرێمی کوردستانی وەک یاریزانێکی سەرەکی و هەمیشەیی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هێشتووەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP