دواین هەواڵ

کۆشکی بێ بزمار

‌تەنیا کوردی

پێش 1 هەفتە

کۆشکی بێ بزمار

تەنیا کوردی

لەم شەڕە سیاسی و دۆخە میدیاییەی لەم قۆناغەدا لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەیە، سەرنجتان دەخەمە سەر چیرۆکێک کە ژاپۆنییەکان لە کۆندا لێی تێگەیشتوون، ئەویش کۆشکی بێ بزمارە.

تەلارسازەکانی ژاپۆن، کۆشکێکی زۆر گەورەیان دروستکرد، کۆشکەکە سەرتاپای لە تەختە بوو بێ ئەوەی یەک بزمار تێیدا بەکاربێ، ھەموو پارچە دارەکان، بە جۆرێکی ئەندازیاری وا رێک بڕدرابوون کە لەنێو یەکدا دەچەقین، ئەمە بۆ ئەوەبوو ھەر زەمینلەرزەیەکی بەھێز رووبدا کۆشکەکە نەروخێ، بەڵکوو دارەکان بەنەرمی لەگەڵ جولەی زەمینلەرزەکە بجوڵێن و کۆشکەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بزمار بەکارھاتبا ئەوا کۆشکەکە لەگەڵ زەمینلەرزەکە دەشکا.

رێک لەم قۆناغەدا گەر خوێندنەوە بۆ قەوارەی ھەرێم بکەین، لە تێگەیشتن لەم چیرۆکەی کۆشکی بی بزمار، دۆخەکە رووندەبێتەوە، یەکەم تێگەیشتن ئەوەیە کە قەوارەی ھەرێم  پێویستی بە بزماری حزبی نییە کە ھەر ھێزو لایەنێک بێت بزمارێک بۆ لێکترازان دابکوتێت، ھەرێم ھەر خۆی کۆشکێکە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و کۆدەنگی نیشتمانی شەرعیەتی دەستووری وەرگرتووە، کاتێ حزبەکان لە جیاتی یەکگرتوویی خەریکی داکوتینی بزماری بەرژەوەندی بن، ئەوا بناغەی ئەم کۆشکە بە زەمینلەرزەیەکی سیاسی لاواز دەبێ، فشاری ناوچەیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی دێتەسەر، ئەم دۆخە بە لێکتێگەیشتن چاک دەبێ، نەوەک بە داکوتینی گوتاری بزماری.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە دووربینیی خۆیەوە ھەموو شتێکی راشکاوانە بە هەموو ھێزە سیاسییەکان گوتووە، لەسەر ئەم ھێزانەیە کە تێبگەن لەم قۆناغەدا لەپێناو ھەرێمێکی بەھێزدا چی دەکەن.

 
-سەرۆک دەیەوێت حزبەکان بەیەکگرتوویی تەواوکەری یەکتر بن بۆ کوردستانێکی بەھێز، ئەگەر هەر لایەنە و بە شێوازێکی جیاوازیش کار بکات، بەڵام هەموویان بە جۆرێک لە پرۆژەی نیشتمانیدا چەقێنرابن کە هیچ هێزێکی دەرەکی نەتوانێت لێکیان دابڕێت.

- کاتێک میدیاکان باس لە لاوازی و نەمانی قەوارە دەکەن، لە جیاتی ئەمە دیقەتی گوتاری سەرۆکی ھەرێم بدەن، ئەوکاتە تێدەگەن وەک چیرۆکی کۆشکە بێ بزمارەکە، کە ئەو بزمارانەی خۆمان لە ماڵی خۆماندا بە زمان و گوتار و میدیا و سیاسەت لەیەکتری دەدەین، ئەگەر ئەمە ھۆکاربێ بۆ لاوازبوون،  ئەگەرنا کاتێک هێزەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ یەک دەگرنەوە، ئەو بزمارانە (ناکۆکییەکان) لادەبرێن، قەوارەکە دەبێتە قەوارەیەکی نەرم و بەهێز کە لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکی جیھانیدا، خۆی دەگونجێنێت و بەهێزتر دەبێت.

لە گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا زۆر روونە بۆ ھێزە سیاسییەکان ئەگەر بمانەوێت بمێنین و بەهێز بین، دەبێت وەک ئەو کۆشکە بێت، کە هێزەکەی لە پێکەوەبەستنی ژیرانە و نەرمی و یەکگرتووییدایە.

بۆ میدیاکان، لە جیاتی دروستکردنی چەندان چیرۆک بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێم نەمێنێ، گرینگە ھەمووان فۆکس بخەنە سەر حزبە سیاسییەکان کە زیاتر کۆدەنگ و نیشتمانی بن، چونکە کاتێک حزبەکان بە ئیرادەی کوردستانییەوە دەبن بە یەک جەستە، هیچ دەستێک  ناتوانێت قەوارەی ھەرێم لاوازبکات، ئەوەی دەمانهێڵێتەوە، چەک و بزماری ناچاری نییە، بەڵکو ئیرادەی یەکگرتووی هێزە سیاسییەکانە کە کوردستان دەکەنە کۆشکێکی بەھێزتر و پڕ دەسکەوتر و درەوشاوەتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP