دواین هەواڵ

بەردەکەی سیزیف

‌تەنیا کوردی

پێش 1 هەفتە



دەستکەوتی زۆر بەدیھاتوون، قەوارە ھەیە، مێژوو ھەیە، بەڵام زۆر جار لە سیاسەتدا بەھۆی دابەشکاری و پەرتەوازەیییەوە، وەک ئەفسانەی سیزیف، پارتە سیاسییەکان بەردێکی گەورە دەخەنە سەر شانیان، کە سەنگ و قورساییی نیشتمانە هەموو جارێک بە ماندووبوونێکی زۆرەوە، بەردەکە بەرەو لووتکەی دەستکەوت و شکۆ دەبەن، بەڵام هەر کاتێک دەگەنە نزیک لووتکە، بەھۆی دابەشکاری و پەرتەوازەیی، دەستکەوتەکان خەریکە بەرەو لێژی ڕایاندەماڵێتەوە، ئەوە سزای مێژوویییە سزای پەرتەوازەیی، ئەو بازنە کوشندەیەی کە هەمیشە دەستکەوتەکانمان لە لووتکەوە بەرەو کەوتن ڕادەکێشێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوێنێ لە دھۆک و زاخۆ، ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان، سبەی لە ھەولێر، رۆژانی تر لە بەغداو ناوچەکە، تا ڕێگری لەم سزایە بکات، ئەو بە دیدگایەکی قووڵەوە ھەموو جار دەڵێ: بەسە.. ئەو ناهێڵێت وەک سیزیف، هەمیشە لە بەردەم لێژییەکدا بین کە دەستکەوتەکانمان بکەونە خوار. 

ئەو دەیەوێت بەردەکە لەسەر شانی لایەنێک نەمێنێتەوە، بەڵکوو بە یەکگرتوویی و یەک ناسنامەیی، بەردەکە لەسەر شانی هەموومان جێگیر بێت. ئەو کارەکتەرە بەھێزە، دەیەوێت لووتکە بکاتە جێگایەکی هەمیشەیی، نەک شوێنێک کە تەنیا بۆ ساتێک پێی بگەین و دواتر بکەوینە خوارەوە.

نێچیرڤان بارزانی فێرمان دەکات کە چۆن لە  سزای مێژوو ڕزگار بین، ئەو فێرمان دەکات کە چارەنووس تەنیا ئەوە نییە کە بەسەرماندا دێت، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن ڕێگری لەو خلۆربوونەوەیە دەکەین.


لە قەڵاچوالان، لەو ساتەدا کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕووی لەو نەوە نوێیەی پێشمەرگە کرد، ئومێدی پێبەخشین کە ئیتر تەواوکردنی ڕێگەکە، ڕێگەی یەکگرتن و یەککخستن و گەرەنتیکردنی داھاتوو، لە پارێزگاریی شکۆی نیشتمان دایە، نابێ لە دەوری بازنەیەکدا بخولێنەوە، چونکە مانەوە لە لووتکەدا واتە بەردەوامی و تێکۆشان و خزمەتکردنی کوردستان.


نێچیرڤان بارزانی فێرمان دەکات کاتێک باسی یەکگرتنی پێشمەرگە دەکات، بابەتەکە ھەر چەک و یاسا نییە، بەڵکوو باسی دروستکردنی بنکەیەکی پتەوە بۆ ئەوەی بەردەکە، کە شکۆ و داھاتووی کوردستانە، هەرگیز لە لووتکەوە نەکەوێتە خوارەوە.

ئەو پەیامەی پێمان دەدات، بانگەوازێکە بۆ ئەوەی لە زیندانی برینەکانی ڕابردوو بێینە دەرەوە و ڕێگە نەدەین پەرتەوازەیی، وەک مرۆڤ و وەک نەتەوە لە ونبووندا نقووممان بکات. 

نێچیرڤان بارزانی پێمان دەڵێت: بەرپرسیارێتی ھەر جێبەجێکردنی فەرمان نییە، بگرە پاراستنی ئەو دەستکەوتە گەورانەیە کە بە خوێن و خەبات بەدەست هاتوون.

نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی ستراتیژی و دوورمەودا ڕێگەکەمان نیشان دەدات کە بەردەکە دەخاتە سەر لووتکەی سەقامگیری و بە ئیرادەوە، ڕێگری لە خلۆربوونەوەی دەکات.

 ئەو فێرمان دەکات کۆتایی بە سیزیفبوون بهێنین؛ چونکە لە کۆتاییدا، شکۆمەندیی سەرکردە لەوەدایە کە بەردەکە لە لووتکەدا ڕابگرێت، نەوەک هەمیشە بەدوایدا ڕابکات، بۆ ئەوەی ئەزموونەکە لە ڕاکردنێکی بەھەدەر نەبێت، پێویستە ھەمووان ئەم دەستکەوتانەی بەدی ھاتوون بە یەکگرتوویی، مانادارتر بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP