ڕوونتر دەرکەوت کە دیموکراتەکان هەردوو ئەنجومەنیان بردووەتەوە. دوای 3ی 11، کۆنگرێس ناتوانێت جەنگی ئێران بوەستێنێت، بەڵام دەتوانێت ئاستەنگ بۆ جەنگێکی فراوان و گران دروست بکات.
بەو مانایەی کە ترەمپ و بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەتوانن هێرشی گران، بەڵام کورتخایەن ئەنجام بدەن؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە جەنگێک ڕوونەدات کە پارەیەکی زۆری تێبچێت.
لەم سۆنگەیەوە، سێ بژاردە لە بەردەم ترەمپدان، ئەوەیە کە خێرا و پێش دانیشتنی کۆنگرێسی نوێ، شتێکی بەرچاو بکات؛ جا یان هاوسەنگییەکی لە چوارچێوەی جەنگی نەرمدا، یان ڕێککەوتن ئەنجام بدات.
من پێم وایە لە هەفتەکانی داهاتوودا، ئەگەری هێرش و ئەگەری ڕێککەوتن هەردووکیان لە بەرزترین ئاستی خۆياندان. ئەم شرۆڤەیەی من لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە:
یەکەم: ئاسۆی کاتیی ترەمپ لە ئاسۆی حیزبەکەی جیابووەتەوە
ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەنجامی هەڵبژاردن کاریگەریی نابێت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، چونکە خۆی کاندید نییە.
جا لەم حاڵەتەدا، پارتی کۆماری و جەی دی ڤانس زەرەرمەند دەبن.
مانشێتەکانی واشنتن ئگزامینەر ئەوەیان نیشان دەدا کە جەنگی ئێران هەڵوێستی ڤانس بۆ ساڵی 2028 دەخاتە بەر تاقیکردنەوە و دەشێت دانوستانەکان دەرفەتی پێ بدەن.
دەبینرا کە کاندیدەکانی پارتی کۆماری هەوڵی دوورکەوتنەوە دەدەن لە ترەمپ، بەتایبەتی لە بابەتی جەنگدا.
ئەمەش دروست دێتە بەرچاو، چونکە ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی هەبوو لەسەر ئەوەی کە ڕاوێژکارانی سەرۆک دەیانویست جەنگەکە تا هەڵبژاردن لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بهێڵنەوە.
جەنگێک کە کۆمارییەکان بەم هەموو تێچوونە لە ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوەیان برد، ئەمە ناگەیەت کە کۆماریخوازان نایانەوێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 ببەنەوە؛ چونکە لە ڕاستیدا، هەندێک جار وادەهاتە بەرچاو کە کۆمارییەکان هەموو شتێک بکەنە قوربانیی پۆپۆلیزم، بەڵام ڕەفتارەکانیان پێچەوانەی ئەوە دەردەخات. ئەوەی دەیبینین، دووبەرەکییەکی دیکەیە.
لە لایەکەوە، سیناتۆرە کۆماریخوازەکان چەند جارێک پڕۆژە بڕیارەکانی دەسەڵاتی جەنگ یان پەکخستووە، و لە لایەکی ترەوە، لە ئەنجومەنی نوێنەراندا تەنیا چوار کۆماریخواز لەگەڵ دیموکراتەکاندا دەنگیان داوە.
هەروەها پڕۆژەبڕیاری دەسەڵاتی جەنگ تەنیا بە 215 دەنگ بەرامبەر 208 دەنگ پەسەند دەکرا؛ بەڵام ئەم ژمارەیە زۆر کەمترە لەو ڕێژەیەی (دوو لەسەر سێی ئەندامان) کە بۆ تێپەڕاندنی یاساکە بەسەر ڤیتۆی سەرۆکدا پێویستە، بۆیە کۆنگرێس ناتوانێت ڤیتۆکەی بشکێنێت.
کەواتە بەگوێرەی نەتیجەی هەڵبژاردن ڕاستە دیموکراتەکان برانەوە، بەڵام ڤیتۆی سەرۆکیان پێ ناشکێت.
دووەم: کۆنگرێس هەفتەی دووەمی جەنگ کۆنترۆڵ دەکات، نەک هەفتەی یەکەم
هێرشی کەمەرشکێن بە پارەی چاکی بەردەست دەکرێت؛ بەپێی سەرچاوە گرنگەکان، تێچووی جەنگەکە تا ئێستا نزیکەی 47 ملیار دۆلارە.
ڕوونە کە چەک و تەقەمەنی( کە نابێت لە کەمی بدات و دەبێت بەردەوام بڕژێنرێتە مەکینەی جەنگەوە بۆ درێژەپێدانی ئۆپەراسیۆنەکان) پارەی نوێیان دەوێت.
داواکارییە 87.6 ملیار دۆلارییەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپ (کۆشکی سپی)ـیەوە پێشکەشی کۆنگرێس کرابوو بۆ دابینکردنی خەرجییە سەربازییەکان؛ لەم بڕە پارەیە، نزیکەی 21 ملیار دۆلاری تایبەت کرابوو بە دابینکردنەوە و کڕینی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا بەکارهاتبوون. شوێنی یەکلاکردنەوەی هەموو ئەم پرسانەش کۆنگرێسە.
سێیەم: دەرفەتی شەست ڕۆژە
کۆنگرێس لە 9ی 11دا دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەکانی (لە پشووی هەڵبژاردن)، و 11ی 12 کۆتایی هاتنی بودجەی ئێستایە. تا دانیشتنی کۆنگرێسی نوێ لە سەرەتای مانگی یەک دا ، کۆماریخوازان هێشتا کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنەکە دەکەن.
ئەمەش دوا دەرفەت و کاتێکە کە دەتوانن تەمویلی جەنگ بێ گەڕانەوە بۆ دیموکراتەکان تێپەڕێنن. سەرچاوەیەک دەنووسیبووی کە هەندێک لە یاریدەدەرانی کۆماریخوازان چاوەڕێی دواکەوتنی پاکێجی پارەی جەنگ دەکەن بۆ کانوونی دووەم؛ ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا ئەو دەرفەتە زێڕینەیان لەدەست دەچێت.
با لێرەدا دەرفەت بە ڕای جیاوازیش بدەین کە دەڵێن: کۆنگرێس بێ دەسەڵاتە و ترەمپ دوو ساڵی بێمنەتی هەیە.
لە ڕووی دەستوورییەوە هیچ یاسایەک بێ واژۆی سەرۆک تێناپەڕێت، و تێپەڕاندنی ڤیتۆ بە دوو لەسەر سێ لەم دۆخە سیاسییەدا کارێکی ئەستەمە؛ کەواتە کۆنگرێس ناتوانێت ترەمپ ڕابگرێت. بەشی زۆری ئامرازەکانی ئەم جەنگە، وەک گەمارۆ و هێرشی ئاسمانی و تێکدانی ئامانجەکان، پارەی نوێیان ناوێت.
کۆماریخوازان لە دەنگداندا لەگەڵ ترەمپ ماونەتەوە، کەواتە بە کردەوە تێچووەکەیان قبووڵ کردووە. دوو ساڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاتێکی کەم نییە. ترەمپ خۆی دەڵێت هێشتا شوێنی مەبەست لە ئێرانئ هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێن.
ئەم دووبەرەکییە پێشتریش هەبووە؛ دوای هەڵبژاردنی 2006 دیموکراتەکان کۆنگرێسیان بردەوە، بەڵام جۆرج بوش لە 2007دا هێزی زیاتری نارد بۆ عێراق و کۆنگرێس نەیتوانی ڕایبگرێت.
سەبارەت بە مەغزای جەنگەکەیش، ئامانجی ترەمپ و ناتانیاهۆ جیاوازن؛ ئامانجی ئیسرائیل، بەپێی نەتانیاهۆ، گۆڕینی رژێمە. هەشت مانگ لە جەنگ ئەمەی نەهێنایە دی، و گالستۆن نووسیویەتی کە ئێران هێشتا زۆربەی مووشەکەکانی ماوە، و سەرچاوەی دیکەیش دەڵێن کە رژێم لەوە بەهێزترە کە ئاسان بڕوخێنرێت.
کەواتە، چی دەکەن کە لە هەشت مانگی ڕابردوودا نەیانکرد؟
لە بەرامبەردا، ئامانجی ترەمپ ( بە قسەی خۆی ) سەرکەوتنێکی خێرا و گەرەنتیی ئەتۆمییە، و لەگەڵ ئەوەشدا دانوستان دەکات.
ڤانس نامەیەکی بۆ ڕەزایی ناردووە کە ڕەزایی دەڵێت تۆنەکەی بە تەواوی گۆڕاوە. نەتەنیاهۆ ئێستا سەرۆکوەزیرانی کاتییە، کەواتە ترەمپ و ئیسرائیل دوو لایەنن بە ئامانجی جیاوازەوە، و ئەم جیاوازییە خۆی دەکرێت ببێتە هۆی کێشە.
ئەگەر دەسەڵاتی ڤیتۆ یاساکە بپارێزێت، ئەوا تێچووی سیاسی نەدەگەیشتە حیزبەکەی. بەڵام نرخی نەوت (Brent) گەیشتووەتە 117 دۆلار (لەبری نزیکەی 72 دۆلار پێش جەنگ) ، و ڕاپرسیی (NBC) دەڵێت 62٪ی دەنگدەران بڕیاری جەنگ بە هەڵە دەزانن.
واتە ڕێگری لە ڕێگای دەستوورییەوە نایەت، بەڵکو لە ڕێگای قازانجی سیاسیی کۆماریخوازانەوە دێت، ئەوەش لەگەڵ لقی یەکەمی ئەم شرۆڤەیەمدا دەگونجێت نەک لەگەڵ دژەئارگومێنتەکەدا.
کۆماریخوازان تا ئێستا بەو دۆخەن کە هێشتا زۆرینەیان هەیە و هەڵبژاردن نەکراوە. دوای ئەوەی هەردوو ئەنجومەنیان دۆڕاند، ئەو حسابە گۆڕا؛ بۆیە بەکارهێنانی ڕەفتاری پێش هەڵبژاردن بۆ پێشبینیی دوای هەڵبژاردن بەڵگەیەکی لاوازە، و ئەمە دەکرێت لە دەنگدانی دوو مانگی داهاتوودا تاقی بکرێتەوە.
نموونەی 2007 بە جدی لاوازیی بەشێکی شرۆڤەکەم دەردەخات: کۆنگرێس ئەوکات هەوڵی مەرجدارکردنی پارەی دا، جۆرج بوش ڤیتۆی کرد و لە کۆتاییدا بەبێ مەرج پارەکە درا، چونکە بڕینی پارە لە کاتێکدا سەرباز لە مەیداندایە سیاسەتێکی مەترسیدارە.
ئەمە گرێدراوە بە پێشبینیی "کۆنگرێس دۆخەکە قورس دەکات". بەڵام جیاوازییەکی ڕاستەقینە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە جەنگی ئەمڕۆ زۆرتر ئاسمانی و دەریاییە و ترەمپ خۆی دەڵێت "چەند مانگە جەنگ نەکراوە"(چەند کاتژمێرێکی نەبرد قشمی بۆمبارانکرد) و پارەیان خەرج نەبووە، بۆیە بڕینی پارەی چەک و ئۆپەراسیۆنی نوێ کەمتر کۆتاییی یارییەکەیە.
سەرەنجام وای دەبینم کە کۆنگرێس دۆخەکە قورس دەکات، نەک ئەوەی جەنگ ڕابگرێت.
• Time: Democrats win control of both House and Senate (time.com)
• Brookings: بیل گالستۆن: The political consequences of the Iran war (brookings.edu)
• Alhurra: 3 Ways the US Midterm Elections Could Reshape the Middle East (alhurra.com)
• No Labels: The 2026 Lame-Duck Session (nolabels.org)
• PBS: House Republicans adopt $95 billion package (pbs.org)
• Al Jazeera: Mediators continue US-Iran negotiations (aljazeera.com)
• Al Jazeera: Iran's calculations as US escalation looms (aljazeera.com)
• The Federal: After the midterms, will Trump resume Iran war? (thefederal.com)
• Majalla: Why Iran's militant Kurds stayed out of the US-Iran war (majalla.com)
• Slate: The Iran War Might Sink Republicans Next Week (slate.com)
• NBC News: Exit poll (nbcnews.com)
• CNBC: Trump says U.S. will not attack Iran before midterm election (cnbc.com)
• Responsible Statecraft: These desperate Republicans are jumping Trump's Iran war ship (responsiblestatecraft.org)