بڕواناکەم لەم هەسارەیەداو لەوحەوت ملیارو قسور مرۆڤەی لەسەری دەژیت دوو مرۆڤ بدۆزیتەوە کە (جەنگ ) کردەیەکی ئەخلاقی بزانێت و ستایشی جەنگ بکات، تەنانەت بەو جەنگاوەرانەی ئێستاش لەدۆخی شەڕدان! نەمبینیوەو نەمبیستوە، فەلسەفەو ئایدۆلۆژیایەک بێ لۆچ و پێچ جەنگ بەئەرێنی بنرخێنێ، کێ ناڵێ نەفرەت لەشەڕ،
کێ دۆخی شەڕ بەد ناکات؟ بۆ جەنگ جگە لەمەرگ و وێرانە چی تری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟ کەئەمە ریاڵیەتی جەنگەکانە ئەی بۆ دوو جەنگی جیهان و چەندان جەنگی ناوچەیی و دەوڵەتی روویداو رووئەدات؟ ئامارێکی فەرمی و بڕواپێکراوو بەردەست نیە کەچەندە کورەی جەنگەکان گیانی مرۆڤەکانی کێشاوە، راستە جەنگ هەرگیز کۆتایی نایەت، نامەی ئەلبێرت ئەنشتاین بۆ سیگمۆند فرۆید بۆ ئایندەی شەڕانگێزی لای فرۆید گاڵتەجارێکی تەمام عەیار بوو،
کاتێک مرۆڤ هەڵگری هەردوو غەریزەی خێرو شەڕبێت بنەبڕکردنی شەڕ مەحاڵێکی بێ سەودایە، رەوایەتی شەڕ لەکوشتنی قابیلەوە، کە یەکەم کوشتنە بەڕیوایەتی دین، تا بەو چرکەساتە شەڕاوییە دەگات، شەڕێک نەبووەو شەڕێک روونادات تا رەوایەتی(شەرعیەتی) شەڕی بۆ نەدۆزرابێتەوە،
هەر ئەوەشە ئێستا ئەوەندەی رێکخراوە هیومانیستیەکان کار لەسەر لێسەندنەوەی رەوایەتی شەڕەکان دەکەن ئەوەندە تەرکیز لەسەر نەمانی خودی شەڕ ناکەن، کەچی ئارگۆمێنتی ریاڵ پۆلۆتیکەکانی ئەمڕۆ لەژێردروشمی(شەڕ لەپێناو ئاشتی)ئەو رەوایەتی بەخشینەیە بەخودی شەڕ، دۆناڵد ترەمپ بەرلەوەی کەشتی گەلی پڕ لە چەک و چۆڵ وەڕێبخات بەزمانێکی سادەو میللی دەڵێت بۆ ئەوەی رێگری لەهەڵگیرسانی جەنگ بکەین پێویستە ئێران تارومار بکەین،
ئەم دەربڕینە هیچ نیە جگە لەتیۆریزەکردنی جەنگ، کاتێکیش رێبەری کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکات،
هیچ نیە جگە لەدۆزینەوەی رەوایەتی جەنگ،
ئیدی بەڵێ ئێستا ئەتمۆسفیری ناوچەکە سەمفۆنیای جەنگێک لێدەدا کەدوورنیە ئەگەر غەریزەخێرەکەی سەرۆکە سەرشێتەکان زاڵ نەبێت جەنگێک ڕووبدات ناوچەکە بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش کشتوکاڵ،
هاوڕێ توانا