ئەگەر تیلەچاوێک بەسەر ڕابردووی ئەوێ ڕۆژێی دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردیدا بگێڕینەوە، ئەوا بێگومان دەکرێت وەک ڕووداوێکی قۆناغ دابڕ، سەیربکرێت. قۆناغێک کە نەتەوەیەک بە زمانی خۆی و بە میکانزم و کەناڵی سەردەم کە ڕۆژنامەیە، تەعیبر لە بوونی خۆی دەکات، من پێموایە ناکرێت دەرچوونی ڕۆژنامە لەوێ ڕۆژێدا، تەنها وەک لەدایکبوونی کەناڵێکی خوێندراو سەیری بکرێت و بایەخ پێدانەکانیش، هەر لەچوارچێوەی میدیایدا، قەتیس بکرێت، چونکە ئەگەر دیقەت لە زەمەن و زمان و زەمینی ئەو سەردەم بدەین، دەبینن کەوا زەمەنێکە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە ڕوخی ڕوخاندایە دایەو زۆری نەماوە بکەوێتەوە ڕەوەزی هەڵدێران بیری ناسیۆنالیزم و غەرب زەدەیی لەهەناوی ئیمپڕاتۆریەتدا تەواو چەکەرەی کردووە. ئیدی لەوکاتەدا خوێندەواران و منەوەرانی نەتەوە جیاوازەکانی چوارچێوەی ئێپڕاتۆرییەت لە خەم و خەونی ئەوەدان کە تەگبیری ئایندەیی بۆ نەتەوەکانیان دەکەن.
لەو کاتەدا یەکێک لەجوامێرانی بنەماڵەی بەدرخان کە هۆشیارە لە هەنبەر زەمەن و زمانی سەردەم لە دەرێی سنورەکانی ئیپڕاتۆریەت بیر لە دەرکردنی ڕۆژانامە دەکاتەوە، بۆیە ناو و ناوەڕۆک و پەیام و بابەتی ڕۆژنامەکە تەواو ئامانجدارەبووە، چونکە بەر لەوە ڕۆژنامە لە چوارچێوەی بابەت و ئیتک و تەکنیکی میدیایی لە بەرچاوگیرابێت، ئەوا پەیام و بزاڤی نەتەوەی ئەولەوییەت بووە.
ئەمە جگە لەوەی کە ڕۆژنامەی کوردستان مەکۆی نوسەران و ئەدیبان و منەوەرە پەرتەکانی کورد بووە. ئێستا حەقە دوای سەد بیست پێنج ساڵ لە دەرکەوتنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا، ئێستا پرسیار ئەوە بێت، ئایە چەندە میدیای کوردی هەڵگری پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دروست لەخەم و خواستی ئەوەدایە، کە هاوتای پیشەیی بوون و بابەتی بوون و ئیتیک و ئەو چوارچێوە میدیایەیی حەقە هەیبێت کە نیەتی ! ئەوا خاوەن چواچێوەیەکی نیتشتمانیە ؟ من دەزانم ناکرێت بە پێوەری ڕۆژنامەی کوردستان، سەدو بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ئەرکی میدیایی بار بکرێت، بەڵام هۆشیارم بەوەی کە ئەمڕۆ میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم توانادارە و دەتوانێت ڕۆڵێکی ئێجگار گەورە، ببینێت لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنیری و نیشتیمانی.