دواین هەواڵ

لافاو کارەساتێکی سروشتی یا داگیرکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان؟

‌ئیبراهیم عەلی

10/12/2025

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە هەولێر بەهۆی بارانبارینەوە لافاوێکی گەورە دروست بوو، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو زەرەرو زیانێکی زۆریش بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان کەوت. تا ئێستا دیوی یەکەمی ڕووداوەکە بوو، ئەو کات ئێمە بە دواداچوونمان کرد و بە بەڵگەوە ئەوەمان خستەڕوو کە ئەوەی ڕوویدا کارەساتە کارەساتێکی سروشتی بوو، بەڵام هۆکاری دیکەش هەبوون کە وایان کرد کارەساتەکە گەورەتر بێت و ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێ و زیانی زۆرتریش بە هاوڵاتیان بگات. ئەویش دەستدرێژی خاوەنی چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بوو بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان و تەنانەت بەرپرسێکی دەست ڕۆیشتوو لە دەروازەی دارەتوو لەسەر ڕێڕەوی ئاوی هۆڵێکی گەورەی دروست کردبوو و کردبووی بە مارکێت.

ئەو هۆڵە ڕێگەی لە ڕۆیشتنی ئاوگرت و وایکرد ئاو بچێتە نێو بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین و ئاوێکی زۆریش بگەڕێتەوە نێو گەڕەکی ڕۆشنبیری.

هەر لە هەولێر و لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری لە هەم لە دەستی ڕاستی هەم لە دەستی چەپ پرۆژەی نیشتەجێبوون بە ئاشکرا لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان خەریکبوون پرۆژە دروست بکەن. بۆ هەولێر، ئەو کات ڕووداوەکە کارەساتێکی گەورە بوو، بەڵام دواتر بە خێر گەڕا و ئەو پرۆژانە ڕاگیران و تەنانەت ئەو بینای ئەو مارکێتەی کارەساتەکەی دروستکرد تەختی زەوی کراو ئێستا کراوەتە پارکێکی بچووک. و پرۆژەی نیشتەجێبوونەکەش ڕاگیراوەو ئێستا بەشێک لە کەل و پەلی خاوەن کۆمپانیا لە شوێنی خۆیەتی و ساڵانە بووەتە نەریت بەر لە هاتنی وەرزی باران بارین ڕێڕەوە ئاوییەکان پاکدەکرێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەش دوو پۆند لە ڕێی کەسنەزان دروست کران کە پۆندێکییان ڕاستەوخۆ لەبەردەمی مۆنۆمێنتەکەیەو پۆندێکیشیان لە پشت شێرەبۆتەو پێی دەوترێ پۆندی تارین. لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتیشەوە پۆندی پونگینەو بنەسڵاوەی بچووک و چەمرگە دروستکران. ئەمانە وایانکردوە کە چەند ساڵێکە لافاو ئەگەر دروستیش ببێت کارەساتی گەورەی لێ نەکەوێتەوە.

دەکرێت لافاوی چەمچەماڵیش بۆ ئێستا کارەساتێکی گەورە بێت، بەڵام ئەگەر پلان و بەرنامەو بەخۆداچوونەوە هەبێت دەتوانن وا بکەن ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوەو بگرە بەخێریش بۆ ناوچەکە بشکێتەوە. ئەمەش بە بڕیاری جەریئانە دەکرێت و هەموو ئەو باخ و ڤێلا و پرۆژانەی ڕێڕەوە ئاوییەکانیان گرتووە بێ گوێدانە ئەوەی ئەمانە هی کێن؟

بڕوخێندرێن و ساڵانە ڕێڕەوە ئاویییەکان پاک بکرێنەوەو لە چەند شوێنێکی گونجاویش پۆندی بچووک بچووک دروست بکرێت. دەتوانرێت ڕێ لە کارەساتی دیکە بگیرێ ئەگەرنا لە داهاتو کارەساتی گەورەتر ڕوودەدەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP