دواین هەواڵ

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێی گرنگدا

‌فرسەت سەید شوكر

پێش 2 هەفتە

ڕۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا، مەبەستی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەرگەی قۆناغێکی نوێ و پێشڤەچوونێکی تازە بوو لە پەیوەندییە بازرگانیی و سیاسییەکانی نێوان واشنتن و هەولێر.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، دوو ڕێککەوتننامەی ستراتیژی لە بواری وزەدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت مۆر کران، کە بریتیی بوون لە 
- ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی (HKN Energy)
- وێستێرن زاگرۆس (WesternZagros)

ڕێککەوتنامە گرنگەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بەشێوەیەکی گشتی لە چەند بوارێکدا خۆی دەبینێتەوە لە:
- کەرتی نەوت و وزە.
- ژێرخانی ئابووری.
- پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

گرنگی ڕێککەوتنامەکە

ئەم ڕێککەوتنامە گەورەیە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پێشبینیدەکرێت کاریگەری بخاتە سەر گەشەسەندنی ئابووری و وزەی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پێگەیەکی ستراتیجی بەهێز و کاریگەر بۆ هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە و جیهان دەبێت، بەوپێیەی ئاستی متمانەی هەرێم بەرزتر دەکاتەوە.

گەشەسەندنی دیپلۆماسی

لەنێو ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پڕ لە ئارێشە و گرفتدا، جێگیرکردنی سەقامگیری و تەناهی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، خاڵی وەرچەرخانی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەبێت، هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکان بەردەوام هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی داوە و بەشێک نەبووە لە ململانێکان و هەوڵی داوە ئاشتی بەرقەرار بکات، هەوڵەکانی “سەرۆک بارزانی” بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ئارامی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان، دەرخەری ڕاستییەکە کە هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە نێوەندگیرێکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕوانگەی یاسایی ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دڵخۆشین دەبینین کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەبن بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان."
“ئەم جۆرە هاوبەشییان بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق فراوانتر دەکەن و سوود بە گەلی هەردوولامان دەگەیێنن."
ڕاگەیندراوەکەی ئەمریکا لەساتەوەختێکی هەستیار و گرنگدا بوو، دەرخەری بە یاسایی بوونی ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕوونی ئاماژەی بەوەکردووە، گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا یاسایین و بەپێی دەستووری عێراق ئەنجام دراون.

کۆبەند

بۆ گەلی کوردستان، ئەم جۆرە ڕێککەوتنە بایەخی گەورەی هەیە، بەتایبەت لەو ڕووەی کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت چارەسەر پێشکەش بکات و ڕووبەڕووی گرفتەکان ببێتەوە، ئەمە پێگەیشتنی بەردەوامی سیاسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و دەرفەتێکی گرنگە نەک تەنها بۆ داهاتووی سیاسی خۆی بەڵکو بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر کاریگەری دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP