دواین هەواڵ

پەیامە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی

‌فرسەت سەید شوكر

پێش 3 هەفتە

هەمیشە لە گوتار و دیدگای ڕابەر و سەرکردە و ڕێبەرەکانەوە، ئومێد و چاوەڕوانی گەورە هەیە، بەتایبەت لە ساتەوەختێک کە بارودۆخی وڵات و ناوچەکە هەستیار و چارەنوسساز بێت، سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەی لە کۆنگرەی یەکگرتنی قوتابیان و لاوان لە هەولێری پایتەخت، ژمارەیەک پەیامی مێژوویی پێشکەشکرد کە شایستەی بایەخ پێدان و وردبوونەوە لێی و بە هەند وەرگرتنیەتی.

مامەڵەی نادروست لەگەڵ هەرێمی New Title کوردستان

سەرۆک بارزانی، لە پەیامەکەیدا، بە ڕوونی باسی لەو مامەڵە نەشیاوانە کرد کە لە بەغداد بەرانبەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕایگەیاند؛ کە قابیلی قبووڵ نییە چیدیکە بەم شێوەیە مامەڵە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت، چونکە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی کورد بۆ مووچە نەبووە بەڵکو لەپێناو ئازادی و کەرامەتی میللەت بووە، ناکرێت و شیاوی قبوڵ نییە کە بوونیەت و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق تەنها لە پرسی “مووچە” کورت بکرێتەوە، ئەم پەیامە گرنگەی “سەرۆک بارزانی” بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداد ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو جۆرە لە عەقڵیەتی خۆسەپێنی و “سەپاندن” لە ڕابردوودا سوودی نەبووە و ناوچەکەش قابیلی گۆڕانکارییە، گرنگە عێراق هوشیارانەتر مامەڵە بکات، چونکە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە دەرەنجامی ئەو جۆرە سیاسەتە نەرێنییە.

بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان

پاراستن و بەهێز مانەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئامانجە جێگیر و ستراتیژە گرنگەکانی سەرۆک بارزانی، بەوپێیەی لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، جەختی لە یەک (هەرێم، حکوومەت، پەرلەمان، هێزی پێشمەرگە) کردەوە، ئەم دیدگا گرنگەی سەرۆک بارزانی، کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر:

١.بەهێزبوونی پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لەنێو عێراقدا و پەیڕەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی دروست لە سیاسەت و حکوومڕانی داهاتوودا.
٢.ڕەتکردنەوەی پاشەگەردانی و سیاسەتی تێکدان و دووبەرەکی لەنێوخۆی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لەپێناو ڕووبەڕوونەوەی هەر هەوڵ و پیلانێک کە ببێتە هۆی لاوازبوونی هەرێم.

ئاشتی بۆ عێراق و ناوچەکە

جیا لە ئاماژەدان بە پاراستنی بنەما کەلتوورییەکانی نێوخۆی وڵات، بەتایبەت لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوە و لەنێودانی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر،
“سەرۆک بارزانی” لە پەیامێکی دیکەدا، جارێکی دیکە بۆ هەموو جیهان و ناوچەکە ئەو حەقیقەتەی ڕوونکردەوە، کە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیریی و تەناهییە و هەرگیز بە شەڕ و ڕکەبەریی نابەجێی ناوچەکە خۆشحاڵ نییە، بەتایبەت پرسی ئاشتی لە تورکیا و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری ڕۆژئاوای کوردستان و دەستبەری مافەکانیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە و هەموو ئەو هەوڵ و نێوەندگیریانەی بۆ چارەسەر و ئاشتی هەبێت، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لێدەکات.

کۆبەند

لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانیدا، خاڵی مێژوویی هەبوون، کە دەبنە وەرچەرخانێک بۆ چارەسەری گرفت و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

*هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاشتی و ئارامییە بۆ ناوچەکە.
*عەقڵییەتی خۆسەپێنی دەرەنجامەکەی شکست و وێرانەییە.
*دەستوور، چارەسەری گرفتەکان، وەکو هەمیشە وەلانراوە.
*پاراستنی خاکی کوردستان و مێژووەکەی لە پێش هەموو شتێکە.
*شۆڕشی کورد، لە مووچە و بوودجە گرنگترە، بەڵکو بۆ پاراستنی کەرامەت بووە.
*سەپاندنی ئیرادەی فەرزکردن بە زۆرینە و کەمینە بۆ عێراق، شکستە.
*ئەوانەی چاوەڕێی کەوتنی پارتی بوون، پارتیان بە یەک ملیۆن دەنگەوە بینی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP