دواین هەواڵ

پرۆسەی ئاشتی!

‌دڵشاد ئەنوەر

پێش 2 هەفتە

پەکەکە ئامادەگی خۆی بۆ بەدەنگەوەچوونی پەیامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەنگاوەکان چوارچێوەی گوتارو لێدوانیان تێنەپەڕاندووە.

لەکاتێکدا تورکیا داوای دەستبەجێ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو دانانی چەک دەکات، بەڵام هێشتا متمانە لەنێوانیاندا نییە، گەر پرۆسەی ئاشتیش سەربگرێ، پەکەکە دەیەوێ پرۆسەکان بەپێی قۆناغ بەندی بەڕێوەبچن نەک بەو خێراییەی تورکیا دەیەوێت.

جاری پێشوو، کاتێک پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو تورکیا شکستی هێنا، خودی ئەردۆغان لەناو پرۆسەکەدا بوو، بەڵام ئەمجارە ئەردۆغان جیاوازتر لە جاری پێشوو مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات.

دەوڵەت باخچەلی لەلایەن ئەردۆغانەوە کراوەتە واجیهەو بەردەوام قسە لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەکات، ڕەنگە ئەردۆغان بیەوێ لەحاڵەتی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی خۆی توشی بەرپرسیارێتی نەبێت، یاخود خۆی واجیهە نەبێت و هەرکات بیەوێت لێی بکشێتەوە.

هەندێک پێیانوایە هۆکاری بوونی باخچەلی لەناو پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو بەشێکە لە دەوڵەتی قوڵ و بوونی گەرەنتی سەرگرتنی پرۆسەکەیە، بەڵام لە راستیدا شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەتی قوڵ لە تورکیاو ئەردۆغان بڕیاردەری سەرەتاو کۆتاییە.

پرۆسەی ئاشتی بەراورد بەجاران جدی ترە، پەکەکە لەجاران زیاتر هەنگاوی ناوە، ئۆجەلان راستەوخۆ لەناو پرۆسەکەدایە، رۆژاواو نەتەوەیەکگرتووەکان هاندەری سەرگرتنی پرۆسەکەن، بۆیە گەر ئەمجارە شکست بهێنێت، دروستبوونەوەی متمانە بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی تری ئاشتی قورس دەبێت.

قورستر دەبێت، چونکە تەمەنی ئۆجەلان هەڵکشاوەو دەستپێکردنەوەی ئاشتی لە غیابی ئەو سەخت دەبێت، هەروەها بێ متمانەیی قوڵتر دەبێتەوە.

گەر سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی ناڕوون بێت، بەڵام ئەو دیوەی پرۆسەکە ڕوونەو بەردەوامبوونیشی گرنگتر دەبێت، بەوپێیەی پرۆسەکە خزمەتێکی گەورەی بە کورد لە سوریا کردووە، چونکە فشاری تورکیا بۆسەر هێزەکانی هەسەدە تاڕادەیەکی باش کاڵ بووەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP