دواین هەواڵ

زەنگی قوتابخانە؛ بووژانەوەی بازاڕ و بارگرانیی دارایی خێزانەکان

‌سەركۆ یونس

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاکان، جگە لەوەی ڕووداوێکی ساڵانەی پەروەردەیییە، بەردی بناغەی گەشەپێدانی مرۆیی و بنەمای سەرەکیی دروستکردنی ئابوورییەکی خۆڕاگرە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. پەروەردە و فێرکردن وەک وەبەرهێنانێکی درێژخایەن لە سامانی مرۆییدا سەیر دەکرێت؛ چونکە ڕاستەوخۆ کارامەیی، ئاستی بەرهەمداری، و توانای داهێنانی تاکەکان لە بازاڕی کاردا بەرز دەکاتەوە. کۆمەڵگەیەک کە سیستەمێکی پەروەردەیی بەهێزی هەبێت، دەتوانێت بنەمای ئابووری سەردەمیانەی لەسەر بونیاد بنێت و لە ئابوورییەکی پشتیوبەستوو بە سەرچاوە تەقلیدییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ ئابووریی زانستپێوەر. 
سەرمایەگوزاری لە پەرەپێدانی هۆشیاری و کارامەیی نەوەی نوێدا، تەنیا ئاستی ڕۆشنبیری بەرز ناکاتەوە، بەڵکو ڕێژەی بێکاری کەمدەکاتەوە، ئاستی داهاتی تاک زیاد دەکات، و بنەمای گەشەی ئابووریی بەردەوام لێدەکەوێتەوە.
ئه‌مرۆ لە هەرێمی کوردستان، زه‌نگی خوێندن لێدرا و به‌فه‌رمی ساڵی خوێندنی (2026-2027) ده‌ستیپێكرد، لەگەڵ  دەستپێکردنەوەی دەوامی باخچە، قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان تەواوی جومگەکانی بازاڕ بەگەڕ دەخاتەوە و جووڵەیەکی بەهێزی بازرگانی و دارایی دروست دەکات. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 750  هەزار قوتابی و خوێندکار لە حەوت هەزار و 590  قوتابخانەی حکومی و ناحکومی روو لە پۆلەکانی خوێندن دەکەن. (زیاتر لە 150 هەزاریان لە پەیمانگە و قوتابخانە ناحکومییەکاندا دەخوێنن). ئەم ژمارە گەورەیە فشاری ڕاستەوخۆ لەسەر خەرجیی خێزانەکان و داواکاری لە بازاڕدا دروست دەکات؛ بە شێوەیەک پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک جلوبەرگی تایبه‌ت و بابەتی قرتاسیە (دەفتەر، قەڵەم، جانتا و ئامرازەکانی تر) بازاڕی بەرگدوور، کۆگا و فرۆشگاکانی وردەفرۆشی بوژاندووەتەوە و ئاڵوگۆڕی كاشى لە بازاڕدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لەلایەکی ترەوە، کەرتی گواستنەوە دەبێتە سوودمەندی سەرەکی؛ به‌گه‌ڕخستنی هەزاران پاس و تەکسیی تایبەت بە گواستنەوەی قوتابییان، نەک هەر دادەمەزرێت و داهاتی ڕۆژانەی سەدان شۆفێر دابین دەکات، بەڵکو جووڵەی سووتەمەنی، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزارییە لاوەکییەکانیش دەبووژێنێتەوە. بەم شێوەیە، کەرتەکانی بازرگانی، درووستکردن و گواستنەوە پێکەوە وەک بازنەیەکی ئابووریی چالاک کار دەکەن کە هەلیکار دروست دەکات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەشەکردنی کاتیی ناوخۆیی.
لەلایەکی ترەوە، ئەم جووڵە ئابوورییە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە دۆخی دارایی زۆربەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی پڕ لە ئاستەنگ و داراییەکی سەختدایە. بەهۆی نادڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە، دواکەوتن یان لێبڕینە بەردەوامەکانی ساڵانی ڕابردوو، هێزی کڕینی فەرمانبەران و مووچەخۆران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە بەرامبەر ئەم داهاتە سنوردار و نادیارەدا، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی شتومەک و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕدا، شانبەشانی گرانبوونی کرێی هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک تەکسی و پاس، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی به‌گشتی و به‌نزین و گاز به‌تایبه‌تی، فشارێکی دارایی زۆر قورس و جەرگبڕی خستووەتە سەر شانی خێزانەکان. دابینکردنی کرێی مانگانەی گواستنەوەی چەند منداڵێک لەگەڵ کڕینی جلوبەرگ و قرتاسیە لە یەک کاتدا، خەرجییەکی جێگیر و ناچارییە کە پشكی شێری لە بودجەی مانگانەی خێزانەکان دەبات، بە جۆرێک زۆرێک لە خێزانەکان ناچار دەکات دەستبەرداری بەشێک لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی تری گوزەرانیان ببن یان ڕوو لە قەرزكردن بکەن, تاوەکو بتوانن بەردەوامی بە خوێندنی منداڵەکانیان بدەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP