مێژووی ژیانی سەرکردە تۆتالیتارەکان پڕە لەو پارادۆکسە سەیرانەی کە تێیدا فیکری گشتی لەگەڵ ڕەفتاری شەخسیدا دەکەوێتە ناكۆكی تیژەوە. لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی تیۆری ژنۆلۆژی، لە ژیانی تایبەتی خۆیدا چەندین ئەزموونی خێزانی تاقی کردەوە کە دیارترینیان هاوسەرگیرییە پڕ لە کێشە و ناکۆکییەکەی بوو لەگەڵ کەسیرە یەڵدرم (فاتمە) لە کۆتایی حەفتاکاندا.
پاش شکستی ئەو پەیوەندییە خێزانییانە و دابڕانی تەواوی لە پرۆسەی هاوسەرگیری، ئۆجەلان لە نووسینەکانیدا (وەک لە پەڕتووکی تێبینییەکانی زینداندا هاتووە) دامەزراوەی خێزانی کوردی وەک مۆنستەر یان دێوەزمەیەک ، وەسف کرد کە مرۆڤ ئیفلیج دەکات و هاوسەرگیری بە شێوازێک لە لەشفرۆشی چواند. لەم پاشخانە فیکرییە توند و شکستخواردووەوە، تیۆرییەکی بەناوی «ژنۆلۆژی» (زانستی ژن) بەرهەمهێنا؛ تیۆرییەک کە لە ڕوواڵەتدا بانگەشەی ڕزگاریی ژن دەکات، بەڵام لە قووڵاییدا جۆرێکە لە چەوساندنەوەی مۆدێرن و داماڵینی کچان و ژنانی کورد لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان.
ئەم تیۆرییە، لەبری ئەوەی ژنی کورد بەرەو سەربەخۆیی ئابووری، زانستی، داهێنان و پێگەیاندنی خێزانێکی تەندروست ببات، هاتووە ناسنامەی مێینە بوون، دایکایەتی و سۆزی سروشتی لێ زەوت کردووە. بە ناوی وڵاتپارێزی و ئایدۆلۆژیای حیزبییەوە، ژنی لە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە گۆڕیوە بۆ کەرەستەیەکی میلیتاریزەکراو (سەربازیکراو).
لەبری ئەوەی کچی کورد لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکاندا جێگەی ببێتەوە، دەخرێتە نێو قاڵبێکی ڕەق و سەربازی کە تێیدا هەموو تایبەتمەندییەکی ژنانە، لە سۆز و جوانی و حەزی ژیانکردن، قوربانی دەکرێت لەپێناو مانەوەی دۆخی جەنگ و پیرۆزکردنی تاکی سەرکردە.
نموونەی هەرە زەق و تاڵی ئەم چەوساندنەوە فیکری و جەستەییە، لەناو هێزەکانی وەک پژاکدا دەبینرێت. لەوێ کچانی گەنج و نەوەی نوێی کورد، لەبری ئەوەی لە ناوەندە زانستی، پزیشکی و پەروەردەییەکاندا بن و ببنە مایەی گەشەپێدانی کۆمەڵگە، پەلکێشی ناو شاخە سەرکەشەکان، کونکردنی تونێلەکان و ژیانی تاقەتپڕوکێنی ناو ئەشکەوتەکان دەکرێن.
ئەو کچە گەنجانەی دەبوو ئێستا لە تاقیگە پزیشکییەکاندا بن یان وەک مامۆستا نەوەی داهاتوو پەروەردە بکەن، لەژێر کاریگەری ئەم دروشمە چەواشەکارییانەدا، ژیانیان لێ تێکدراوە و گۆڕدراون بۆ مرۆڤی میلیتاریزەکراوی بێ داهاتوو، کە تەنیا ئەرکیان جێبەجێکردنی فەرمانی سەرکردایەتییەکی دابڕاوە لە واقیع. ئەمە دابڕاندنی کچانی کوردە لە هەموو شارستانییەت و پێشکەوتنێکی مرۆیی و زانستی.
خەوشداری ئەم بەناو تیۆرییە ئەوەیە کە دەرفەتی هەڵبژاردنی ئازادانە لە ژن دەسەنێتەوە.
کاتێک هاوسەرگیری و خێزان لەژێر ناوی ڕزگاری و دژایەتی چەمکی باوکسالاریدا قەدەغە دەکرێت، لە بەرانبەردا سستەمێکی تۆتالیتار بەسەر ژندا دەسەپێنرێت کە تێیدا هیچ مافێکی بەسەر جەستە، بیرکردنەوە و ئایندی خۆیەوە نییە. ئەمە ڕزگارکردنی ژن نییە، بەڵکو گواستنەوەیەتی لە ژێر دەسەڵاتی خێزانێکی نەریتی بۆ ناو قاڵبێکی حیزبیی سەربازیی توندتر، کە تێیدا مێینە بوون دەبێتە تاوان و چەکداریی دەبێتە تاکە پێناسەی بوونی ژن.
ناتوانرێت ڕزگاریی ژن لە فیکری پیاوێکدا بدۆزرێتەوە کە خۆی سەرجەم پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانی ڕەتکردووەتەوە و شکستی هێناوە لە دروستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ مێینەدا.
چەکدارکردنی ژنی کورد لە ئەشکەوتەکاندا و بەتاڵکردنەوەی لە سۆز، زانست، و پێشکەوتن، گەورەترین زوڵمە کە لەژێر ناوی ژنۆلۆژی دا دەکرێت. کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤی کورد بە دیدێکی ڕەخنەیی و هۆشیارانەوە سەیری ئەم فیکرە میلیتاریستییە بکات؛ چونکە پێشکەوتنی ڕاستەقینەی ژنی کورد لە تاقیگە، زانکۆ و داهێنانە مرۆییەکاندایە، نەک لە بڕینی تەمەنی گەنجایەتی لەژێر زەمین و ئەشکەوتەکانی شاخدا لەپێناو پیرۆزکردنی تاکی سەرکردە.