دواین هەواڵ

میلیتاریزەکردنی ژن و خەساندنی ئایدیۆلۆژی: دۆخی ژنان لە ناو پەکەکە و پژاک

‌عادل مەریوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو دروشم و تیۆرییانەی کە ڕێکخراوی پژاک لەژێر ناوی ئازادیی ژن یان ژنۆلۆژی بڵاویان دەکاتەوە، لە ڕاستیدا تەنیا پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی پرۆسەیەکی مەترسیدار کە تێیدا ژن بوون لە سروشتی خۆی دادەماڵرێت. لە جیاتی ئەوەی ژن لە کۆتوبەندی کۆمەڵگای پیاوسالاری ڕزگار بکرێت، لە ناو فیکری پارتایەتیی توندڕەودا تووشی خەساندنی فیکری و جەستەیی دەبێت، کە تێیدا هەموو تایبەتمەندییەکی مێینە بوون و سۆزداری قوربانی دەکرێت بۆ بەرژەوەندیی ئامێری سەربازی.

داماڵینی ژن لە ژن بوون و سەپاندنی ژیانی دژە سروشت. لە ژینگەی شاخ و ژیانی حزبیی توندی ئەو ڕێکخراوانەدا، چەمکی ژنی ئازاد بە واتای شێواندنی ناسنامەی ڕەگەزیی ژن دێت. ژنان ناچاردەکرێن لە شێوەی دەرکەوتن، پۆشاک، قسەکردن و تەنانەت بیرکردنەوەشدا هاوشێوەی پیاوان یان بوونەوەرێکی بێ ڕەگەز بن.

ئەم پرۆسەیە هێندە توندە کە دەکرێت بە خەساندنی ڕەگەزی ناو ببرێت؛ چونکە ڕێگا بە ژن نادرێت هەست بە مێینەبوونی خۆی، دایکایەتی، یان خواستی پێکهێنانی خێزان بکات. ژن لە کۆمەڵگە دادەبڕێت و لە ناو دونیایەکی داخراوی میلیتاریزەکراودا زیندانی دەکرێت. سەرکوتکردنی غەریزەی سێکسی و لێکەوتە دەروونییەکانی، یەکێک لە گەورەترین پارادۆکسەکانی ناو ئەم ڕێکخراوە چەکدارییانەیە، دروستکردنی تابۆیەکی توندە لە دەوری سێکس و پەیوەندیی سۆزداری.

لە کاتێکدا مرۆڤ خاوەنی غەریزەی سروشتییە، لە ژێر ناوی عەشقی ئایدیۆلۆژی یان تێکۆشانی پیرۆز، هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی ڕەگەزی قەدەغە دەکرێت و لەهەموو جوڵەیەکی سروشتی ژنن بوون ڕوت دەکرێتەوە.

ئەم توندوتیژییە دەروونییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە: پەنابردن بۆ ڕێگەی نهێنی: بەهۆی توندیی ئایدۆلۆژی پان ئۆجەلانیزم و حزبییەکان و سەرکوتکردنی غەریزەکان، تاکەکان ناچار دەبن بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە سێکسییەکانیان بە دزییەوە یان بە شێوازی نهێنی پەنا بۆ خۆخاڵیکردنەوە (خوی نهێنی) یان پێوەندیی حەشارگیراو ببەن، کە ئەمەش بارگرانییەکی دەروونی و هەستی تاوانباریی بەردەوام لای چەکدارە ژنەکان دروست دەکات. داڕمانی دەروونی: ڕێگریکردنی ڕەها لە غەریزەکان مرۆڤ لە مرۆڤبوون دادەماڵێت و دەیکاتە ئامێرێکی شەڕکەری بێ ڕۆح کە لە ناوەوەدا بەدەست گرێی دەروونی و دڵەڕاوکێوە دەناڵێنێت. میلیتاریزم لە جیاتی ڕزگاری.

پژاک بە ناوی ڕزگارییەوە، ژنان دەخاتە ناو هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و توندوتیژی . ژنێک کە تفەنگی پێدەدرێت و فێری کوشتن دەکرێت، ڕزگار نەکراوە، بەڵکو تەنیا جۆری کۆیلایەتییەکەی گۆڕدراوە؛ لە کۆیلایەتی کۆمەڵگاوە بۆ کۆیلایەتی ئایدیۆلۆژیای حزب. ئەم دوورخستنەوەیەی ژنان لە کۆمەڵگای مەدەنی و پرۆسەی خوێندن و گەشەپێدان، وایان لێدەکات کە لە دەرەوەی حزب چیدیکە نەتوانن وەک ژنێکی ئاسایی بژین و پاشخانێکی مرۆییان بۆ نەمێنێتەوە.

ئەم جۆرە مۆدێلانە نەک تەنیا خزمەت بە پرسی ژن ناکەن، بەڵکو جەستە و ڕۆحی ژن دەکەنە سووتەمەنی بۆ شەڕێکی بێدەستکەوت. ڕزگاری ڕاستەقینەی ژن لە ناو کۆمەڵگە، لە ڕێگەی هۆشیاری، یاسا، ئابووری سەربەخۆ و پاراستنی ناسنامەی مێینەبوونەوە دەبێت، نەک لە ڕێگەی میلیتاریزەکردن و خەساندنی غەریزە سروشتییەکانی مرۆڤەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP