دواین هەواڵ

ئیمامئۆغڵو كۆتایی بە ژیانی سیاسی دێت؟

‌كارزان گلی

7 رۆژ پێش ئێستا

لە ٢٠١٦ كاتێك پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و بەتۆمەتی پاڵپشتی لە تیرۆر دەستگیری كرد و تاوەكوو ئێستاش لە زیندانە، پرسیاری جیدی ئەوەبوو، ئایە دەیانەوێت كۆتایی بەژیانی سیاسی دەمیرتاش بهێنن؟ دیارە لەڕووی فیزیكییەوە دەمیرتاش نەیتوانی وەكوو پێویست سیاسەت بكات، بەڵام لەرێگەی قەڵەمەكەی و سۆسیال میدیا، ئەو هەر وەكوو سیاسییەكی زیندوو مایەوە، تەنانەت یەك لێدوانی ئەو لە زیندان دەبووە مانشێتی زۆربەی رۆژنامە و سایتەكان. دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، پرسیاری جیدی ئەوەیە، ئایە ئیمامئۆغڵو كۆتایی بەژیانی سیاسی دێت؟

هەموو شرۆڤەكاران كۆكن لەسەر ئەوەی، هۆكارە سەرەكییەكەی ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، دوورخستنەوەیەتی لەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا، نەتوانێت ببێتە بەربژێر، چونكە دەبێتە ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغان و ئەگەر زۆرە پۆستی سەركۆماری توركیا بباتەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەكەی و پاشان دەستگیركردنی، بەو مانایە دێت كە دەیانەوێت كۆتایی بەژیانی سیاسی بهێنن.

لەڕووی یاساییەوە، ئیمامئۆغڵو شانسی ئەوەی نەما ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، چونكە بەگوێرەی دەستووری توركیا، ئەوەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتری نەبێت، دوای هەڵوەشانەوەی بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو، ئەو شانسەیان لێی وەرگرتەوە.

بەڵام شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، بۆیە دوای هەڵوەشانەوەی بڕوانامەكەی دەستگیر كرا و شارەوانییەكەی لێوەرگیرایەوە، تا قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكەن و بۆ ماوەیەكی زۆر لە زیندان بیهێڵنەوە، چونكە ئەگەر سەركەوتوو بن لەوەی نەتوانێت ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام هەر لەناو مەیدانی سیاسەتدا بمێنێتەوە، رەنگە ببێتە سەرۆكی جەهەپە و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رۆڵی كاریگەریی هەبێت، بۆیە دوورخستنەوەی لە سیاسەت كاریگەریی لەسەر دەنگی جەهەپە دەبێت.

ئەو رێگەیەی ئیمامئۆغڵو لە كۆتایی هێنان بەژیانی سیاسی رزگار دەكات

رەنگە لەم بارودۆخەی ئێستای توركیادا، تاكە رێگە بۆ ئەوەی ئیمامئۆغڵو لە زیندان بێتە دەرەوە و بتوانێت وەكوو سیاسییەكی ئاكتیڤ بمێنێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەكەی رەتبكرێتەوە، رێگەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت.

توركیا ئەندامە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بەگوێرەی دەستووری ئەو دادگایە بێت كە توركیا ئیمزای لەسەر كردووە، ئەگەر هەر دۆسیەیەك دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام بڕیارەكە دژی بڕیاری دادگای وڵاتی ئەندام لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت، ئەوە بریاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەرووی بڕیاری دادگای هەموو ئەو وڵاتانەیە كە ئەندامن تێیدا.
لە ٢٠٠٢ كاتێك ئاكەپە توانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا بباتەوە، ئەردۆغان نەیتوانی ببێتە سەرۆك وەزیران، چونكە قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرابوو، بەڵام ئەو لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار كردبوو، دادگا لە بەرژەوەندی ئەردۆغان بڕیاریدا و قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵگیرا و بووە سەرۆك وەزیران.

بۆیە جەهەپە بڕیاریداوە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار بكات و دۆسیەی ئیممئۆغڵو یەكلایی بكاتەوە.

بەڵام ئایە ئەردۆغان ئەو دادگایە دەناسێت و دان بە بڕیارەكانی دەنێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە، چونكە سەلاحەدین دەمیرتاش، دۆسیەكەی بردرایە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دادگا لە بەرژەوەندی دەمیرتاش بڕیاریدا و گوتی دەمودەست دەبێت ئازاد بكرێت، ئەردۆغان گوتی، ئەو دادگایە ناناسم و بۆیان نییە لەبری دادگای توركیا بڕیار بدەن.

ئەم وەڵامدانەوەی ئەردۆغان، بووە هۆی ئەوەی ئابووریی توركیا خراپ بێت و وەبەرهێنەرانی بیانی بەكەمی بێنە توركیا و هەروەها وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپاش، بەردەوام رەخنەیان لە دادگا و مافی مرۆڤی توركیا گرتووە.

بەڵام تاوەكوو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاری نەداوە كە توركیا لەو دادگایە بخاتە دەرەوە، چونكە ئەو ئەگەر هەنگاوە بنێت، گەمارۆی ئابووریی دەخرێتە سەر توركیا، بۆیە بەردەوامن لە دانووستاندن لەگەڵ توركیا، تا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات و دەمیرتاش ئازاد بێت.

ئەگەر ئیمامئۆغڵوش بەبڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئازاد بكرێت و توركیا جێبەجێی نەكات، رەنگە باجەكەی بۆ توركیا لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە زۆر قورس بێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP