دواین هەواڵ

گەورە بەرپرسێكی جەهەپە سووكایەتی بەئاڵای كوردستان دەكات

‌كارزان گلی

پێش 1 هەفتە

ئاخر ئەمە عەقڵییەتانە بۆیە لەسەر كورسی ئەردۆغان دانانیشن

هەرگیز فاشیست نابێت بە قارەمان، هەرگیزیش بەدوای كەسێكدا مەڕۆن باسی لە ئازادی و دیموكراتی و عەدالەت كرد، بەڵام فاشیست بوو و هەر بە چاوێكی سووك سەیری نەتەوەكەتی كرد و عەدالەتی تەنیا بۆ تورك ویست.

مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنکەرا، لەناو ئاپۆڕای دەیان هەزار هاووڵاتی، كە بۆ پشتگیریكردن لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو هاتبوونە سەر شەقام، سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرد.
یاڤاش، لە وتارێكدا ئاڵای كوردستانی بە پارچە پەڕۆیەك وەسف كرد.

ئەو گوتی: ”دوێنی لە شوێنێكی رۆژهەڵاتی وڵاتدا، ئەو ئاڵایە دەشەكایەوە كە پێموایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس بەشمەكی بەسەر بەشداربوانی چالاكییەكەدا دابەش دەكرد (مەبەستی لە ئاهەنگی نەورۆزە)، ئێمە چاوەڕێ دەكەین لێرەش پۆلیس بەشمەك بەسەر گەنجان دابەش بكات.“

كورد دەبێت وریا بێت، كوێرانە پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكات، چونكە عەقڵییەتی وەكوو یاڤاش لەناو ئەو پارتەدا هەیە، كە بەشێكی زۆری جەهەپەییەكان دەڵێن، ئەگەر ئیمامئۆغڵو رێگەی لێگیرا ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەدڵنیاییەوە و ١٠٠٪ مەنسوور یاڤاش دەبێتە بەربژێر.

كەواتە فاشیستێك داوا دەكات كورد دەنگی پێ بدات، ئەو عەقڵەی ئێستاش دەسەڵاتی هەبێت وەكوو ١٩٣٨ كورد كۆمەڵكووژ دەكات و حیسابی تورێكی بۆ ناكات.

لە كاتێكدا مێژوو سەلماندویەتی، كە هەر رووداوێكی گرنگ كورد پشتگیری لێ نەكات ئەنجامی نابێت، هەروەها ئەو خۆپیشاندانە گەورەیەی لە شارەكانی توركیا بۆ پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو دەستیپێكردووە، ئەگەر كورد پشتگیری نەكات و لە باكووریش خەڵك نەڕژێتە سەر شەقام، ئەنجامی نابێت، جا لە بری ئەوەی جەهەپە كورد لە خۆی نزیك بكاتەوە و دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ بكات، كەچی فاشیستێكی وەكوو یاڤاش دێت بە گوتەیەك هەموو یارییەكە تێك دەدات.

ئەمانە بۆ خۆیان تۆپەكە دەدەنە ئەردۆغان و دەڵێن فەرموو گۆڵ بكە، كە گۆلیشیان لێ دەكرێت دەڵێن گۆڵەكە ئۆفسایدە.

ئاخر فاشیست، ئەگەر كورد نەبێت، هەرگیز لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی كۆمار دانانیشیت، كورد دەمێكە دەزانێت تۆ دوژمنی ئەویت، بۆیە ئەگەر ببیت بەبەربژێری جەهەپەش و ببیتە ركابەری ئەردۆغان، لەسەر دەستی كورد دووچاری شكست دەبیت.

پێشتر لە باشووری كوردستان، چەند سیاسییەك بە ئاڵای كوردستانیان گوت پارچە پەڕۆ، دوای ئەوەی یاڤاشیش هەمان قسەی كرد، دەبێت شەرم داتان بگرێت و بزانن دوژمن چۆن لە ئاڵای كوردستان تۆقیوە، بۆیە ئاڵاكەت بە بچووك سەیر مەكە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP