دواین هەواڵ

ئەردۆغان توركیایەكی بێ ئۆپۆزسیۆنی دەوێت؟

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو وڵات هەبوون كە شانازییەكی زۆریان بەخۆیانەوە دەكرد، بەوەی خاوەن ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزن، ئەوانیش ئیسرائیل و توركیا بوون، بەڵام دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی لە توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆكایەتیی، ئۆپۆزسیۆن ئەو ئۆپۆزسیۆنەی جاران نەماوە و هەوڵی جیدی هەیە كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا وەكوو ئۆپۆزسیۆنی ئەمریكای لاتینی لێ بێت.
دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، ئەو خەنجەرە بوو كە رەجەب تەییب ئەردۆغان خستییە دڵی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەوەی ئەگەر بتانەوێت دەسەڵاتم لێوەربگرن، خۆتان لە زیندانەكان دەبیننەوە و لاوازتان دەكەم.

روونە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، ئەو سیاسییە بوو، ئەگەر زۆربوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، سەركەوتنی بەسەر ئەردۆغاندا بەدەستدەهێنا، ئەمەش ترسی خستە دڵی خودی ئەردۆغان و پارتەكەی، بۆیە راپێچی دادگایان كرد و پاشان بۆ زیندان.

ئایە ئەردۆغان توركیایەكی دەوێت ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبێت، وەكوو ئەوەی لە سیستەمی وڵاتانی دكتاتۆری جیهاندا بوونی هەبووە؟ نموونە ئەڵمانیای هیتلەر و رووسیای ستالین و سەدامی حوسێن لە عێراق؟ بێگومان نەخێر، ئەردۆغان ئەو سیستەمەی ناوێت، ئەو دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنێك بوونی هەبێت، كە خۆی دیزانی بۆ بكات، وەكوو ئەوەی لە رووسیای پوتین بوونی هەیە.

لە رووسیا ئۆپۆزسیۆن بوونی هەیە، لە دۆما لەكۆی ٤٥٠ پەرلەمانتار ٣٥٠ی سەر بە پارتەكەی پۆتینن، ئەوانیش تریش بەسەر پێنج پارتی ئۆپۆزسیۆن دابەش بووە.

ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لە رووسیادا بوونی هەیە، لەلایەن پۆتینەوە دیزانی بۆ كراوە، سنووریان بۆ دانراوە و نابێت لەو سنوورە لابدەن، گەر لایاندا عاقیبەتیان كوشتن دەبێت، نموونەش هەیە كە لە زیندان چۆن سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆن كوژرا، كە ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی بوو و چاوی بڕیبووە كورسییەكەی پۆتین و جەماوەرێكی زۆریشی هەبوو.

ئەردۆغان رێك ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دەوێت، بەڵام سەرەتا لە ٢٠١٦ لە كوردەوە دەستپێكرد، ئەویش دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، كە ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر سەرسەخت بوو و وتارەكانی ئەردۆغان و پارتەكەی نیگەران دەكرد، تەنانەت حەماسەتی دەدایە لایەنگرانی جەهەپە و پارتی خاسیش، بۆیە دەمیرتاش خۆی لە زیندان بینییەوە.

پاشان، ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیادا زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو دەنگی هێنا، بەڵام چونكە دژایەتی ئەردۆغانی دەكرد و بەردەوام داوای لادانی دەكرد، دوو مانگ بەر لە ئێستا خرایە زیندان و ئێستاش لە زیندانە. ئۆزداغ، راستە دوژمنی كورد بوو و دەستگیركردنەكەی دڵی كوردی خۆش كرد، بەڵام لە دونیای دیموكراتیدا سەرۆكی پارتێكی سیاسی خۆی لە زیندان ببینێتەوە قبوڵكراو نییە.

دوا خەنجەر، كە لە دڵی ئۆپۆزسیۆنیدا، دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو بوو، چونكە دەیزانی تاكە ركابەر دەبێت كە بەئەگەرێكی بەهێزەوە دەیتوانی لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا دابنیشێت.
كەواتە ئەردۆغان، توركیایەكی بێ ئۆپۆزسیۆنی ناوێت، بەڵكوو توركیایەكی دەوێت ئۆپۆزسیۆنەكەی وەكوو رووسیای پۆتین و ئەمریكای لاتین بێت.
ئایە ئەوەی بۆ دەچێتە سەر؟ لە داهاتوو روون دەبێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP