چارەنووسی سیاسی کورد لە سوریا پێوەندی بە هندێک چەمک و بابەتی ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە و لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدەکرێ.
ــ پرسی کورد لە سوریا پێوەندی راستەوخۆی بە دیمشقەوە و هەیە و ئەگەر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەسەڵاتی خۆسەر پشتی لە دیمەشق کردبوو و بە هۆی بەستراوەبوونی بە قەندیلەوە هەموو هێز و سەرنجی لە سەر تورکیا بوو ئەوە کارنامەی سیاسی دەچێتە خانەی خۆ خەجەڵ کردن و کات بە فیرۆ چوونەوە.
ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا دەسەڵاتی خۆسەر داوای نزیکبوونەوەی لە دیمەشق بکردایە ئیستە بابەتەکە بە جۆرکی دیکە دەبوو چوونکا هەنگاوەکە لە کاتی بەهێزبوونی کورد و لاوازبوونی دیمەشقدا بوو.
ــ هەبوونی دەسەڵاتێکی سونە لە سوریادا لە بەرژەوەندی ئیسرایل دایە چوونکا بۆ ماوەیەکی زۆر هەم دیوارێک لە نێوان ئێران و ئیسرایلدا درووست ئەکات و هەم پێگە و نفووزی چەندین دەییەی کۆماری ئیسلامی دەسرێتەوە. ئەگەر ئەحمەد شەرع لە باری مەزهەبی و ئایدۆلۆژیاوە لە ئیخوان و ئەنکەرە نزیکە بەڵام لە حاڵی حازردا بژاردەی پەسەندکراوی هەر دوو لایەنی تورکیا و ئیسرایلە. لەو بارودۆخەدا کورد بە هۆکارگەلی ژیئۆپۆلیتیک و باری شوێندانەریی و قورساییەوە دەچێتە پلەی دووهەمەوە. ئەحمەد شەرع ئەگەر بارەو دڵی ئوروپا و ئەمریکا نیە بەڵام زلهێزە ناوچەییەکان تەنانەت وڵاتانی عەرەبی بە رەوا و پێویستی دەزانن.
ــ وڵاتانی رووسیا و چین سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سوریا دەنگیان هەڵپەسێراوە چوونکا لە لایەک دەبێ دڵی کۆماری ئیسلامی رازی بکەن و لە لایەک تورکیا. چین لەو بارودۆخە نائەمنەی ئاوچەکە کەڵک وەردەگرێ و بە هۆی نەختینە بوونەوە بە هەرزانترین نرخەکان نەوت دەسێنێ. بە کورتی لەو نێوەدا سێ لایەنی "کۆماری ئیسلامی"، "وڵاتانی ئورووپایی" و "بزاوە سیاسییەکانی کوردستان" دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعن.
ــ دیارە رێکەوتنی دوو بیرۆکەی چەپی کوردی و ئیخوانی عەرەبی لە رووی ناچاری و گوشاری نێودەوڵەتییەوە بووە. ئەگەر درووزی و عەلەوییەکان دانیان بە سیستمی فیدراڵییدا ناوە بەڵام دەبینین کە دەسەڵاتی کوردی لە رۆژئاوا و دەسەڵاتی رەهای ئەحمەد شەرع ئاماژەیان بە هیچ مودیلێکی سیاسی سەردەم نەکردووە و تەنانەت لە جەوهەرەی سیاسی خۆیاندا بروایان بە فیدراڵی نیە. ئەو خاڵ و ماددانەی کە دوو لایەن لە سەری رێکەوتوون تەنانەت بە زیادکردنی تێبینی و شرۆڤەی یاسایی ئەو ماددانە، ناتوانرێ مودیلێکی مودێرن و دیموکراتیکی لە درووست بکرێ.
سەرئەنجام: لە حاڵی حازردا دیسکورسی تورکی لە سوریادا دیسکورسی زاڵە و بە جۆرێک دەتوانین بڵێین کە تورکیا ناراستەوخۆ دەوری کوردی داوەتەوە. کوردەکان بە هۆی پاڵەپەستووی زلهێزەکانەوە چەترێکی ئەمنی و پاراستنیان بۆ درووست بووە و هەتا ئەو گەرانتییە ببێت بە شێوەی رێژەیی ماف و ئازادییەکانیان پارێزراوە. شایانی باسە چەقی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا و پەیامەکەی ئۆجەلاندا رۆژئاوای کوردستانە و لە ئاکامدا دەسەڵاتی خۆسەر رووبەرووی دوو بژاردە دەبێتەوە.
یەکەم: بەرتەسک کردنەوەی دەسەڵاتی خۆسەر لە رێگای یاسا و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە.
دووهەم: لە ئاکامی سڕبوون و ناکارامەیی سیاسەت و دیالۆگی نێوان پێکهاتەکانی سوریادا شەر و گرژی درووست ئەبێ و ئەگەر لە ئیستەشدا ئەو شەرە درووست نەبووە بە هۆی بەرژەوەندی و ویستی ئیسرایلەوەیە.