دواین هەواڵ

چۆن مەترسیەکانی کۆنگرەی جۆلانی بکەین بەدەرفەتی زێڕین؟

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

25/02/2025

ئەمڕۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا بەڕێوە دەچێت. ئەم کۆنگرەیە پێشتر شکستی هێنا لەوەی لەکاتی خۆیدا (٥-٧)ی مانگی ڕابردوو، ئەنجام بدرێت. ئەمەش دەرەنجامێکی گرنگ و کاریگەر بوو، ئەگەر ئێمەی کورد بمانتوانیبا بینای لەسەر بکەین. ئەو کۆنگرەیە و شێواز و عەقڵییەتی بەڕێوەبردن و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی وێرانکەرن بۆ بیناکردنی دیموکراسی و بۆ مافەکانی ئێمەش.

لە وتاری (کۆنگرەکەی دیمەشق هەسەدە هەڵدەوەشێنێتەوە؟) بەوردیی باسی هەموو ئەوانەمان کردوە، بۆیە ناچینەوە سەریان. شکستی ئەنجامدانی کۆنگرەکە لەو کاتەدا گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی ئەردۆغان و تاکڕەوی جۆلانیی بەسەر کەیسی سوریاوە، بەڵام بەداخەوە ئێمە تا ئێستاش لەپاش ڕووداوەکانەوەین و نەمانتوانی بیقۆزینەوە و بینای لەسەر بکەین.

لەبەرامبەردا ئەردۆغان و جۆلانییش لەسەر ئەجیندای خۆیان بەردەوام بوون و ئەمجارە پلانەکەیان پارچەپارچە کرد. لەو کۆبونەوەیەی ناویان لێ نا کۆنگرەی سەرکەوتن، بەشێک لە بڕیارەکانی خۆیان ڕاگەیاند وەکو (ڕاگەیاندنی جۆلانی وەکو سەرۆک، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەکەی ئەسەد، هەڵوەشاندنەوەی دەستوورەکەی ئەسەد، بڕیاردان لەم کۆنگرەیە، کە وێڕای کارکردن بۆ دەستووری نوێ، ئەنجومەنێکی تەشریعی دیاری بکات بۆ متمانەبەخشین بە کەسێک تا حکومەتی داهاتوو لە مانگی سێ پێک بهێنێت..).

ئێستاش وا کۆنگرەکە بەڕێوە دەچێت بۆ تەواوکردنی بڕیارەکانی دیکەیان. لەم چرکەساتە گرنگ و یەکلاکەرەوەیەی ناوچەکە و جیهاندا، چانسی سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیە چەندە؟ کورد هەڵوێستی چۆنە؟ لەوەش گرنگتر مەترسییەکانی چیین و چۆنیش دەتوانین بیکەینە دەرفەتی سەپاندنی مافەکانمان؟ لە ئاستی ناوخۆییدا کۆنگرەکە بە مردویی و شکستخواردوو لەدایک دەبێت. لە لایەکەوە بەشی هەرە زۆری ئەو کەسایەتییە خاوەن سەنگانەی پێکهاتەکانی تری سوریا بەشداری ناکەن.

هەڵوێستی کوردیش چ لە ئاستی حیزب و لایەنەکان و چ لە ئاستی تاکە کەسە بانگهێشتکراوەکان، لەوانی تر بەهێزترە و گەیشتۆتە ئاستی هەڵوێستی توندی بایکۆتکردنی ڕوونی پەیەدە و ئەنەکەسەش کە وێڕای بەیانێکی توند لەم ڕۆژانەدا وەفدێکی باڵایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە سەردانی سوەیدایان کردوە. ئەگەرچی هێشتا نەمانتوانیوە لە ڕۆژئاوا ڕێککەوتنی باش بکەین و بە یەک وەفد و ئەجینداوە مامەڵێ بکەین، بەڵام هێشتا یەکهەڵوێستییەکەمان لەوێ، بنەمایەکی باش و بەهێزە، بۆیە دەبێ پەلە بکەین و ئەم یەکهەڵوێستییە بەرز بکەینەوە بۆ ئاستی ڕێککەوتن و یەکڕیزیی. بەر لەوڵامدانەوەی پرسیاری مەترسییەکانی کۆنگرەکە و چۆنێتیی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵیاندا. با بپرسین ئەم پەلەپەلە بۆ؟ لە ڕاستیدا کۆمەڵە هۆیەک هەن،

لەوانەش: کۆتایی ئەم مانگە وادەی حکومەتە کاتییەکەی بەشیر کە جۆلانیی دایناوە کۆتایی دێت و دەبێت حکومەتێکی دیکە و ئەمجارەش نەک کاتی بەڵکو حکومەتی قۆناغی ڕاگوزەر دابمەزرێت، کە ئەرکەکانی گواستنەوە بۆ قۆناغی دەستووریی وەدی بێنێت. پەلەکردن لە ڕێوشوێنەکانی دامەزراندنی سیستەمی نوێ، بەئامانجی پەلەکردن لە لابردنی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی سەر سوریا.

ئەردۆغان بەنیازە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، بچێتە سوریا و لەمزگەوتی ئەمەویی نوێژ بکات. بۆیە مەبەستیەتی پێشوەخت کۆنترۆڵکردنی کەیسی سوریا پیشانی دنیا و جەماوەرەکەی خۆیشی بدات، کە چاوی لەوەی دەنگی پێ بدەنەوە بۆ ویلایەتێکی دیکەی سەرۆکایەتیی تورکیا. جۆلانیی لەگەڵ شکستەکانیدا بەنەرمیی بەڵام بە ڕەقیی مامەڵە دەکات.

واتا نەرمە لە مەسەلەی کاتدا و ئاساییە بەلایەوە ئەوەی نەیتوانی سەرەتای ساڵ بیکات، دوای بخات بۆ کاتی دیکە، بەڵام لەسووربوون لەسەر ئەجیندا و ناوەرۆکی سیاسەت بڕیارەکانی ڕەقە و بچووکترین نەرمیی پیشان نادات. بۆ نموونە، کاتی کۆنگرەکەی دوا خست، بەڵام بەئاستەمیش لە ناوەرۆکی پلان و ئەجینداکەی لای نەداوە. سەرەتاش ڕایانگەیاند کە هیچ حیزب و لایەن و نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک نوێنەرایەتییان نابێت، تەنها وەکو تاکە کەس لە ناوچە و پارێزگا جیاجیاکانی سوریا خەڵک بانگهێست دەکەن. وەک دەبینین وێڕای دواخستنی وادەی کۆنگرەکە ئەم بڕیارەی وەکو خۆی ماوەتەوە.

نەتەوەیەکگرتوەکانی پەراوێز خستبوو، وا ئێستاش نەک هەر پەراوێزی خستووە، بەڵکو تەنانەت ئامادەش نەبوە پێشنیارەکانیان وەربگرێت. هەرچی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشە، بەلای جۆلانییەوە ئیکسپایەر بوە. لەم کۆنگرەیەدا جۆلانیی، نەک هەر کورد و مەسیحیی و دورزیی و عەلەویی، بگرە تەنانەت ئەو هێز و لایەن و کاراکتەرە سوننانەشی پەراوێز خستوە کە لە گرووپەکەی خۆی نین، بۆ نموونە ئەحمەد ئەلعۆدە و هێزەکانی باشووری سوریا. بەکورتیی لە ئاستی ناوخۆییدا، ئەم کۆنگرەیە نەک هەر شەرعییەتی پێویست بە جۆلانیی و پلانەکەی ئەردۆغان نابەخشێت، بەڵکو زەبرێکی گەورەیە بۆ ئەو شەرعییەتەی تا ئێستا بەخۆی داوە.

ئەمەش تەنها لەو حاڵەتەدا ڕاستە کە لایەن و پێکهاتەکانی سوریا بە کوردیشەوە، دەرەنجامی کۆنگرەکە قبووڵ نەکەن و پلانی هاوبەشی پێچەوانەیان هەبێت. بەڵام لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا حیسابەکە هەندێک جیاوازە. لەلایەکەوە ئەوروپا و بەتایبەت فەرەنسا سەرقاڵی لێکەوتەکانی ئەو بومەلەرزە گەورەیەی ترامپن کە لەکەیسی ئۆکرانیادا هەموویانی دوچاری حەپەسان کردوە. بەدیوەکەی تریشیدا، ئەوروپاییەکان بژاردەی زۆریان لەبەردەست نیە، بەتایبەتیش کە نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە کۆنگرەکەی ١٣ی ئەم مانگەی پاریس لە ئاستێکی نزمدا بوو، ئامادەش نەبوون دەرەنجام و بڕیارەکانی ئیمزا بکەن.

جیهان و ئەوروپا وای دەبینن، کە یان تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی سوریا بەهەر نرخێک، یان پاشاگەردانیی و شەڕی ناوخۆ. بۆیە ڕەنگە بەناچاریی لەگەڵ جۆرێک لە سیاسەتەکانی ئەمری واقیعی جۆلانیی و ئەردۆغاندا مامەڵە بکەن. ئەمەیان لەحاڵێکدا ئەگەر پێکهاتەکانی دیکەی سوریا بژاردەی دیکە پیشانی هەموو لایەک نەدەن. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەبێت ئەمجارەیان کورد، پەلە بکات، چاوەڕوانیی و دەستپێشخەریی نەکردن ئەنجامەکەی کارەساتی گەورە دەبێت. چونکە مەترسیی هەرە گەورەی ئەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا لە ترسی شڵەژان و شەڕی ناوخۆی سوریادا، مل بۆ ئەو سیاسەتە تاکڕەوییانەی جۆلانیی و قۆرخکارییانەی ئەردۆغان کەچ بکەن.

لێرەوە دەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی: کە ئەمە مەترسییە گەورەکەی ئەم کۆنگرەیە بێت، ئایا دەتوانین بیکەینە بە دەرفەت، و چۆن دەکرێت؟ پێش سەری ساڵ و دواتریش، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆنگرەکەی دیمەشق، ئێمە پێشنیارمان کرد، پەلە بکرێت لە ڕێککەوتنی کورد لە ڕۆژئاوا و بەوەفدی هاوبەش سەردانی وڵاتە بڕیاربەدەستەکانی کەیسی سووریا بکەن. بەداخەوە ئەوە نەکرا.

پێشنارمان دانێ کە ئەگەر ناتوانین بە وەفدی هاوبەش بچینە شام، لانیکەم با بە وەفدی هاوبەش بچینە پاریس، ئەوەشیان نەکرا. بۆیە ئێستا پێویستە زۆر بەپەلە کورد ڕێککەوتنێک بکات، ئینجا بە وەفدی هاوبەش لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی سوریا، دیالۆگ بکات. بە پلانی هاوبەش لەگەڵ ئەواندا بە پرۆگرام و ئەجیندای هاوبەشەوە بچێتە مەیدانی دانوستاندن. ئەم کۆنگرەیەی ئەمڕۆ، نەک هەر شەرعییەت بە جۆلانیی و گرووپەکەی نادات، بگرە بەجۆرێک شەرعیەتیان کەم دەکاتەوە، تا ئاستی ئەوەی دەیانکاتە گرووپێکی تەریککەوتوو لە هاوکێشەی بیناکردنەوەی سیستەمی سیاسیی سوریادا. هاوکێشەکە ئێستا بریتییە لە جۆلانیی و گرووپەکەی لەلایەک، هەموو هێز و لایەن و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا لەلایەکی ترەوە.

کەیسی دورزییەکان و دوا هەڵوێستی ئیسرائیل گرنگی خۆی هەیە. بوونی ئەحمەد ئەلعۆدە و گرووپەکەی، هەڵوێستی بایکۆتی نیمچە گشتگیری هەمووان، زۆر گرنگ و کاریگەرن. عەلەوییەکان ئێستا بەژەوەندییان لە فیدرالی و هەرێمی تایبەت بەخۆیانە، هەر دوێنێش بەیانێک بڵاو بۆتەوە باس لە دامەزراندنی هەرێمی ئۆغاریت لەناوچەکانی کەنار دەریای ناوەڕاست دەکات. ئێستا هاوکێشەکە بەو جۆرەی لێ دێت کە لەبەرژەوەندی ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی سوریادا بێت، هەربۆیە دەبێت زۆر پەلە بکەین: کوردی ڕۆژئاوا یەکهەڵوێستیی بگەیەنە ئاستی ڕێککەوتن و یەکڕیزیی دامەزراوەیی، پلانی خێرایان هەبێت بۆ دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەک لەناوخۆ و ناوچەکە و جیهاندا. دەبێ ئەو پەیامە بە جیهان بگات کە ئەم کۆنگرەیە، ئەم عەقڵییەتە نەک هەر سەقامگیریی بۆ سوریا ناهێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەی مەترسییەکانی ئەوانەوە، ئەگەر ملی بۆ کەچ بکەن، ئەوا شڵەژان و تەنانەت شەڕی ناوخۆش دەسەپێنێت.

لەم ڕۆژانەدا گێر پێدەرسنی باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا، لە دانیشتنێکی زۆر داخراوی بچووکدا، گوتبووی: هەمووان چاەوڕوانیی پەیامی ئاپە دەکەین. ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی نائومێدی پێدەرسن لە پرۆسەکەی جۆلانیی سەبارەت بە کورد پیشان دەدات، هاوکاتیش ئەوەمان پێدەڵێت کە پرۆسەی ئاشتی باکووریش یەکجار گرنگ و یەکلاکەرەوەیە.

ئەمەش دەبێت هەر هەموومان بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و نەتەوەیی پەلەکردن لە ڕێککەوتنی ستراتیژی کورد لە ئاستی کوردستانی گەورەدا. پرۆسەی ئاشتی باکوور و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕۆژئاوا پێویستی بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ئەو دوو پارچەیەیە لەگەڵ باشووریشدا.

پەیامەکانی ئاپۆ بۆ باشوور و ناردنی وەفدەکەی ئیمرالی بۆ باشوور، دەرککردنی بایەخی حەیاتیی و ستراتیژی ئەم ئەرکە پیشان دەدات. هەڵبەتە حیسابی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوور نابێت لەم هەموو بێنەوبەردەیە لەکۆتاییشدا دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە کات هەروا کراوە نابێت و چاوەڕێی ئێمە ناکات. دەبێت زۆر پەلە بکەین..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP