سەپاندنی باجی گومرکی لە لایەن ئەمريکاوە بە سەر بەرهەمی ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان، بووە بە بابەتێکی سەرەکی ميدياکانی جيهان. لێرەدا بە کورتی باس لە هۆکار و ئامانج و لێکەوتەکانی دەکەم.
هۆکار و ئامانجەکان: ئابووری و سياسييە، پڕۆسەکە ئابوورييە و ئامانجی ئابووری هەیە، هاوکات بەکارهێنانی ئامرازی ئابوورييە بۆ ئامانجی سياسی. سەبارەت بە ئابووری، بە پێی داتاکانی ٢٠٢٣، ئەمريکا بە بڕی دەوروبەری 2,019 ترلیۆن دۆلار بەرهەم و شمەک هەناردەی دەرەوە دەکات، لە بەرانبەردا بە بڕی دەوروبەری 3,172 ترلیۆن دۆلار بەرهەم هاوردە دەکات لە دەرەوە. واتە زیاد لە یەک ترليۆن دۆلار کورتهێنان هەیە لە نێوان هەناردە و هاوردەی ئەمريکا لەگەڵ دەوڵەتانی جيهان، کورتهێنانەکە لە بەرژەوەندی دەوڵەتانی ترە، بە تايبەت چين و مەکسيک و یەکێتی ئەوروپا و ڤێتنام و ژاپۆن. لەسەر ئەم بنەمایە، بڕياری حکومی سەبارەت بە سياسەتی باجی گومرکی پێويست و گرنگە، چونکە کورتهێنانەکە زۆر گەورەیە و هەزار مليار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
ئەم کورتهێنانە چەندين فاکتەری هەیە، بەهای دۆلار یەکێکە لە فاکتەرەکان. بۆ نموونە ئەگەر بازرگانێک بە دە هەزار دۆلار یەک کۆنتێنەر بەرهەم بکڕێت لە ئەمريکا، لە چين دوو دانە دەکڕێت. چونکە بەهای دۆلار بەرزترە لە بەهای دراوی چينی و زۆر دراوی تر. گرانی دەستی کار و کرێ لە ئەمريکا، وای کردووە بەشێک لە کۆمپانيا گەورەکانی ئەمريکا لەبەر دەستی کار و کرێی هەرزان بچنە وڵاتانی تر، بۆ نموونە دەچنە چين و ڤێتنام. گرانی بەرهەمی ئەمريکی بە براورد بە بەرهەمی وڵاتانی تر، وا دەکات بەشێک لە ئەمريکييەکان زیاتر بەرهەمی بيانی بکڕن، چونکە لە هی ناوخۆ هەرزانترە. ئەمە وا دەکات ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و کۆمپانيای ئەمريکی مایەپوچ ببن و کارکردنيان بوەستێنن یاخود بچنە دەرەوەی ئەمريکا. چونکە ناتوانن کێبرکێی بەرهەمی بيانی بکەن لە ڕووی نرخەوە. بۆ نموونە ئەگەر بەرهەمێکی ئەمريکی بە ١٠ دۆلار بێت، هەمان بەرهەمی چينی لە ئەمريکا بە ٨ دۆلارە. ئەمە وا دەکات بەرهەمهێنەرە ئەمريکييەکە لەناوخۆی وڵاتەکەی نەتوانێت کێبرکێی بەرهەمە چنييەکە بکات. بۆیە یان کۆمپانياکەی دادەخات یاخود دەچێتە دەرەوە. کاتێک باجی گومرکی زیاد دەکرێت، ئەوا ئەو بەرهەمە چينييە دەبێتە ١٠ یان ١١ دۆلار، ئەو کات بەرهەمهێنەرە ئەمريکييەکە یان دووبارە کارگەکەی دەکاتەوە، یاخود دەگەڕێتەوە بۆ ئەمريکا، چونکە ئيتر بەرهەمەکەی خۆی هەرزانترە لە چينييەکە، یاخود وەک یەکن، ئەو کات بە هۆی کواڵێتييەوە ئەمريکييەکە کڕياری زیاتر دەبێت. بەرزکردنەوەی باجی گومرکی لەم ڕووەوە کاريگەر و بەسوودە.
ئەگەر بابەتەکە بەو شێوەیەیە، بۆچی زۆربەی ئابووريناسانی ئەمريکا بە گومان و ترسەوە سەيری ئەو بڕيارانەی تڕەمپ دەکەن؟ لە ڕووی ئابوورييەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانی بازرگانی لە ڕیگەی باجی گومرکييەوە چارەسەر بکرێت، ئەوا پێويستە مامەڵەکە زیاتر لە چوارچێوەی زانستی ئابووريەوە بکرێت، نەک سياسی. بۆ نموونە چارەسەری ئابووری بۆ زیادکردنی باجی گومرکی بريتييە لە: ئەو کارگە و کۆمپانيا ئەمريکييانەی کە تەنيا بە هۆی کێبرکێی نرخەوە داخراون یان چوونەتە دەرەوە، پێويستە باجی گومرکی بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوە. بەڵام هەندێک بەرهەمی بيانی هەن، کە ئەمريکا خۆی درووستی ناکات، یاخود ژينگە و دەرەفەتی درووستکردنی نييە، پێويست ناکات باجی گومرکی لەسەر زیاد بکرێت. واتە، زیادکردنی باجی گومرکی بە پێی ئابووری پێويستە لەسەر بنەمای شمەک و بەرهەمەکان بێت، نەک لەسەر بنەمای دەوڵەتی خاوەن بەرهەم. بۆ نموونە چين هەزار جۆر شمەک هەناردەی ئەمريکا دەکات، ٢٥٠ بەرهەمی بوونەتە مایەیی لەناوبردنی هەمان جۆر شمەک لە ئەمريکا، ٢٥٠ بەرهەمی چينی کێبرکێی بەرهەمی ئەمريکی دەکەن و لە قازانجی کەم دەکەنەوە. ٢٥٠ شمەک دەکرێت جێگرەوەیان هەبێت لە ئەمريکا. ٢٥٠ شمەکی تر، ئەمريکا یان توانای نييە درووستی بکات، یاخود پێويست ناکات، یان دەرەفەتی نييە (وەک بەرهەمە سروشتی و کولتورييەکان...). لەم هاوکێشەیەدا ئەوا دەبێت، بۆ نموونە یەکەم جۆری شمەک ٤٠٪ باجی گومرکی لەسەر زیاد بکرێت، دووەم جۆر ٢٠٪، سێيەم جۆر ١٠٪ ، جۆری چوارەم وەک خۆی بمێنێتەوە بە بێ زیادکردنی باج. بەڵام بڕيارەکەی تڕەمپ ئاڕاستەی کۆی بەرهەمی چينييە، یان دەوڵەتانی تر، لێرەوەیە بڕيارەکە زیاتر سياسييە وەک لەوەی ئابووری بێت.
سەبارەت بە هۆکار و ئامانجی سياسی، تڕەمپ پێیوایە ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان، لە ڕیگەی بازرگانييەوە، زیانی گەورەیان لە ئابووری ئەمريکا داوە و وڵاتەکەی بەکاردەهێنن بۆ سوودی خۆیان بە بێ رەچاوکردنی سوودی ئەمريکا. ئەم بۆچوونە لە ڕووی واقعييەوە ڕاستی تيایە، بە تايبەت بۆ چين، سياسەتی دراوی چينی، دزينی بيرۆکە و داهێنانی ئەمريکی لە لایەن چينەوە زیانی گەورەی بە ئەمريکا گەياندووە و قازانجی زۆری بۆ خۆی هەبووە. بۆیە بڕيارەکانی تڕەمپ جگە لە لایەنی ئابووری، لایەنێکی فشار و هەڕەشەکردن و سزادانی سياسی بەڕوونی پێوە ديارە. لە ڕیگەی سياسەتی سەپاندنی باج دەيەوێت سزای کۆمەڵێک دەوڵەت بدات، هەڕەشە و فشار لە کۆمەڵیکی تر بکات، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە سياسەت و بازرگانی بکەن کە ئەمريکا خوازيارێتی.
لێکەوتەکانی چی دەبن؟ زیادکردنی باجی گومرکی بە سادەیی واتە،ئەگەر دەوڵەتێک بۆ هەر بەرهەمێکی خۆی ٥ دۆلاری وەک باجی گومرکی بە ئەمريکا دابێت بۆ چوونە ناو بازاڕی وڵاتەکە، ئێستا دەبێت ٦ یان ٧ دۆلار بە حکومەتی ئەمريکا بدات. بێ گومان ئەمە ڕاستەوخۆ داهاتی حکومەتی ئەمريکا زیاد دەکات کە دەوترێت ساڵانە دەگاتە ٦٠٠ مليار دۆلار. بەڵام لە لایەکی ترەوە، هاووڵاتيانی ئەمريکی کاتێک بەرهەمێکيان بە ١٠ دۆلار دەکڕی، ئێستا دەبێت هەمان بەرهەم بە ١١ و ١٢ دۆلار یان زیاتر بكڕن. واتە هەڵاوسان زیاد دەکات، نرخی شمەک بەرز دەبێتەوە کاريگەری خەراپی دەبێت لەسەر چينی هەژار و ناوەڕاست. بۆ نموونە ئەگەر خەرجی خێزانێکی ئەمريکی مانگانە ٢ هەزار دۆلار بوایە، ئيتر لەوانەیە ٢٢٠٠ دۆلار بێت. ئەگەر پلانەکەی تڕەمپ سەرکەوتوو بێت یا نا، ئەم گرانييە لە نرخی شمەک بۆ ماوەیەکی کاتی هەر ڕوودەدات. بۆیە حکومەتەکان کاتێک ئەو جۆرە بڕيارانە دەدەن، هاووڵاتيان ئاگادار دەکەنەوە کە بۆ ماوەی چەند مانگێک ژیانیان قوورستر دەبێت و پێويستە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ئايندەی وڵات بەرگەی بگرن.
لەو ماوە کاتييە، پێويستە پلانێکی تۆکمە بۆ گەشەکردن بە بەرهەمی ناوخۆ هەبێت. بۆ نموونە ئەو کارگانەی کە لەبەر کێبرکێی نرخ داخرابوون یان چوونەتە دەرەوە، پێويستە دووبارە لەناوخۆ دەست بەکار بکەنەوە، چونکە ئيتر دەتوانن کێبرکێ بکەن و قازانجی زۆر بکەن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەوا ڕێژەی ئەو گرانييەیی کە بۆ ماوەیەکی کورت هەبوو، دادەبەزێت. بەو مەرجەی چاودێری حکومی هەبێت بۆ دياريکردنی نرخ. ئەگەر ئەو پلانە نەبێت، کەواتە پێويستە حکومەت ئەو داهاتەی کە لە زیادکردنی باجی گومرکييەوە بەدەستی دەهێنێت، بەکاری بهێنێت بۆ هاوکاری کۆمەڵگە و ڕێگرتن لە گرانی. لەم سيناريۆیەدا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ سوودێکی گەورە لەو سياسەتی باجی گومرکييە نابێنێت.
بڕيارەکانی ئەمريکا سەبارەت بە باجی گومرکی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ جێبەجی بکرێت و نەگۆڕێت، لەوە دەچێت کاريگەرييەکی دوو لایەنەی هەبێت لەناوخۆ: بوژانەوەی بەشێک لە بەرهەمهێنانی ئەمريکی کە بە هۆی کێبرکێی نرخەوە زیانی گەورەیان بەرکەوت بوو. لەو بەرهەمانە دەکرێت نرخ دابەزێت. بەڵام کۆمەڵێک بەرهەمی تر کە ئەمريکا درووستی ناکات، لەبەر هەر هۆکاریک بێت، نرخ بەرز دەبێتەوە. چونکە وەک وتم، باجەکە بۆ کۆی بەرهەمەکانی وڵاتانە، نەک کۆمەلێک جۆری دياريکراو. بێ گومان هيچ دەوڵەتێکش ناتوانێت هەموو بەرهەمێک درووست بکات لەناوخۆ. بە کورتی ئەو سياسەتی باجە، دەکرێت لە هەندێک بواردا سوودی هەبێت، لە هەندێک بواری تر زیانی هەبێت.
ئەگەر دەوڵەتانی تر بە هەمان شێوە وەڵامی ئەمريکا بدەنەوە و باجی گومرکی لەسەر بەرهەمی ئەمريکی زیاد بکەن، ئەوا ئەو ٦٠٠ مليارەی ئەمريکا بەدەستی دەهێنا لە ڕیگەی زیادکردنی باجی گومرکييەوە، بە رێگەیەکی تر دەبێت بيداتەوە بە دەوڵەتانی تر. چونکە ئەگەر وەبەرهێنەرێکی ئەمريکی ٥ دۆلاری بدایە بە ژاپۆن بۆ چوونە ناو بازاڕی وڵاتەکە، ئێستا دەبێت ٦ یا ٧ دۆلار بدات. کەنەدا و چين و ئەوروپا بڕياريان داوە بە هەمان شێوە وەڵامی ئەمريکا بدەنەوە.
ئەگەر بەشێک لەو دەوڵەتانە، بە تايبەت یەکێتی ئەوروپا و چين و ژاپۆن و کەنەدا و مەکسيک، ناچار بن ڕێککەوتن بکەن لەگەڵ ئەمريکا و مەرجەکانی تڕەمپ جێبەجێ بکەن، ئەوا لە ڕووی سياسی و ئابووريشەوە ئەمريکا دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت.
بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەو بڕيارانەی تڕەمپ سەبارەت بە باجی گومرکی، لەبەر ئەوەی تەنيا لە چوارچێوەی ئابووری نييە و زیاتر سياسييە، چونکە کۆی بەرهەمی دەوڵەتان دەکاتە ئامانج، ئەمە لە ڕووی سياسی و ستراتيژييەوە هەر دەبێت زیانی هەبێت بۆ ئەمريکا. بڕيارەکەی تڕەمپ، وەک لێدوانەکانی سەبارەت بە ناتۆ و ئەوروپا و کەندا، دژی سيستەمێکە کە ئەمريکا درووستی کردووە و ئەمريکای کردووە بە سوپەرپاوەری جيهان. ئازادی بازرگانی و سياسەتی ڕێکخراوی بازرگانی جيهانی، کەمکردنەوەی باجی گومرکی... کۆمەڵێک بەها و سياسەتی سەردەمی سيستەمی جيهانی ئەمريکين. ئەو سيستەمەی کە تڕەمپی کردووە بە بەهێزترين سەرۆکی جيهان و ئەمريکای کردووە بە بەهێزترين دەوڵەتی مێژوو، کۆمەڵێک بڕيار و لێدوانی تڕەمپ وا دەردەکەون کە دژی ئەو سيستەمەیە. ئەو بڕيارانە ئەگەر جێبەجێ بکرێن و ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، تەنيا بۆ فشار و هەڕەشە نەبێت، دەبنە مایەیی کەمکردنەوەی متمانە بە ئەمريکا لە لایەن هاوپەيمانەکانی، متمانە بە سيسەمی جيهانی ئەمريکی، بە دۆلار و سەرکردایەتی ئەمريکا. ئەو جۆرە بڕيارانە دەکرێت ببنە هاندانێک بۆ دوورکەوتنەوەی دەوڵەتان لە ئەمريکا و نزيکبوونەوە لە چين. ئەم بۆچوونە بەشیکی گەورە لە ڕاستی تیایە.
کۆمەڵێک لە پسۆران و چاودێران باس لەوە دەکەن ئەو دەوڵەتانە دەکرێت هەموویان بە یەکەوە بڕياریک بدەن دژ بە ئەمريکا و دەستبەرداری بازاڕ و دۆلار و بەرهەمی ئەمريکی بن و پشت بە یەکتر ببەستن. ئەمە بۆ ئايندەیەکی نزيک و مامناوەند مەحاڵە، بۆ ئايندەیەکی دووريش نيمچە مەحاڵە. ئەمريکا تەنيا لە ئاستی فەرمی و یاسایی دەوڵەتە، لە واقعدا زۆر لە دەوڵەت گەورەترە. جارێکی پرۆفيسۆرێکی عيراقی لە بواری زانستە سياسييەکان لە یەکێک لە سيمينارەکانی وتی ئەمريکا دەوڵەت و سوپەرپاوەر و ئيمپراتۆريەت نييە، بەڵکو چەمکە. ئەمريکا چەقی زانست و تەکنەلۆژیا و بنەما سەرەکييەکانی ژیانە لەم سەردەمەدا. هەموو جيهان بە یەکەوە بچنە یەک بەرە، ناتوانن ئەمريکا پەراوێز بکەن.
بۆ نموونە، ئەمريکا جگە لەوەی خاوەن بەهێزترين ئابووری و تەکنەلۆژيا و زانست و سوپایە لە مێژوودا، گرنگترين بازاڕيشە لە جيهاندا. چين کە دانيشتووانی نزيکەی چوار جار لە ئەمريکا گەورەترە، بەڵام بازاڕی ئەمريکا گەورەترە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی بيانی. واتە وەک کڕيار دەوڵەمەندترينە لە جيهاندا. دەوڵەتان، بە تايبەت چين و یەکێتی ئەوروپا و ژاپۆن و هيندستان... ناتوانن و ئامادە نين بە هيچ پاساوێک دەستبەرداری گرنگترين و گەورەترين و دەوڵەمەندترين بازاڕی جيهان بن بۆ شەمەک و بەرهەمەکانيان. بازاڕی ئەمريکا، یەکێکە لە فاکتەرەکانی بەهێزبوونی چين. بۆیە دەکرێت ناکۆکی و زیادکردن باج و کەمکردنەوەی بازرگانی ڕووبدات بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام دەستبەرداربوون لە ئەمريکا واقعی نييە.
یەکێک لە جياوازیيەکانی ئابووری و بەرهەمهێنان لە نێوان ئەمريکا و چين بريتييە لە کواڵێتی و داهێنان. ئەگەر لە ڕووی چەندایەتييەوە چين چەندين جار لە ئەمريکا بەهێزتر بێت، ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی داهێنان و کواڵێتی ئەمريکا. لەسەر ئاستی زانستەکان (بە زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتييەکان) و تەکنەلۆژیا کە بنەمای ژیانی ئەم سەردەمەن، جيهان ناتوانێت دەستبەرداری ئەمريکا بێت. هاوکات زۆرێک لە دەوڵەتانی گرنگ لە جيهاندا، لە ڕووی ئاسايش و چەک و سەربازييەوە ئامادە نين و ناتوانن دەستبەرداری ئەمريکا بن. جگە لەوەی مەحاڵە هەموو ئەو دەوڵەتانە لەسەر پرسی دژایەتی ئەمريکا یەکبگرن.
بە گشتی ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو بێت، وەک ئەوەی تڕەمپ دەيەوێت، سوود و دەستکەوتی گەورەی دەبێت بۆ ئەمريکا لە ڕووی سياسی و ئابوورييەوە. ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا زیانی گەورەی دەبێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی. یەکێک لە خاسيەتە باشەکانی دەوڵەتی ديموکرات ئەوەیە کە دەرەفەتی زۆرە بۆ چاکردنەوەی بڕياری هەڵە، چ لە ڕیگەی دەنگدانەوە بە گۆڕينی حکومەت، یان لە ڕێگەی فشاری ناوخۆ و ئۆپۆزسيۆن. بۆ نموونە پوتين بڕياری جەنگی دا لە ئۆکڕانيا، ئەگەر پەشيمان ببێتەوە وەک خۆکووژی دەيبينێت، دەکرێت ڕووسيا وەک دەوڵەت بکەوێتە بەردەم مەترسی گەورە. لە کاتێکدا گريمان بڕيارەکانی تڕەمپ زیانی دەبێت بۆ ئەمريکا، ئەوا هەر خۆی بڕيارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، بە ئيرادەی خۆی یان بە فشار، لە خەراپترين دۆخدا چوار ساڵ بەردەوام دەبێت پاشان بە هەڵبژاردن خۆی و بڕيارەکانی دەگۆڕن. ئەوەی لە دەوڵەتێکی نا ديموکرات دەبێتە هەڕەشەی گەورە و خۆکووژی، لە دەوڵەتی ديموکرات دەبێتە بانگەشەی دەنگدان، نە دەوڵەتەکە دەکەوێتە بەردەم مەترسی گەورە نە وەک خۆکووژييە بۆ سەرۆک و حکومەت. بۆ نموونە لێکەوتەکانی بڕياری کشانەوەی سۆڤيەت لە ئەفغانستان بە براورد بە لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمريکا لە ڤێتنام. ئەوەی یەکەم بووە هۆکارێک بۆ ڕووخانی سۆڤيەت، ئەوەی دووەم ئەمريکای بەهێزتر کرد. بە هەمان شێوەی کشانەوەی ئەمريکا لە عيراق و ئەفغانستان، کە بڕيارەکە کرایە بانگەشەی دەنگدان، بە براورد بەوەی پوتين بڕياری کشانەوە و کۆتایی هاتنی جەنگی ئۆکڕانيا بدات.