ساڵی ١٩٩٩ کە بووە سەرۆکی حکوومەت، کەسایەتییە جەماوەری و ئەکادیمی و خاوەن کار و سەرمایەکانی هەولێری کۆکردەوە و ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاری لێ دروستکردن، بیرمە پێی وتن: چی بکەین بۆ هەولێر؟
کاتتان بەوەوە ناگرم کە وەڵامی پرسیارەکەی و تەحەددییاتەکانی کارەکەی و بگرە خەوف و حەزەری ئەهلی مەجلیسەکەش، لەو کاتەدا چەند و چۆن و چی بوون، بەڵام قەرارەکەی ئەوتان پێ ئەڵێم کە ڕوو لە هەمووان وتی: هەولێر ئەکەینە پایتەختێک، شایان بێ بە ناوەکەی!
تەبعەن ئەو لە کاتێکدا ئەو جووڵەیەی کرد، وەزعی هەرێم لەناوەوە پەرش و پەرت، لەدەرەوە قورس و سەخت، ئینجا ترس و گومانی خەڵکیش لە مانی بەعس لەسەر تەخت، لەولاوە بوەستێ، بەڵام ئەوەی ئەو بیری لێ کردەوە بۆ هەولێری بکا و کردیشی، دوو سێ ساڵێک دواتر ( ٢٠٠٣ بەرەو سەر) کە هەموو ڕێگاکان هەر هاتنەوە بۆ هەولێر و هەولێر بووە ڕووگەی سیاسی و ئابووری و بگرە خێمەی ئەمان بۆ هەمووان، ئینجا گرنگی ئەوەی ئەو بۆ هەولێری کرد، بۆ یار جێی ئیعجاب بۆ نەیاریش جێی ئیزعاجی بوو!
٢٠ ساڵ لەمەوبەر کە دەستووری عێراق پەسەندکرا و هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی دەستووری ناساند، ئەو پێشوەختە ئەیزانی کە ئەو ئیعتیرافە دەستوورییە، بۆ قایمکردنی پێی هەرێمەکە لەسەر ئەزری واقیع کافی نیە، ئەیشیزانی بادلۆیەکی پتەو بۆ بینای ئەم هەرێمە، جگە لە چەکی شان و هی ئیرادە، چەکی تریشی ئەوێ، ئیتر بە پشتیوانی خوا و پشتئەستوور بە سەرۆکەکەی خۆی (سەرۆک بارزانی)، دەستی بۆ ئەو چەکەش برد،، چەکی وزە!
لە ڕاستیدا گەڕانەکەی بەدوای نەوتدا و دەرهێنانی و لە بۆری نانی و ڕەوانەکردنیشی بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتەواوی ئیشی خۆی کرد، گۆڕانێکی لەبنەڕەتەوە سیاسی و ئیداری و ئابووری لەم هەرێمەدا دروستکرد، مەسڵەحەتی ئەهلی قەراری لە ناوچەکە و لە دنیاشدا پێوە گرێدا و ئەوەتا تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ، چەکی وزە، ئەو چەکەیە کە هەرجارەی بە نەوعێک، شەڕی پێ ئەکەین! ئەوانەیشی کە ئەڵێن (ئەو نەوتە بوو بە بەڵا)، لەنێوان حەق و ویژاندا، یەکێکیانیان ون کردووە، ئاخر ئەگەر ئەو ئەوەی نەکردایە (کە بە تەحەدداوە کردی)، زۆر دەمێک بوو بەڵای ڕاستەقینەمان ئەدی!
لەوەتای سەرۆکی هەرێمیشە، وەک نوێنەرێکی ئەمینی گەل، لە مەحافلی نێودەوڵەتیدا لەپاڵ سەرۆک و سەرکردەکانی دنیادا دەرئەکەوێ!
من هیچ لەسەر ئەو کۆڕ و مەحفەلە نێودەوڵەتییانە و ئەوانەی تیایدا ئامادە و بەشدارن ناڵێم، بەس هەر ئەوەندە ئەڵێم، نێچیرڤان بارزانی ئەگەر نەزانێ بەشداری و ئامادەبوون لەو جێیانە، سوودێکی بۆ ئایندەی هەرێم و قەزییەکەش هەیە، ئەکید لەو جێیانەدا دەرناکەوێ، ئاخر ئەو هەر بە تەبیعەت، حەزی لە دەرکەوتن و باسکردن و ناوهێنان نیە،،
ئەگەر سوودێکی نەبێ.