لەم ڕۆژانەدا لە مەجلیسێکی خۆییانەدا، باسی سووریا و وەزعە تازەکەی هاتە گۆڕێ، برادەرێکی نزیک لە کاک نێچیرڤان و زۆر ئاگادار لە جووڵە سیاسییە (باسنەکراوەکانی)، هەندێک قسەی لەسەر دەوری پشت پەردەی کاک نێچیرڤان لە خەمی بۆ وەزعی کورد لە سووریا کرد و چەند مەوقیفێکی ئەویشی لەگەڵ هەرچی زلهێزی دنیا و ئەم ناوەش هەیە گێڕایەوە، خۆزگە بیووتایە ئاساییە باس بکرێن، تا منیش ئێستا باسیان بکەم، بەڵام چونکە وتی بەینی خۆمان بێ، ئیتر ناکرێ هیچ بڵێم، بەس ئەگەر من ئێستاش نەیڵێم، ئەکید مێژوو لە زاری (بەویژدانێک)ەوە هەر ئەیڵێ!
لەو مەجلیسە بگەڕێن، دیققەت لەوەی میونشن بدەن،،
لە 3 ڕۆژدا 30 دیداری لەوێ هەبوو، تەنانەت ئەگەر بەخێراییش چاوێک بە هەواڵەکانیدا بگێڕدرێ، ئەوا هەواڵێکی نادۆزیتەوە کە تیایدا مافی کورد لە سووریا، پێگە و جێگەی کورد لە سووریا، ئایندەی کورد لە سووریا، جێی باس و جێی بایەخ و جێی بەدواداچوونی نەبووبێ، خۆ زلهێز و خاوەن قەرارێک لەدنیادا نەما، باسی کوردی سووریای بۆ نەکردبێ!
ئەمساڵ کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، هاوکات بوو لەگەڵ گەرمترین باسی ڕۆژ لە دنیا، کە گۆڕانکارییە سەریع و درامییەکەی سووریایە،،
شەرق و غەرب چۆن لەو گۆڕانکارییە ئەڕوانن و ئەیانەوێ بەرەو کوێی ببەن نازانم، بەڵام بەلای سەرۆک نێچیرڤانەوە، کە خۆیشی هەم لەبەردەم ئەهلی قەرار و هەم لەبەردەم میدیاشدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند، لە سووریای تازەدا، کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی، ئەبێ مافی وجوود و مافی شەراکەتی لە وڵات و مافی بەشداریی لە حوکمڕانیدا هەبێ، ئەگەرنا،، ڕاستە ئەو بە ئاشکرا ئەوەیانی نەووت، بەڵام بیستوومە ڕووبەڕوو بە هەمووانی وتووە: ئەگەرنا، سووریاش سەقامگیر نابێ!
تەبعەن ئەو هەر بەوەندە نەوەستاوە کە ڕوانگەی خۆی بۆ مافی کورد لە سووریا بە دنیا بڵێ، بەڵکوو ڕێی بەرەو بەدەستهێنانی ئەو مافانەیشی، ڕووبەڕوو بە هێزەکانی کورد لە سووریا و بە لایەنە سیاسییەکانی و تەنانەت بە کەسایەتییە خاوەن پێگەکانیشی ڕاگەیاندووە و بەسەراحەت پێی وتوون: ڕاستە جیاوازن، بەڵام نەک بۆ بەدەستهێنانی ماف، بەڵکو بۆ مردنیش، پێکەوە بن!
ئەم قسەیەی، زۆر دەمێکە لە زۆر جێی تر، بۆ زۆر کەس و زۆر لایەنی تر، کردووە، جا ئەوەی بەگوێی کرد قازانجی کرد و ئەوەیشی نەیکرد، بەداخەوە زەرەر.