دواین هەواڵ

(ئیدریسی هەرماو)!

‌شیروان تاڵیب

31/01/2025

ڕەوانشاد فەلەکەددین کاکەیی لە بارەی مەرگەوە دەقیق بیرم نەماوە، بەس مامەعنا ئەیووت: مەرگیش هەر ژیانە، بەڵام بە جۆرێکی تر!

ئەگەر لەم بۆچوونە قووڵەی کاکەییەوە، لە مەرگی کاک ئیدریس بڕوانین، دەقیقەن وایە، مەرگ بۆ ئەو، تەنیا کۆتاییە فیزیکییەکەی بوو نەک کۆتایی خۆی، ئەو بەجۆرێکی تر هەر ماوە!

ئەوانەی کە لەسەر بەردی ژیان، بە کاری گەورە و ئاکاری بەرزیان نەخشێک ئەکێشن، ئیتر کە بای مەرگ ئەیانبا، لە زیهنی ویژدان زیندووەکاندا نەمردوون، هەر زیندوون!

ئێمە چونکە ئەمڕۆمان زۆر لە ڕابردوومان ئەچێ، ئیتر بۆ هەر باسێک کە ئەمڕۆ دێتە گۆڕێ، ناوی گەورەکانی دوێنێ، کە کاک ئیدریس یەکێکیانە، لەگەڵیدا دێ،،،

لە باسی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەییدا کە باسی ئەمڕۆیە، ناوی ئەو دێ،

لە باسی ئیرادەی هەستانەوەی دوای کەوتندا و لە بەرەنگاریی بەڕووی دوژمندا، کە باسێکی نەبڕاوەی هەمیشە کراوەیە، هەر ناوی دێ،

کە باس لە خەمی ژیانی پێشمەرگە و گوزەرانی کەسوکاریان ئەکرێ، ناوی ئەو دێ،

کە باس لە سنگفراوانی سیاسی و حیزبی و لە کراوەیی بیر و دڵ و دەستی سەرکردە ئەکرێ، دیسان هەر ناوی دێ،،

یەعنی مەسەلەیەک نیە کە دوێنێ جێی باس بووبێ و ئەمڕۆش جێی باس بێ و ناوی کاک ئیدریسی لەگەڵدا نەبێ، دەی ئەمە مەرگە یان مان؟!

ڕەحمەتی کاک فرەنسۆ، کەلعادە، لە ناوهێنانی کاک ئیدریسیشیدا هەر چاک ئەیپێکا و پێی ئەووت:

ئیدریسی هەرماو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP