دواین هەواڵ

سەرۆک بارزانى ، پەرۆش و فریادرەسى دۆزى کورد

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 رۆژ پێش ئێستا

لە نێو گۆڕانگارى و پێشهاتە خێرا سیاسیەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناویدا، بەهۆى بوونى رابەرایەتییەکى ژیر و بەهێز ، هەرێمى کوردستان توانیوێتى وەک کارەکتەرێکى کاریگەرى رۆڵى گرنگ و سەرەکى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگاریی و کێشە ئەمنى و ستراتیژییەکان ببێنێت و مامەڵەیەکى سەرکەوتووانە بکات کە مەترسى گەورەیان لەسر سەقامگیریی دەڤەرەکە دروست دەکەن، بەتایبەت لە ڕووى یەکخستنى هێزولایەنەکانى کوردستانى لە نێوخۆ و بەتایبەتى لە رۆژئاڤاى کوردستان ، هەر بۆیە ، ئەو جۆرە سیاسەتە سەرکەوتووانە وایکردووە ببێتە جێگەى بایەخى وڵاتانى زڵهێزى وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و ئەوروپا و وڵاتانى ناوچەکەش و بە چاوێکى هاوپەیمانى ستراتیژى نەک تەنها هاوبەش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڕوانە هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆک مسعود بارزانى ،وەک ڕابەر و کەسایەتییەکى کارێزما وکاریگەر.

خوێندنەوەى وردبینانە وستراتیژییانەى سەرۆک بارزانى ، بۆ رووداو و پێشهات و گۆڕانکارییە مێژووییەکان ، وایانکردووە کە هەرێمى کوردستان جێگەى بایەخ و پیگەى گەورە بێت لە سیاسەتى ئەمەریکا ، بەتایبەتى رۆڵ و سەرکردایەتى بارزانى بۆ یەکریزى و تەبایی هێزولایەنەکانى کوردانى رۆژئاڤا و ئاماژەدان بە سەرهەڵدانەوەى داعش لە عێراق و سووریا ، وایکردووە کە سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکە بەهێز تر بکات وەک هاوپەیمانێکى متمانەپێکراو لەگەڵ زڵهێزانى وەک ئەمەریکا و فەرەنسا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر.

ناکرێت ئاماژە بە راستییەکى حاشاهەڵنەگر نەکەین ، ئەوەش ئەوەیە کە لە نێو گشت هێزولانە عێراقییەکان ، ئەوەى لەگەڵ مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکایە و تا ئێستاش رژدە و مەترسییەکانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانى بە باشى درک پێکردووە ، تەنها حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆک بارزانییە ، چونکە بەڕەچاوگرتنى باردۆخى ئێستاى ناوچەکە لە پێناو سەقامگیرى و زیاتر بەردەوامیدان بە مەشق و راهێنان  و هاوکاریکردنى هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و لە ئێستاشدا راوێژکارى رۆڵى گرنگ و بەرچاویان بینیووە و ئێستاش زەوورەتێکى حاشاهەڵنەگرە ، ئەوەش لە پێناو پشتیوانیکردنى ئۆپراسیۆنەکانى دژى داعش لە عێراق و سووریا .

لەلایەکى دیکەوە، ئاڵۆزى رەوشى سیاسى عێراق و بوونى دەیان گروپى میلیشیایی ، بەردەوامیی فشارە سیاسى و ئابوورییەکانى بەغدا دژ بە هەرێمى کوردستان و ئینجا هاوکارى نەکردنى هێزەکانى پێشمەرگە لە هەستیارترین دۆخ و بەتایبەت لە ماوەى شەڕى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و نەناردنى چەک و تەقەمەنى ، لەگەڵ ئەوەشدا هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە سەرپەرشتى راستەوخۆیی سەرۆک وبارزانى ، لە سەنگەرى پێشەوە توانیی عێراق و سووریا وهەرێمى کوردستان لەو هەڕەشە و مەترسییەکان بپارێزێت و لە جیاتى هەموو جیهان شەڕى بەرگریی بکات .

هەروەها لە هەموو قۆناغەکاندا  بارزانى و هەرێمى کوردستان رۆڵى گرنگ و سەرەکییان بۆ هاوکاریکردن  وپشتیوانیکردنى هێزولایەنە کوردستانییەکان لە هەر شوێنک بووبن گێراوە ، چونکە هەمیشە پەرۆش و خەمخۆرى دۆزى کورد بووە لە هەموو ناوچەکە وو بەتایبەت بۆ ئێستاى رووداو و پێشهاتەکانى سووریاو دۆزى کورد لە رۆژئاڤاى کوردستان و داهاتووى پرسى کورد هەوڵەکانی خستۆتەگەڕ، ئەوەش مێژوویەکى نەک زۆر دوورمان بیر دێنێتەوە کاتێک زیاتر لە 80%ى خاکى کۆبانێ کەوتبووە ژێر چەنگى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش ، گەلى کورد لە مەترسیی دا بوو ، بە بێ دوو دڵى سەرۆک بارزانى ، هێزى پێشمەرگەى وەک هاوکاریکردن و فریادڕەسى رەوانى رۆژئاڤاى کوردستان ، بۆیە لە ئێستاش . سەرۆک بارزانى و هەولێرى پایتەختى کوردستان رۆڵى گرنگ لە رووى سیاسى و دیپلۆماسى لە پێناو چارەسەرى دۆزى کورد لە سووریا و بەتایبەتى دیمەشق و ئەنقەرە دەبینێت .

بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین کە ، لە ئەگەر  دووبارەبوونەوەى سیناریۆى شەڕى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و هەر جۆرە شەڕێکى تر ،هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى بارزانى ئامادەیە بۆ پشتیوانى دۆزى کورد و لە هەمان کاتیشدا هەمیشە وەک هاوپەیمانێکى ستراتیژى ئەمەریکا و هاوپەیمانانى لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەمێێتەوە ، ئەوەش ئاماژەیە بەسەرکەوتنى سیاسەت و دیپلۆماسى بارزانىیە  لە مامەڵەکردن هاوکێشە سیاسیەکانى ناوچەکەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP