دەسەڵاتدارانى عێراق لە رابردوو کاتێک کوردستان نەک خاوەن دەوڵەت و نە حکوومەت بوو بە فرۆکە و کیمیاباران و ئەنفال و کۆمەڵکوژى و تیرۆر و وێرانکردن گوند وکانیاو و سەرچاوە کشتوکاڵییەکانی هەوڵى سڕینەوە و خامۆشکردنیان دەدات ، لە ئێستاشدا و دواى 33 ساڵ لە حکوومڕانى گەلى کورد و کاتێک دەبینن کە خاوەنى قەوارەى و پەرلەمان و حکوومەت و فیدڕاڵى و گەشەسەندن و پێشکەوتنە، نەک هەر چاویان پێى هەڵنایەت ، ئەگەر بۆیان بکرێت ڕێگە نادەن هەناسە بکێشین.
گەلى کورد لە سەر خاک و نیشتیمانى خۆى خاوەنى سەروەت و سامانێکى زۆرە ، کە لە رابردوو بە دوژمنان ونەیارانى و بەتایبەتى حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق نەک هەر بەتاڵانیان دەبرد بەڵکو بۆ کڕینى چەکى قەدەغەکراو و وێرانکەر بۆ لەناوبردنى کوردوکوردستان بەکاریان دەهێنایەوە .
بۆ قۆناغى پاش ڕژێمى بەعس لەکاتێکدا هیوایەک بۆ کۆتایی هێنانى بە دیکتاتۆرى و ڕەتکردنەوەى مافەرەواکانى گەلى کورد و پێکهاتەکانى دیکەى عێراق بۆ بەدەسهێنانەوەى مافە زەوتکراوەکانیان دروست بوو بەڵام زۆرى نەخایاند جارێکى تر دیکتاتۆرى و تاکڕەویی بە شێوازێکى خراپتر و خۆپەرستانەتر گەڕایەوە کە ئەمجارەیان بە شێوەى تایفى ومەزهەبى ، ئەوەتا نەک کار بە هاوبەشى و فیدڕاڵى و دەستوور دەکرێت و دامەزراوەکان و دادگە بۆ تاوان و پێشێڵکارى و رەوایدان بۆ ستەمکارییەکان دژى بە گەلى کورد و هەرێمى کوردستان بەکار دێنن .
هەرێمى کوردستان سەرەڕایی پابەندبوونى بە هەموو ڕێککەوتن و برگە دەستووریەکان بەتایبەتىى بوارى نەوت و غاز کە لە ماددەى 111 و 112 ى دەستوورى هەمیشەیی عێراق مافى دەرهێ،ان و فرۆشتى داوەتە هەرێمى کوردستان بۆ بەکارهێنانى بەژوەندییەکانى گەلى کورد و فرۆشتنى لە بازارەکانى ناوچەک و جیهان ، ئەمەش وایکردووە کە کوردستان پێشکەوتن و گەشەسەندنى زۆر دواى چەندین ساڵ لە کاوڵکارى و وێرانکارى بەخۆیەوە ببینێت و لەهەمانکاتیشدا دەرگەى بۆ دەیان کونسوڵخانە و بازرگان و کۆمپانیا کردۆتەوە بۆ بەرژوەندەى هاوبەش و بوژانەوە و گەشەکردنى کوردستان ، ئەمرۆش بە گەواهیدەرى هەموو ئەوانەى کە سەردانى کوردستان دەکەن ئەو پێشکەوتننامەى بەچاوی خۆیان دەبیین .
دەمهەوێت بڵێم ، ئەوە چەند ساڵێکە ئاستى دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان رۆژ بە رۆژ سەختتر وقورستر دەبێت ، بەشێوەیەک کە نەیارانى کورد ئەو گەشەسەندن وپێشکەوتننانەیان بە پێى هەرس ناکرێت ، بریاریانداوە بە هەموو ئامراز و سیناریۆ و پیلانگێک پێش بەم گەشەسەندنانە بگرن ، هەڵبەت بە پاڵپشتى وڵاتانى هەرێمى ، ئەوا سیاسەتێکى قێزەوەن و نامرۆڤایەتییان بۆ برسیکردن خەڵکى کوردستان بەڕێگەى نەناردن بەش مووچە و بودجە گڕتۆتەبەر .
ماوەى زیاتر لە دە ساڵ ،دەسەڵاتە فاشیزمەکانى عێراق بە چاوساغى هەندێک کەس و لایەن سیاسەتێکى قێزەوەنیان بۆ ئازاردانى خەڵکى کوردستان گەمارۆدان بە ڕێگەى چەکى مووچە و بودجەوە ، خەون بەوە دەبینن کە گوایە بەم ڕێگەیەوە کوردوکوردستان لاواز بکەن و خۆى رادەستى فاشیزمەکانى عێراق بکات ،ئەوەى ئەمڕۆ لە عێراق بەرامبەر بە خەڵکى کوردستان دەکرێت نەک هەر جیاوازى نییە لەگەڵ حکوومەتەکانى پێشوو کە بە ئەنفال و کیمیاباران و تیرۆر کاریان بۆ لەناوبردنى گەلى کورد دەکرد بەڵکو خراپتر و دیکتاتۆرتریشە ، هەر رۆژەوە بیانوو و پاساوێک بەناوى حەق دەستى کۆمپانیا و ئینجا رادەستکردنى داهات و ناردنى لیستى مووچە و ناوى چوارەم و پێنجەم و هەر ماوە بڵێن شەجرەنامەکانتانیش بدۆزنەوە ، کە خۆى لە خۆیدا گاڵتەجارییەکە کە لە مێژوودا وێنەى نەبووە .
دەبێ ئەو راستییە بزانین ، مەرامى نەیارانى کورد لە عێراق و ناوچەکەش تەنها نەوتى کوردستان نییە کە کارتێکى بەهێز بۆ ئێستا و داهاتووى کوردستان و لە دەستێکى ئەمینى وەک سەرۆک مسعود بارزانیە دایە لە پێناو داهاتووى گەلى کورد و بەخەونیش رادەست ناکرێت ، بەڵکو خەونى دوژمنان ئەوەیە هەنگاو بەهەنگاو شتێک بەناوى قەوارەى فیدڕاڵى و هەرێمى کوردستان و سەروەرییەکانى بوونى نەمێنێت و شکۆى ئەم گەل و نیشتیمانە کە دەریاییەک خوێنى بۆ سەربەستى و شکۆمەندى ڕشتووە بوونى نەهێڵێن
ئەوەتا دواى نزیکەى دوو ساڵ فاشیزمەکانى عێراق ئامادەن بە دەیان ملیارد زەرر بکەن ، بەڵام هەموو کات چاوەروانى ئەوە دەکەن کە هەرێمى کوردستان لاواز بێت و بوونى نەمێنێت ، ئەوان باش دەزانن بە نەرمى نواندنى هەرێمى کوردستان ، هەنگاوەکانى دواتریان بۆ ئەوە دەبێت تا هێزێک بەناوى پێشمەرگەى کوردستان نەمێنێت ، دەزگە ئەمنییەکان و نوێنەرایەتى وڵاتانى هەرێم بوونى نەمێنێت و لەهەمانکاتیشدا ، دەست بە سەر هەموو خاڵە سنووریەکان و گومرکیەکان بگرن ، ئەوەى کە لە رابردوو خەونیان پێوە دەبینى و بەهێز وسەرباز هەوڵیان بۆ دا بەڵام نەهاتەدى .
بەدڵنییاییەوە لە پشت هەموو ئەو مەرامە شوومانەى فاشیزمەکانى عێراقەوە ، نە ناردنى مووچە و شایستەداراییەکانى خەڵکى کوردستان و برسیکردن ،تەنها شکاندنى شکۆ و ئیرادەى گەلى کوردستانە ، کە بەدڵنییاییەوە تا سەرۆک بارزانى و خۆڕاگرى گەلى کورد و پێشمەرگەى کوردستان هەبێ ، ئەو خەون و مەرامە نەک هەر نایەتەدى بەڵکو پووکانەوەى خۆشیان دەبینن .