دواین هەواڵ

چۆن ئەمریکا بخوێنینەوە؟

‌د.سەردار عەزیز

5 رۆژ پێش ئێستا

مشتومڕێکی چڕ لە ئارادایە لە ئەمریکا. ئەوەی لە ناوەوە دەگوزەرێت، وەک زۆر دیاردەی تری ئەمریکا، تەنها لە ناوەوە نامێنێت.

چەندین ڕێگا هەیە بۆ تێگەیشتن یان هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی دەگوزەرێت لە ئەمریکا.

دەکرێت لە ڕێگای کەسایەتییەکانەوە، لە ڕێگای چەمکەکانەوە، لە ڕێگای گروپەکانەوە، لە چەندین ڕێگای ترەوە هەوڵی پۆلێن تێگەیشتنی بدرێت.

ئەمڕۆ بە کورتی باس لە کەسایەتییەکان دەکەم.

گەوەرەترین کەسایەتی لە ئەمڕۆی ئەمریکادا دۆناڵد ترەمپە. ترەمپ ئەمریکای بە تەواوی دابەشکردوە بە سەر یار و نەیاردا. تەنانەت هەندێک وەهای دەبینن کە خاوەن کەسایەتییەکی نائاساییە، کە کەسایەتی شەیتانە. لە ساڵی ١٩٦٢ Henry A. Murray بابەتێک دەنوسێت دەربارەی کەسایەتی شەیتان لە مێژوی دوو هەزار ساڵەی ئایندا.

زۆر لە خەسڵەتەکان لەوێدا ئاماژەیان پێدراوە لە ئەودا بونی هەیە. بەڵام وەهابێت یان نا، ترەمپ چەندێک هۆکارە هێندە دەرئەنجام. ترەمپ نوێنەری ئەو بێزارییە بەرفراوانەیە کە لە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار هەیە لە ئەمریکا. بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە لە کاتێکدا کە خەڵک وەها دەزانن کە باشی دەکات، هێندەی تر قوڕەکە خەست دەکاتەوە.

ترەمپ هەروەها وەها دەبینرێت ئەو کەسە گونجاوەیە کە ئەوەی هەیە تێکی دەدات، چونکە ئەوە تەنها ڕێگایە بۆ دەرچوون لە دۆخەکە. لە هەمانکاتدا، ترەمپ وەها دەبینرێت کە هەڵسێنەرەوەی داڕوخانێکە کە ئەمریکا توشی بووە.

تێزی داڕوخان زۆر ئاڵۆزە و جۆری زۆرە، کەسێکی وەک ئیمانوێل تۆد زۆر ئاینی و ئەخلاقیانە دەیبینێت.

لە بەرامبەر ترەمپدا کەسێکی وەک ئۆباما هەیە. دەکرێت بوترێت ئەم دوو کەسایەتییە بە تەواوی دژ بە یەکەن. ئۆباما ترەمپی دروست کرد. هاتنی ئۆباما پەشۆکانێک بوو بۆ سیستەمی دامەزراوی ئەمریکی. ترەمپ یەکەم کەس بوو کە هەوڵی نکوڵیکردنی دا لە ڕێگای بزوتنەوەیەکەوە بە ناوی ئەوەی کە ئۆباما ئەمریکی نیە.

لە پشت ئەمەوە دونیایەکی زۆر زۆر ئاڵۆز هەیە، کە خۆی لە دروشمی ماگا، یان ئەمریکا جارێکی تر مەزن بکەرەوە دەبینێت.

ماگا خۆی دیاردەیەکی ئاڵۆزە چەندین کەسایەتی تیایدایە، کە هەر یەکەو لە پاشخان و دونیایەکی جوداوە هاتوون.

ئیلۆن ماسک کەسایەتییەکی کاریگەرە، کە نوێنەری بەرەی تەکنەلۆجیا و ملیاردێرانە. پرسی تەکنەلۆجیا ماگای دابەشکردوە. تەکنەلۆجیا وەک هۆکاری داڕمانی ئەمریکا و هەروەها وەک سەرچاوەی هەستانەوەی دەبینرێت. لە هەمانکاتدا تەکنەلۆجیا و کەسایەتییەکانی وەک خەڵکانی ئۆلیگارشی دەبینرێن. چەمکی ئۆلیگارشی یەکێکی ترە لە چەمکە زۆر قسە لە سەر کراوەکان لە دونیای ئەمڕۆی ئەمریکادا.

دژ بە ماسک کەسایەتی ستیڤ بانن. ستیڤ بانن کە لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا کاریگەری زۆری هەبوو. سەر بە قوتابخانەی ناسیونالیزمی مەدەنی یان ئەمریکییە. بە مانای ئەمریکا بۆ ئەمریکییەکان. دژ بە پەنابەر و دۆستانیان و سیاسەتی دەرەوەیە.

بانن بەوە ناسراوە کە دژ بە ئیلۆن ماسکە، چونکە دەیەوێت ترەمپ نوێنەری چینی کرێکارانی ئەمریکا بێت نەک ئۆلیگارش. هەتا ئێستا دەمی لە گوێی ترەمپەوە دوورە، بەڵام لە ناو ماگادا کاریگەرە.
هاوکات لە گەڵ ئەمدا جەی دی ڤانس هەیە. ڤانس نوێنەری ئەو باڵەیە لە ماگا کە بڕوای وەهایە کە ئەمریکا ئیدیا نیە، بەڵکو ئەمریکا ئیتنیکە. ئیتنیک یانی ئەمریکا سپی پێستی بە تایبەت کاتۆلیک و زۆر بە تایبەت هیل بیلی یان ئایرش و سکۆتشن.

جودایی اەم لە گەڵ ستیڤ بانندا ئەوەیە ئەمریکی بوون لە سەر بنەمای ئیتنیک دەبینێت. کاتێک ترەمپ هێنای وەها دەبینرا کە ترەمپ جێگرەوەی خۆی هێنا. بەڵام وەها نابینرێت لە ئێستادا.
کەسێکی سەیر لەم نێوەندەدا، ڕۆبەرت کەنەدی یان RFKیە کەنەدی وەک لە ناوی خێزانەکەیدا دیارە لە خێزانێکی ناسراوی دیموکراتەکانەوە هاتوە، لە بنەچەدا ئیرلەندین. ساڵانێکی زۆر لە گەڵ دیموکراتدا بوو، بەڵام ئێستا لە گەڵ ترەمپدایە. کەنەدی هەڵگری زۆر بەهایە کە ساڵانێکی زۆر باڵی چەپی دیموکرات هەڵگری بوو، ئێستا باڵی دژە زانست و دژە ڤاکسینی کۆمارییەکان دژیەتی.
هەریەک لەم کەسایەتییانە شێواز و کاریگەری جیاوازی خۆیان هەیە. هەریەکە و چیرۆکی خۆیان هەیە.

خەڵکانی تر هەن وەک پیتەر تەیل و کەسانی تر بە ئاستی کەمتر لە پشتەوە لە قاڵبدەری ململانێکانن. تەیل شتراوسییەکی فاشییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP