دواین هەواڵ

ئێران و ئەمریکا\ئیسرائیل

‌د.سەردار عەزیز

پێش 1 هەفتە

ڕۆژانی پێشوو دوو کەسایەتی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران بۆ دونیای دەرەوە قسەیان کرد. قسەکانیان پەیام بوو، بە تایبەتی ئەگەر لە ڕوکەش و بریق و باق و قسەی قۆڕی زۆر دایماڵێت. 

یەکەمیان زەریف بوو لە داڤۆس. زەریف هەوڵیدا دوو پەیام بگەیەنێت، یەکەم، ئێران خاوەنی ئەو ڕێکخراونەوەی وەک حیزاللە و حەماس نیە و ئەوانیش بە تەواوی گوێ لە مستی ئێران نین. تەنانەت ئەوەی گوت کە گوایە ئێران پلانی وەهابوو کە لە نۆی ئۆکتۆبەر لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دابنیشێت دەربارەی دانوستانی ئەتۆمی.

پەیامی دووەمی ئەوەبوو کە ئێران ئامادەیە بۆ دانوستان. دیارە زەریف لەو باڵەیە کە لە گەڵ دانوستاندایە و زیاتر مەیلی بەرەو ئێرانی دەوڵەت نەتەوە هەیە لە بڕی ئێرانی ئیمپراتۆری.

دیدارەکەی زەریف لە لایەن سی ئای ئەیەوە وەها خوێنرایەوە کە نەک زەریف خۆی بەڵکو دەوڵەت خواستی دانوستانی هەیە چونکە لە ناوەو بریندارە.

دووەم، پەیام لە لایەن سادیقی زیبا کەلام بوو. [وابزانم بڕیاری سزادانی بۆ دەرچوو] کەسایەتییەکی گرنگ نیە بەڵام لە دیدارێکیدا لە دەوحە وەها دیارە ڕۆڵێکی پێ سپێردراوە، کە زۆری تر ناتوانن بیکەن. سادق لە دیدارەکەدا دەڵێت زۆرینەی لاوانی ئێران، هەروەها خەڵکی ئێران ڕقیان لە فەلەستینە و نەتانیاهویان خۆش دەوێت.

ووتنی ئەم ڕاستیە، تەنها دەربڕینی ڕاستییەک نیە، بەڵکو گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە دژایەتی ئیسرائیل بنەمایەکی فراوان و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی نیە لە ناو ئێراندا، بگرە پێچەوانەکەی ڕاستە. کە لە هەمانکاتدا یانی ئێمە دژایەتیمان بۆ ئیسرائیل دەکرێت سیاسی بێت و لە ئاستێکی سنورداردا. هەروەها یانی دژە ئیسرائیلی لە ئێراندا داهاتوی نیە.

ئەم دوو پەیامە هەردوو دەرخەری ئەوەن کە ئێران دەخوازێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. 
لە دەرەوە دوو دید هەیە:

یەکەم، دەڵێت ئێران لاوازە و کاتی گفتوگۆیە بۆ سەپاندنی ئەوەی دەمانەوێت، لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
دووەم، دەڵێت، ئێران نەک لاوازە بەڵکو بریندارە و کاتی کۆتایی پێ هێنانیەتی. 

زۆر لایەن و بەرژەوەندی لەم ململانێیانەدا ئامادەن. ئایا بە چ لایەکدا دەکەوێ هێشتا نەزانراوە. 
ئەمانە کاریگەرییان هەیە لە سەر بەهای دۆلار یان دینار، نرخی نەوت، هەروەها ئەگەری خەڵاتی نۆبێڵی ئاستی بۆ دۆناڵد ترەمپ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP