دواین هەواڵ

دۆخێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان

‌ڕەنج نەوزاد

5 رۆژ پێش ئێستا

لە دوای ئەوەی جۆلانی خۆی کردە سەرۆکی سووريا، چەند بڕيارێکی دا، تا ڕادەیەک، هەموو پێکهاتە و دەزگا گرنگەکانی دەوڵەتی هەڵوەشاندەوە، وەک دەستوور و سوپا و پەرلەمان و دەزگا ئەمنييەکان. هاوکات بڕياری دا هەموو گروپە چەکدارە ئۆپۆزسيۆنەکان دەبێت هەڵبوەشێنەوە و ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ. بە کورتی بەشار ئەسەدی سوننە دەيەوێت هەموو دەسەڵات و چەک و هێز و خودی دەوڵەت لە ژێر دەسەڵاتی خۆی بێت. 

دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی دوو هەڵوێستيان هەیە بەرانبەر بەم سوريا نوێ و سەيرە. گروپێک لە دەوڵەتان بە ئاشکرا پشتگيری و ئيعترافی پێ دەکەن. ئەوانی تر گلۆپی سەوزيان بۆ هەڵکردووە و دژایەتی ناکەن، هاوکات بە فەرمی پشتگيری و ئعترافيشی پێ ناکەن. لە سەرەتای ڕووداوەکان، لە چەندين نووسين و چاوپێکەوتن، ئاماژەم بەوە کرد کە ئەو دۆخەی لە سووريا ڕوويدا، بەشێکە لە پڕۆژەکەی ئيسرائيل، بۆیە ئەمريکا و ڕۆژئاوا لەبەر ئيسرائيل، تەحريری شام و جۆلانی قبوڵ دەکەن، لایەنی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی. چونکە دژایەتی ئەو دۆخەی سووريا، بە تايبەت لە سەرەتادا، یەکسان بوو بە دژایەتی پڕۆژەکەی ئيسرائيل دژ بە بەرەی ئێران. 

لە ئێستادا بە پێی سوريای نوێ و بڕيارەکانی جۆلانی، هەسەدە نا فەرمی و نا یاساییە و دژی دەوڵەتە، دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتە ژێر دەسەڵاتی جۆلانی کۆنە قاعيدە و داعش و تازە مۆساد و ميت. جۆلانی و ئەردۆگان چاوەڕێی تڕەمپ دەکەن لەو بارەیەوە. 

مەزڵوم کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکيدا وتی ئێمە لەو کۆبوونەوە و بڕيارانەی جۆلانی بەشدار نەبووينە، هەر بۆیە پابەند نابين و دان بە هيچی نانێين. دۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێت، گۆڕانکارييەک هەر دەبێت ڕووبدات: لەوانەیە شەڕ ڕووبدات، یان رێککەوتنێک. یاخود دەکرێت واقعێکی نوێ درووست بێت، هاوشێوەی سەردەمی ئەسەد. وەک ديفاکتۆ ناوچەکانی هەسەدە بمێنێتەوە، حکومەتی ديمەشق ناوچەکانی تری سووريا بەڕێوە ببات. واتە جۆرێک لە پەيوەندييەکی ئابووری و دبلۆماسی هەبێت لە نێوان قامشلۆ و ديمەشق، یاخود هەر پەيوەندی نەبێت، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوانياندا ڕوونەدات. ئەمە بە مانەوەی ئەمريکا و شکستهێنانی گفتوگۆکانی قامشلۆ و ديمەشق دەکرێت ڕووبدات. تا ئێستا ئيسرائيل ناوچەی دروزەکانی سووريای نەداوە بە جۆلانی، پەياميشی بۆ ناردووە ئەگەر دەستيان بۆ ببات، ئەوا دەستی دەشکێنێت. 

پێويستە هەسەدە لە ڕێگەی ئەمريکا و هەرێمەوە هەوڵبدات دانوستان و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکيا بکات. دەکرێت کۆمەڵێک سازش بکات، وەک ڕاماڵينی چەک تا قووڵایی ٣٠ کم، بەو مەرجەی لە ڕووی ئيداريييەوە لای کورد بێت و سوپای تورکيای لێ نەبێت. بە فەرمی و ئاشکرا هەموو چەکدارانی پەکەکە لە رۆژئاوا و لە ناو هەسەدە بنێرێتە دەرەوە، پەيوەندييەکانی لەگەڵ پەکەکە ببچڕێنێت. هيچ سازشێک بۆ جۆلانی نەکات، تەنيا درێژە بە دانوستان و گفتوگۆکان بدرێت. 

دۆخ و فاکتەرەکان لە گۆڕانکاری بەردەوام و خێرادان، کورد دەبێت بە پێی دۆخەکە گۆڕانکاری بکات و هەنگاوی نوێ بنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP