تورکيا لە هاوکێشەی سووريادا چەند ئامانجێکی سەرەکی هەیە:
١. پرسی کورد: یەکێک لەو ميتۆدانەی کە یارمەتيدەرە بۆ دەستنيشانکردن و زانينی ئامانجی سەرەکی هەر دەوڵەتێک، بريتييە لەوەی بزانين ئەو دەوڵەتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چی دەترسێت، چی بە هەڕەشەی سەرەکی دەزانێت. ئەو کات ئامانجی سەرەکی ئەو دەوڵەتە دەبێتە لەناوبردن یان کۆنتڕۆڵکردن و سنووردارکردن یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ترس و هەڕەشەیەدا. هەر لە کۆنەوە، بە تايبەت لە هۆبزی سەدەی حەڤدەوە تا مێرشايمەری ئەم سەردەمە، لە فکری سياسيدا، ترس بە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ سياسەت و ڕەفتاری دەوڵەتان دادەنرێت. بە پێی تورکەکان گەورەترين هەڕەشە بۆ سەر یەک پارچەیی خاک و ئاسايشی نيشتيمانيان پرسی کوردە. لێرەوەیە، پرسی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەشێکە لە پرسی کورد، ئەميش ترسی سەرەکی و نەگۆڕی تورکە، دەبێتە ئامانجی سەرەکی تورکيا لە سووريا.
لێرەدا مەسەلەکە پەيوەندی بە ئەردۆگان و هەسەدە و پەکەکەوە نييە یاخود تەنيا ئەوە نييە تورک خەراپە و ستەمکارە و ڕقی لە کوردە... ئەمە تێڕوانينێکی سادە و ميديایی و تەنکە، چونکە هەر کەس لە تورکيا حوکم بکات؛ عەلمانی یان ئيسلامی، ليبرال یان چەپ، ديموکرات یان نا ديموکرات، تەنانەت تورک یان کورد... بەهەمان شێوە هەر گروپێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان قەوارەیەکی هەبێت، ئيتر پەکەکە بێت یان گروپی تر، تورکيا بەسروشت و بە دەستوور و بە بونياد هەر دەبێت دژایەتی ئەو قەوارەیە بکات. ئەم هاوکێشەیە پەيوەندی بە هەبوونی دەوڵەتی تورکيا و نەخشەکەیەوە هەیە، نەک بەوەی کێ حوکم دەکات لەو وڵاتە. فاکتەری وەک ئەردۆگان و پەکەکە و پرسی تيرۆر و ستەمکاری... هەر هەمووی پاساوە و ئەم فاکتەرانە دەکرێت کاريگەرییەکانيان لەسەر ئاستی ئامراز و تەکتيک بێت، نەک لەسەر ئاستی ستراتيژ و بونياد. چ کورد و چ تورک ئەگەر بيانەوێت بە باشتر لەو هاوکێشە و ململانێيە تێبگەن و چارەسەری بکەن، باشترە لەم ڕەهەندەوە تاماشای بکەن. ئەم تێڕوانينە، بە هەندێک جياوازييەوە، بۆ پرسی کورد لای عيراق و سووريا و ئێرانيش ڕاستە.
تورکيا دەيەوێت چی بکات لە رۆژئاوای کوردستان؟ ئامانجی سەرەکی تورکيا بريتييە لە سڕينەوەی قەوارەکەی رۆژئاوا، ئيتر بە شەڕ و سەرباز یان بە ئامرازی دبلۆماسی و ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی تر. بۆ بژاردەی شەڕ و سەربازیی سەرەتا پێويستە ئەمريکا بکشێتەوە لەو ناوچەیە یان ڕازی بێت کە تورکيا ئەوەی دەيەوێت ئەنجامی بدات. هاتنەوەی تڕەمپ لای تورکيا ئەگەرێکە بۆ گەيشتن بەو ئامانجە. لە ئیستادا ئيسرائيل بووەتە یاريکەرێکی سەرەکی لە سووريا، تورکيا پێويستی بەوەیە لەوبارەیەوە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ ئيسرائيليش بکات. ئایا ئيسرائيل بە چ مەرجێک ڕازی دەبێت هەموو سووريا بداتە جۆلانی و تورکيا؟ چونکە هەمووان دەزانن ئەوەی لە سووريا ڕوويدا، ئيسرائيل ڕۆڵی سەرەکی تيا بينی، نەک تورکيا و دەستەی تەحريری شام. بۆیە لە ئايندەی سووريا، ئيسرائيل دەبێت ڕۆڵی هەبێت، یاخود بەرژەوەندييەکانی یەکێک بێت لە پێوەرە سەرەکييەکان.
تا ئێستا وا دەردەکەوێت ئەمريکا و ئيسرائيل ڕازی نين تورکيا بەو شێوەیە مامەڵە بکات لەگەڵ کورد لە رۆژئاڤا. ئایا هاتنەوەی تڕەمپ چ گۆڕانکارييەک لەو بارەیەوە درووست دەکات؟ جارێ ڕوون نييە، لێرەشدا تڕەمپ زیاتر بە پێی بەرژەوەندی ئيسرائيل پاشان ئەمريکا بڕيار دەدات. چونکە لەوە ناچێت ئيسرائيل ڕازی بێت بە کشانەوەی ئەمريکا لە سووريا و رۆژئاوا. بە گشتی لەم کاتەدا تورکيا دەزانێت سڕينەوەی قەوارە کوردييەکە بەو شێوەیەیی کە خۆی دەيەوێت، کارێکی واقعی نييە. بۆیە بژاردەی تر تاقی دەکاتەوە.
ئایا ئەگەر ئەمريکا و ئيسرائيل ڕازی نەبن؟ تێگەيشتنێک لە ناو کوردا هەیە هەندێک کات هەڵەی ستراتيژی لێ دەکەوێتەوە. ئەويش ئەوەیە گوایە ئەگەر ئەمريکا و ئيسرائيل ڕازی نەبن، ئەوا تورکيا هێرشی سەربازی ناکات. ئەم تێگەيشتنە لەگەڵ فکر و سروشتی دەوڵەت، لەگەڵ تێڕوانينی دەوڵەت بۆ ئاسايشی نيشتيمانی و مەترسييەکان، ناگونجێت. تورکيا ئەگەر بزانێت قەوارەکەی رۆژئاوا بەم شێوەیە دەمێنێتەوە و ئەمريکاش پشتگيری دەکات و بایەخ بە هيچ کام لە داواکارييەکانی نادات، بە ئەگەری زۆرەوە تورکيا بڕياری جەنگ دەدات بێ گوێدانە نا ڕەزایەتييەکانی ئەمريکا و ئيسرائيل. چونکە دەوڵەت ئامادەیە گەورەترين ريسک و قوربانی بدات لە پێناو بەرژەوەندييە باڵاکانی و پاراستنی ئاسايشی نيشتيمانی. بەتايبەت تورکيا و هەمووان دەزانن ئەمريکا و ئيسرائيل لەبەر کورد ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تورکيا نابنەوە، بەڵکو ئەوپەڕی ئەمريکا سزای ئابووری دەخاتە سەر تورکيا، یان فشاری دبلۆماسی یاخود لە خەراپترين دۆخ بۆ تورکيا ئەمريکا و ئيسرائيل هاوکاری هەسەدە دەکەن بە هەندێک چەکی دياريکراو. هێڵی سوور لای تورکيا بريتييە لە شەڕکردن لەگەڵ ئەمريکا یان ئيسرائيل، بەڵام ناکۆکی دبلۆماسی و سزادانی ئابووری و فشار، هێڵی سوور نييە. ئەو هێڵە سوورە نييە لە رۆژئاوای کوردستان.
لە سيناريۆیەکی لەم شێوەیە، تورکيا بە ئەگەری زۆرەوە زيانێکی گەورەی سەربازی و مرۆیی و ئابووری و دبلۆماسی بەردەکەوێت، هاوکات دەتوانێت زیانێکی گەورە لە رۆژئاوا بدات، ناوچەی زیاتر بگرێت، بەڵام قوورسە بتوانێت قەوارەکە لەناوببات. واتە زیانێکی گەورە بەڵام ئامانجەکە هەمووی نایەتەدی. بۆیە لەبەر ئەم خاڵە، تورکيا هەوڵی بژاردەی تر دەدات لە ئەگەری ئەوەی ئەمريکا و ئيسرائيل بەردەوام بن لە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە رۆژئاڤا.
بژاردەکانی تر بريتيين لە لاواز کردن و بچووکردنەوەی ڕۆژاڤا، یاخود توانەوەی لەناو سوريای نوێ بە پێی تێپەڕبوونی کات (پيلان و وەهمەکانی سوریای نوێ، سوپای سووريا، دەستووری نوێ...). ئەمەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمريکا و ئيسرائيل و ئۆجەلان (پڕۆسەی ئاشتی) دەکرێت کە بەشێک لە داواکارييەکانی تورکيا قبوڵبکەن و جێبەجێی بکەن. ئەمەش لە ئايدەیەکی دوورتر، دەکرێت کاريگەرييەکانی لە ئۆپراسيۆنێکی سەربازی گشتگيری تورکيا خەراپتر بێت بۆ رۆژئاڤا.
هەموو ئەو ئامراز و تەکتيکانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا (جگە لە ئۆپراسيۆنێکی سەربازی گشتگير بۆ سەر هەموو رۆژئاوا) تورکيا لە ئیستادا جێبەجێيان دەکات و تاقيان دەکاتەوە. هێرش و فشاری سەربازیی سنووردار بەردەوامە، بۆ نموونە لە بەنداوی تشرين. هەوڵەکانی تورکيا لەگەڵ تڕەمپ بۆ بەدی هێنانی داواکارييەکانی دەست پێدەکات، ئەگەر دەستی پێنەکردبێت. بابەتی پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆجەلان ماوەیەکە بە چری کاری لەسەر دەکرێت. سەبارەت بە ئيسرائيل، تورکيا و سوریای نوێ بەردەوام پەيامی ئاشتی دەنێرن بۆ ئيسرائيل، هەموو ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگرييەکانی ئيسرائيل لە باشووری سووريا قبوڵدەکرێت. تورکيا دەيەوێت بە ئيسرائيل بڵێت لە باشووری سووريا ئازاد بە و، ديمەشقيش هەرگيز نابێتە هەڕەشە، بۆیە دەستبەرداری کوردەکان ببە، یاخود فشار لە ئەمريکا بکە دەستبەرداريان بێت، یان ڕێگری لە تڕەمپ مەکە بۆ بڕياری کشانەوە. سەبارەت بە وەهمەکانی مافەکانی کورد لە دەستوور و سوپای سووريا، سوريای ئايندە دەبێتە سويسرا... جۆلانی کاری لەسەر دەکات لەگەڵ هەسەدە. ئامرازی تر هەن، بۆ نموونە هاندانی عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوە...
بە گشتی ئەو هەموو فشار و چالاکييانەی تورکيا لە کۆتاییەدا بە ئەگەری زۆرەوە هەر دەبێتە مایەیی لە دەستدانی کۆمەلێک دەستکەوتی رۆژئاوا، بەڵام جارێ نابێتە مایەیی لەناوچوونی قەوارە و دەستکەوتەکان بە گشتی. خەراپترين سيناريۆ بۆ رۆژئاوا بريتييە لەوەی تورکيا لەگەڵ تڕەمپ و ئيسرائيل ڕێکبکەوێت و تورکيا ئازاد بکەن لەوەی چی دەوێت بيکات. ئەو کات ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی زەمينی و ئاسمانی فراوان و گشتگير، بە هاوکاری دەستەی تەحريری شام و چەتەکانی تری تورکيا، بۆ سەر کۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەگەرێکی نزيک و واقعييە. بە پێی پێدراوەکان لەم کاتەدا ئەوە قوورسە ڕووبدات، بەڵام دەبێت هەموو کات وەک ئەگەرێکی واقعی و گرنگ تەماشا بکرێت. چونکە ئەو گريمانەیە نەک مەحاڵ نييە، بەڵکو زۆر قورسيش نييە. تەنيا پێويستی بە کۆمەڵێک دانوستان و سازش و ڕێککەوتنی نهێنی نێوان دەوڵەتانە.
گريمانەیەکی واقعی تر بريتييە لەوەی تورکيا ئەو واقعە قبوڵ بکات بە هەندێ مەرج و دەستکارييەوە. بۆ نموونە هەبوونی جۆرێک لە قەوارەی کوردی لە رۆژئاواڤا بە ناچاری قبوڵ بکات، بەو مەرجەی چەند داواکارييەکی جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەم سيناريۆیە، بۆ سيناريۆکانی تريش بە گشتی، مەمەڵەکردن و ڕێککەوتن لەگەڵ تڕەمپ و ئۆجەلان دوو ڕێگای سەرەکی تورکيان. پێموایە هەسەدە پێويستە کار لەسەر ئەم گريمانەیە بکات و بە کۆمەڵێک مەرج و سازش و دەستکەوتی جدی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکيادا بکات.
٢. پرسی ئاوارەکانی سووريا لە تورکيا: پاڵنەر و ئامانجێکی گرنگ بريتييە لە گەڕانەوەی ئاوارە سوورييەکانی ناو تورکيا بۆ وڵاتەکەی خۆیان. لە ناو تورکيا زیاد لە دوو مليۆن ئاوارەی سووری هەن. ئەمە فشارێکی زۆر قوورسی کردوەتە سەر حکومەت. بە پێی هەندێک لە تورکەکان ئەم ئاوارانە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنی خەراپيان هەیە بۆ سەر تورکيا. هاوکات بووەتە کارتێکی بانگەشەی دەنگدان دژ بە ئەردۆگان. ئەردۆگان هەوڵێکی زۆر دەدات ئەم ئاوارانە بگەڕینەوە بۆ ماڵی خۆیان، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەم پرسە دووبارە زیانی لێ نەداتەوە و بيکاتە دەستکەوت و بانگەشە بۆ خۆی. ئەم بابەتە هۆکارێکی سەرەکی بوو کە ئەردۆگان چەند ساڵێک هەوڵی دا لەگەڵ بەشار ئەسەد پەيوەندييەکانی ئاسایی بکاتەوە. زیاد لە دوو ساڵ دەبوو بەشار ئەسەدی قبوڵکردبوو و بێ هيوا ببوو لە لادانی، بەڵام ئيسرائيل کۆی هاوکێشەکەی گۆڕی و ئەردۆگانيش دەرەفەتەکەی قۆستەوە.
ئەم ئامانجە، تا ڕادەیەک، لەگەل ئامانجی یەکەم و سەرەکی ناکۆکە. چونکە بەرپابوونی شەڕێکی گشتگير دژ بە هەسەدە، ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان، بەڵکو ئەگەر هەیە ئاوارەی زیاتر ڕووبکەنە سنوورەکانی باکوری کوردستان و تورکيا، بە تايبەت ئەگەر شەڕەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت. بۆیە ئەردۆگان هەوڵدەدات بژاردەی شەڕیکی گشتگير بکاتە دواهەمين بژاردە.
٣. فاکتەری هەژموون لە سووريا: هەر لە حافز ئەسەدەوە سووريا زۆربەی کات هاوکاری پەکەکەی کردووە، ماوەیەکی زۆر بارەگای سەرەکی پەکەکە و ئۆجەلان لەوێ بوون. ئەمە هەميشە کارتێکی فشاری بەهێز بووە بە دەست سووريا بەرانبەر بە تورکيا. بەشار ئەسەديش تا ڕادەیەکی زۆر ئەم کارتەی بەکاردەهێنا. جگە لەوەی سووريای ئەسەد بەشێک بوو لە بەرەی مقاوەمەی ئێران کە تورکيا بە هەڕەشەیەکی گەورەی دادەنێت لەسەر ئاستی ئيقليمی. تورکيا لە ئێستادا هەژموونێکی گەورەی بەسەر ديمەشق و حکومەتی نوێ هەیە. خۆی بە خاوەنی سوريای نوێ دەزانێت. ئەگەر تورکيا بتوانێت دەسەڵاتی هەسەدە لەناو ببات، ئەوا سوريا ئيتر نەک نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ تورکيا، بەڵکو دەبێتە زۆنێکی ئارام و جێگەی هەژموونی خۆی، دەبێتە ئازەربيجانێکی تر لەسەر سنوورەکانی. بەڵام مانەوەی دۆخەکە وەک ئێستا، لە تێڕوانينی تورکياوە ئەوا سوريای نوێ، بێ ئەوەی خۆی بيەوێت، زۆر لە سوريای ئەسەد زیاتر هەڕەشەیە، چونکە لە سوريای ئەسەد کورد هيچ قەوارەیەکی نەبوو، ئێستا قەوارەیەکی سياسی و سەربازی گەورە و بەهێزيان هەیە.
تورکيا هەرچەند پەيوەندييەکی باشی لەگەڵ جۆلانی و دەستەی تەحريری شام هەیە، بەڵام بەردەوامە لە هاوکاريکردنی سوپای نيشتيمانی سووريا، تا ئێستا ئەو گروپانەی سەر بە تورکيا خۆیان هەڵنەوەشاندوەتەوە، بەڵکو گوایە دەبنە بەشێک لە سوپای سووريا. تورکيا دەيەوێت ئەو گروپانە جارێ لە ژێر دەسەڵاتی خۆی بن، نەک جۆلانی. چونکە ئەگەری ئەوەی داناوە جۆلانی گوێرایەڵی تورکيا نەبێت بۆ هەموو پرسێک، بە تايبەت بۆ شەڕی کورد، یاخود لە تورکيا هەڵبگەرێتەوە. بە تايبەت ئێستا جۆلانی جگە لە سنوورەکانی تورکيا، سنووری تری هەیە بۆ هاتوچۆ و هەناردە و هاوردە. هاوکات وڵاتانی عەرەبی، بە تايبەت کەنداو، پەيوەندييان لەگەڵدا درووستکردووە. لەوانەیە سعوودييە و ئيماڕات فشاری لێ بکەن دووربکەوێتەوە لە تورکيا. ئێستا جۆلانی وەک جاران پێويستی بە تورکيا نييە، بەديلی هەیە. بۆیە لەوانەیە ئاستی گوێرایەڵی دەستەی تەحريری شام بۆ تورکيا گۆڕانی بەسەردا بێت.
خاڵێکی تر گرنگە ئاماژەی پێبدرێت، دەستەی تەحريری شام لەگەڵ سوپای نيشتيمانی سووريا (چەتە فەرمييەکانی تورکيا) پاشخانێکی ململانێ و نەبوونی متمانەیان بە یەکتر هەیە. ئەگەر هەیە ململانێ بکەوێتە نێوان هەردوو گروپ لە ئايندەدا، بە تايبەت ئەگەر جۆلانی ئيعترافی نێودەوڵەتی و عەرەبی بەدەست بهێنێت و ڕۆڵ و کاريگەری تورکيا کەم ببێتەوە. بۆیە تورکيا ئەو گروپانە وەک کارتێکی فشار دادەنێت دژ بە جۆلانی لە کاتی پێويستدا.
من پێش ڕووداوەکانی کەوتنی ئەسەد و شەڕی ئيسرائيل و بەرەی ئێران، چەند جارێک لە نووسينەکانمدا پێشنياری ئەوەم کردووە پێويستە هەسەدە پەيوەندی و لەیەکتێگەيشتن و تەنانەت ڕێککەوتنی هەبێت لەگەڵ جۆلانی و دەستەی تەحريری شام.
٤. فاکتەری ئابووری و وزە: گەورەترين سوودمەند لە دووبارە بيناکردنەوەی سووريا، کۆمپانياکانی تورکيا دەبن. سووريا پێويستی بە ملياران دۆلار و هەزاران کۆمپانيا و دەيان هەزار کارمەند و کرێکارە بۆ ئاوادانکردنەوە و درووستکردنەوەی شارەکان. تورکيا لەم بوارەدا هێز و کۆمپانيا و ژێرخانی گەورەی هەیە، دەکرێت بەشێکی گەورەی کۆمپانياکانی بۆ چەندين ساڵ لە سووريا وەبەرهێنان و کار بکەن، هەلێکی زۆری کار دەڕەخسێنێت بۆ تورکەکان، داهاتێکی گەورە دەگەرێتەوە بۆ تورکيا، بازارێکی گەورە بۆ شمەکی تورکی درووست دەبێت... بە تايبەت ساڵانێکی زۆرە قەيرانی ئابووری و هەژاری و بێ کاری لە وڵاتەکەدا هەیە. هەژموونی تورکيا لە سووريا و نزيکی جوگرافی وا دەکات ببێتە سوودمەندی یەکەم لەم ڕووەوە. ئەمەش هۆکارێکە کە تورکيا و جۆلانی هەموو هەوڵێک دەدەن سزاکانی سەر سووريا لاببەن و ئيعترافی رۆژئاوا و ئەمريکا بەدەست بهێنن بۆ حکومەتی نوێ. چونکە بە بێ ئەوە، گەشەیەکی ڕاستەقينەی ئابووری قوورسە ڕووبدات. هەر بۆیە جۆلانی وەک سياسييەکی کراوە و رۆژئاوایی و ديموکرات خۆی دەردەخات، نەک وەک جيهادی و ئيسلامييەک.
سووريا بڕێکی باش نەوت و گازی هەیە، لەبەر سزاکان و دواکەوتووی ژێرخان توانای وەبەرهێنانی سنووردارە. بە لابردنی سزاکان و ئاوەدانکردنەوەی سووريا، تورکيا سوودمەندی سەرەکی دەبێت لە کەرتی وزەی سووری، چ وەک کڕيار یان وەک وەبەرهێن. بەڵام زۆربەی کيلگەکانی وزەی سووريا، لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە، واتە بە بێ ئامانجی یەکەم، تورکيا تووشی کێشە دەبێت بۆ گەيشتن بەم ئامانجە.
وەک دەردەکەوێت زۆر سيناريۆ و ئەگەری مەترسی و هەڕەشە و دەستکەوت و هەل هەیە بۆ ئايندەی ڕۆژئاوای کوردستان. دۆخەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە و بەردەوامە، بەڵام هەندێک خاڵی نەگۆڕ و جێگير هەیە: تورکيا سوورە لەسەر زیان گەياندن بە رۆژئاوای کوردستان، ئەگەر پێی بکرێت لەناوی دەبات، ئەگەرنا هەوڵی بەردەوام دەدات بچوک و لاوازی بکات. مانەوەی پشتگيری و سوپای ئەمريکا لە ڕۆژئاوا گرنگترين هەنگاوە بۆ پاراستنی قەوارەکە، کشانەوەی گەورەترين مەترسييە. ئيسرائيل ڕۆڵی گرنگ و تەنانەت دەکرێت یەکلاکەرەوەی هەبێت لە هاوکێشەی سووريا. هەسەدە پێويستە لەسەر ئەم فاکتەرە کاری جدی و نهێنی و فەرمی و ئاشکرا بکات.
ناچاربوونی تورکيا بە قبوڵکردنی قەوارەیەکی کوردی وەک ديفاکتۆ، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەگەرە واقعييەکان. بەڵام مەرج و داواکاری دەبێت. هەسەدە پێويستە لەسەر ئەم ڕەهەندە هەوڵی جدی بدات. کردنەوەی کەناڵێکی گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەسەدە و تورکيا زۆر گرنگ دەبێت. تورکيا لە ئێستادا لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بە ئاشکرا و فەرمی گفتوگۆ دەکات، بۆچی لەگەڵ هەسەدە نەيکات؟! لە کاتێکدا درووشمە فەرمييەکەی تورکيا بۆ دژایەتی هەسەدە تەنيا پاساوی پەکەکە و ئۆجەلانە!
پێويستە کورد هەموو هەوڵێک بدات کە شەڕ و پێکدادانی سەربازی بکاتە دواهەمين بژاردە و بە ناچاری بێت، لە پاش تاقيکردنەوە و شکستی هەموو بژاردەکانی تر، ئينجا جەنگ ببێتە بژاردە. هاوکات، هەموو کات خۆئامادەکردن و پلان هەبێت بۆ ئەم بژاردەیە. لە کاتی بەرپابوونی شەڕ، گرنگە لەو کاتەش هەوڵی بەردەوام بدرێت بۆ دانوستان و ئاگربەست، چونکە شەڕی ماوە درێژ بۆ کوردستان کارەساتێکی گەورەیە. هەر وڵات و ناوچەیەک کە هێزی ئاسمانیی نەبوو دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لەشەڕی دووژمنێک کە هێزێکی ئاسمانیی بەهێزی هەیە، بە تايبەت بۆ ماوەیەکی درێژ. کاتێک خەڵک کووژرا و بريندار و ئاوارە بوون، ماڵ و کار و قوتابخانە و خزمەتگوزاریيەکان نەمان، شار کاولکرا، خاک داگير بکرێت... ئيتر بەرخودان لەچی و بۆ چی؟ ئەو جۆرە قوربانييە گەورانە تەنيا کاتێک پاساوی هەیە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگێنرێت. غەززە باشترين نموونەیە بۆ ئەو جۆرە لە کارەسات و بێ هودەییە.