پێش چەند ڕۆژێک ئەمير تەميم سەردانی ديمەشقی کرد، سەرۆکی ميسر لە پەيوەندييەکی تەلەفۆنی پيرۆزبایی لە جۆلانی کرد، ئەمرۆ جۆلانی یەکەم سەردانی خۆی بۆ دەرەوە، سعودييەیی هەڵبژارد. کۆبوونەوە و پەيوەندی یەکێتی ئەوروپا و جۆلانی دەمێکە دەستی پێکردووە. ئەم ئاماژانە نيشانەی ئەوەن ئەمريکا جۆلانی قبوڵکردووە و دژی نييە تا ئێستا. تەنانەت ڕووسياش پەيوەندی لەگەڵيدا دەستپێکردووە. ئيسرائيل لەوانەیە لە پێش هەمووانەوە پەيوەندی هەواڵگری و نهێنی لەگەڵ جۆلانيدا هەبێت. ئاشکرایە تورکيا و جۆلانی پەيوەندييەکی کۆن و تايبەتيان هەیە.
ئەم ئاماژانە چيمان پێ دەڵێن؟ دەسەڵاتی جۆلانی و سوريای نوێ، تا ڕادەیەکی زۆر، شەڕعيەتی سياسی وەرگرتووە. لە لایەن ئەمريکا و ئيسرائيل و ئەوروپا و دەوڵەتانی عەرەبی وەک سعوودييە و ئيماڕات و ميسر و ئوردن شەرعيەتدانەکە کاتی و مەرجدارە. ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ بکرێت، ئەوا لە کاتييەوە دەبێتە بەردەوام. مەرجەکان بريتيين لە ڕێگریکردن لە دووبارە هاتنەوەی هەژموونی ئێران بۆ سووريا. ئەم مەرجە ئاسانە، چونکە خودی جۆلانی دژییەتی و هاوکات زەمينە بۆ ئێران نەڕەخساوە بۆ دووبارە گەڕانەوە.
مەرجی دووەم بريتييە لەوەی سوريای نوێ ئيسلامی و جيهادی و دينی و ئيخوانی نەبێت. بە پلەی یەک دەوڵەتانی عەرەبی ئەم مەرجەیان هەیە، بە تايبەت سعوودييە و ئيماڕات و ميسر و ئوردن. ئاشکرایە سعوودييە و ئيماڕات ڕۆڵی گەورە دەبينن لە دووبارە بنياتنانەوەی سووريا، چونکە توانای ئابوورييان بەهێزە و پەيوەندييان لەگەڵ تڕەمپ زۆر باشە. واتە دەکرێت داوا لە تڕەمپ بکەن سزاکانی سەر سووريا لا ببات و ئەوانيش هاوکار بن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە. تورکياش چاک دەزانێت بە بێ سعوودييە و ئيماڕات قوورسە سوريا بەرەو سەقامگيری بچێت. تەنانەت خودی تورکيا، دژی دەوڵەتی ئيسلامی و جيهادیيە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەردۆگان لەگەڵ محەمەد مورسی، پێی وت عەلمانيەت تاقی بکەنەوە. بە بۆچوونی ئەردۆگان، ئيسلام و عەلمانييەت پێچەوانەی یەک نين. ئەردۆگان دەزانێت سوريای ئيسلامی، واتە داڕووخان و شەڕی ناوخۆ، ئەمە لە زیانی تورکيایە.
مەرجی سێيەم ئەوەیە سوريای نوێ نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئيسرائيل. ئەم مەرجەش لە ئێستادا ئاسانە، چونکە جۆلانی خۆی دەزانێت بە هۆی ئيسرائيلەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و هەر ئەويش دەتوانێت لای ببات. بۆیە زوو زوو پەيامی ئاشتيانە بۆ ئيسرائيل دەنێرێت.
قوورسترين مەرج، ئەوەی دووەمە. گريمان جۆلانی خۆی بە تەواوی گۆڕاوە و ڕاستگۆیە لە هەموو لێدوانەکانی، بەڵام دەوروبەرەکەی، چەکدار و ئەندامانی حکومەتەکەی، زۆربەيان تا ئەمڕۆش کەسانی جيهادی و تيرۆريستن. لەوانەیە لێی قبوڵ نەکەن لە بنەماکانی جيهاد و حوکمی شەرع لابدات. ئەوەی تێبينی دەکرێت، زۆربەی لێدوان و گوتارەکانی جۆلانی بۆ دەرەوەیە. زیاتر بایەخ بە سياسەتی دەرەوە دەدات نەک ناوخۆ، بۆ ئەوەی ئەمريکا ڕازی بکات و سزاکانی لەسەر لاببرێت. ئەم سياسەتە لەوانەیە لە ئايندەیەکی نزيک دەوروبەرەکەی توڕە بکات و لێی هەڵبگەرێنەوە. ئەگەر بایەخی زیاتر بە دەوروبەرەکەی بدات، واتە گوتاری جيهادی، ئەوا ئەمريکا و دەوڵەتانی عەرەبی ئەو شەرعيەتەی یان ئەو هەلەی پێيان داوە لێی دەسەننەوە. ئایا دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان هەردوو بەرەی دەرەوە و ناوخۆ؟ جارێ ڕوون نييە، بەڵام قوورسە.
ئەوەی گرنگە یەک خاڵە، ئەمڕۆ جۆلانی و حکومەتەکەی نيمچە شەرعيەتێکی هەیە و دەکرێت ببێتە شەرعيەتێکی تەواو ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ بکات. لە پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکاندا شەرعيەتی سياسی مەرج نييە لە ڕێگەی دەنگدان و ڕەزامەندی و پڕۆسەیەکی یاسایی و دەستووری و ديموکراتييەوە بێت، بەڵکو ديفاکتۆ و بارودۆخ و هاوکێشە و بەرژەوەندييە سياسييەکان شەڕعيەت دەدەنە دەوڵەتێک یان حکومەتێک. واتە ئایا جۆلانی چۆن بووەتە سەرۆک، پرسيارێکە زیاتر پەيوەندی بە خەڵکی ناوخۆی سوورياوە هەیە. لە دەرەوە پرسياری کێ سەرۆکە؟ ئەو سەرۆکە لە بەرژەوەندی و زیانی چ دەوڵەتێک سياسەت دەکات؟ ئەم پرسيارانە گرنگترن. جۆلانی تا ئەمرۆ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە زیانی ئێران و ڕووسيایە، لە بەرژەوەندی ئيسرائيل و دەوڵەتانی ناتۆ و کۆمەڵێک دەوڵەتی عەرەبييە کە نزيکن لە ناتۆ و ئيسرائيلەوە. ئەمە هاوکاتە، لەگەڵ هەبوونی کۆمەڵێک گومان و قەلەقی لە لایەن زۆربەی ئەو دەوڵەتانەوە بەرانبەر بە جۆلانی، ئەم گومان و قەلەقيانە بەو سێ مەرجە چارەسەر دەکرێت.
گريمان جۆلانی سەرکەوتوو دەبێت لە جێبەجیکردنی مەرجەکانی، ئەو کات شەرعيەتی زیاتر و بەردەوام دەبێت. لێرەوەیە پشتگيری ديمەشق زیاتر دەبێت، پشتگيری و پاراستنی رۆژئاوای کوردستان کەمتر دەبێت. تورکيا و سووريا دەتوانن زۆر زیاتر بدەنە ئيسرائيل و ئەمريکا وەک لەوەی کورد دەيدات. دووبارە دەگەرێينەوە بۆ هاوکێشە ئەبەدييەکە، جۆلانی/سووريا دەوڵەتە و مەزلوم کۆبانێ/رۆژئاڤا ئەکتەرێکی نا دەوڵەتييە، یاسا و شەرعيەت و هێز لەگەڵ جۆلانييە. کاتێک خەون و درووشم و پڕۆژەکەش سەربەخۆیی نييە، ئەوا دەبێت قبوڵی بکەين ئەوەی ئێمە داوای دەکەين کێشەیەکی ناوخۆی سووريایە و تەنيا دەوڵەتەکە بۆی هەیە چارەسەری بکات. ئێمە خۆمان دەڵێين بەشێکين لە دەسەڵاتەکەی جۆلانی، کەواتە جۆلانی دەسەڵات و مافی سەرەکی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتيان و شارەکانی خۆی. ئەگەرنا، دەبينە تێکدەر و هەڕەشە بۆ سەقامگيری دەوڵەت و تەنانەت دەبينە تيرۆريست. جيهان بەو شێوەیە تەماشای دۆخەکە دەکات. لەوانەیە ساڵێکی تر لەم دۆخە بين.
کەواتە تاکە هيوا ئەوەیە جۆلانی ئەو سێ مەرجە، یان یەکێکی، نەتوانێت جێبەجێ بکات. بۆ نموونە چەکدار و گروپەکەی خۆی لێی هەڵبگەڕێنەوە، یاخود بەرەو حوکمێکی جيهادی ئيسلامی بڕوات، یان هەڵەیەک بەرانبەر بە ئيسرائيل بکات، یاخود گەڕانەوەی داعش و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ...
چەند ساڵێکە لە دەيان نووسين و بۆنە و چاوپێکەوتن و گفتوگۆکانم لەگەڵ لایەنگران و ئەندامانی ڕۆژئاڤا، دووبارەی دەکەمەوە، هەسەدە پێويستە بە فەرمی و بە فيعلی و بەجدی خۆی لە پەکەکە جيابکاتەوە و پەيوەندييەکانی لەگەڵ ببچڕێنێت، ئەمە نە دژایەتی پەکەکەیە نە شەڕە، تەنيا هەنگاوێکی سياسی و نيشتيمانييە بۆ بەرژەوەندی گشتی. زۆر کات لەسەر ئەم بۆچوونەم ڕووبەڕووی ڕەخنە و هێرش بوومەتەوە، گوایە ئەو داواکارييە هی تورکيایە و دژی کوردە! لە ٢٠٢٥ ئەگەر هەسەدە لەو ڕووەوە هەنگاوی ڕاستەقينە نەنێت، لە ٢٠٢٦ بەداخەوە تووشی کێشە و قەيڕانی گەورە دەبێت. پەکەکە تاکە فاکتەر نييە، بەڵکو یەکێکە لە فاکتەرە نێگەتيڤە سەرەکييەکان، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی کورد خۆیەتی کۆنتڕۆڵی بکات. کشانەوەی ئەمريکا و هێرشی سەربازیی تورکيا و فاکتەرەکانی تر... کورد ناتوانێت خۆی ئيدارەیان بدات، بەڵام فاکتەری پەکەکە بە دەست کوردە.
ئەگەر سوريا شەرعيەتی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەدەست بهێنێت، پەيوەندی پەکەکە و هەسەدە زۆر زەق دەکرێتەوە. ئەو کات، دۆزی رۆژئاوای کوردستان لە باشترين دۆخدا، تۆمەتبار دەکرێت بە هەبوونی دەستی دەرەکی، چونکە پەکەکە هێزێکی دەرەکييە. لە خەراپترين دۆخدا ئەو دۆزە ڕەوایە دەبێت بە پرسی تيرۆر. جگە لەوە، پڕۆژە و تێڕوانين و فکری سياسی پەکەکە لەگەڵ واقعدا ناگونجێت. ڕەنگدانەوەی کێشە و خەون و واقعی کورد و کوردستان نييە. هەر بۆیە جۆریک لە ناڕوونی و شڵەژان و نا واقعيبوون لە داواکارييەکانی هەسەدە هەیە سەبارەت بە ئايندە.
چەپ و ئيسلاميزم دوو گرێی شێرپەنجەيين لە لاشەی کوردستان و فکری کورد. هەر گروپێکی کوردی یان سەرکردەیەک، کاتێک دەبێتە نوێنەری پرسی کورد یان بەشێک لە کورد، پێويستە ئەو بەرپرسيارێتييە هەڵبگرێت کە ئەو دوو ئايدۆلۆژيا قێزەون زیانبەخشە نەسەپێنێت بەسەر کورد و دۆزەکەی. چونکە یان دەيکاتە جاشی دەوڵەتێک، یان پڕۆژەیەکی نەزۆکی بێ دەستکەوت دەبێت، یان بە کووشتدانی گەنجی کورد بۆ خەڵکی تر. ئەو دوو ئايدۆلۆژیایە بە سروشت دژی دۆزی کوردن، دۆزی کورد بە سروشت پێچەوانەی ئەو دوو ئايدۆلۆژیایەیە.