هەرچەند سەردانەکەی تڕەمپ بۆ سعوودييە پڕ بوو لە ئاماژەی نزيکبوونەوەی زیاتر و فراوانکردنی دۆستایەتی نێوان هەردوو دەوڵەت، بەڵام هيچ کام لە سێ پرسە سەرەکييەکەی نێوان ئەمريکا و سعوودييە بڕياری لەبارەوە نەدرا و بابەتی سەرەکی سەردانەکە نەبوو (لایەنی کەم بە فەرمی). چەند ساڵێکە لە پەيوەندی نێوان ئەمريکا و سعوودييە سێ بابەتی سەرەکی هەن: ڕێککەوتننامەی ئيبراهيمی نێوان ئيسرائيل و سعوودييە، پەيماننانەی سەربازی و بەرگری لە نێوان هەردوو دەوڵەت، هاوکاريکردنی ئەمريکا بۆ سعوودييە کە ببێتە خاوەن پڕۆژەی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتی.
ڕێککەوتننامەی ئيبراهيمی زیاتر پەيوەستە بە ويست و پڕۆژەکانی تڕەمپ، سعوودييە و ئيسرائيل بە گشتی ڕازین و هەوڵيشی بۆ دەدەن. بەڵام هەردوو لا مەرجیان هەیە. سعوودييە یەک مەرجی سەرەکی هەیە ئەويش جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتييە لە نێوان ئيسرائيل و فەڵەستين. ئيسرائيليش مەرجەکەی ئەوەیە کە سعوودييە ئەو مەرجە لاببات. لەگەڵ بەهێزبوونی باڵی ڕاستڕەوی ئيسرائيل و درووستکردنی هاوپەيمانی لەگەڵ نەتانياهۆ، ئيسرائيل ئامادە نييە هيچ مەرجێک قبوڵ بکات بۆ هەر رێککەوتنێکی ئيبراهيمی، تا ئەم دەسەڵاتەش بەردەوام بێت لە ئيسرائيل، ئەستەمە ئەو مەرجە قبوڵ بکەن. بە تايبەت چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی قودس دەداتە فەڵەستينييەکان.
سعوودييەش لەبەر چەندين هۆکار، زۆر قوورسە سازش لەو مەرجە بکات. دەنگۆیەکی نا فەرمی هەیە گوایە سعوودييە ڕازی دەبێت بە بەڵێنێکی زارەکی ئيسرائيل سەبارەت بە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی. بەڵام لەسەر ئاستی فەرمی هەميشە دەڵێت بە بێ دەوڵەتی فەڵەستين، ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکان لەگەڵ ئيسرائيل ڕوونادات. ئيسرائيل لە ئێستادا ئامادە نييە بە زارەکيش ئەو بەڵێنە بدات.
بابەتی ئيمزاکردنی پەيماننامەی سەربازی و بەرگری نێوان ئەمريکا و سعوودييە، پەيوەستە بە بابەتی یەکەمەوە. پەيماننامەی بەرگری واتە هەردوو دەوڵەت لە ڕووی یاساییەوە پابەند دەبن بە بەرگری کردن لە یەکتر لە کاتی جەنگ. بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەتێک یان گروپێک پەلاماری سعوودييە بدات، ئەو کات بە پێی یاسا ئەمريکا دەبێت بەرگری لە سعوودييە بکات. ئەمريکا لەگەڵ دەوڵەتانی ناتۆ و چەندين دەوڵەتی تر وەک ژاپۆن و کۆريای باشوور ئەم جۆرە پەيماننامەیی هەیە. بەڵام لەگەڵ سعوودييە مەرجەکەی ئەوەیە کە پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئيسرائيل ئاسایی بکاتەوە.
دەنگۆی ئەوە هەبوو کە تڕەمپ، لەبەر ئەوەی پەيوەندييەکانی لەگەڵ نەتانياهۆ ساردييەکی تێکەوتووە، لەوانەیە ئەو پەيماننامەیە لەگەڵ سعوودييە ڕابگەيەنێت. ئەمە ڕووينەدا و ڕوونادات، چونکە نە پەيوەندی تڕەمپ و نەتانياهۆ لەو ئاستەیە، نە نەتانياهۆ یەکسانە بە ئيسرائيل. گريمان تڕەمپ ئەو بڕيارەش بدات، هەر سەرکەوتوو نابێت، چونکە پەيماننامەی سەربازیی پێويستە یەک لەسەر سێی کۆنگرێس ڕەزامەند بن لەسەری، نيمچە مەحاڵە ئەو ڕێژە دەنگە لە کۆنگرێس بەدەست بێت بۆ بابەتێک، ئەگەر ئيسرائيل دژی بێت. لۆبی جوو هەژموونێکی فراوانی بەسەر کۆنگرێس هەیە، ئەوەش هۆکارێکە کە هيچ سەرۆکیکی ئەمريکا ناتوانێت دژی ئيسرائيل بێت.
پرسی وزەی ئەتۆمی سعوودیی یەکێکە لە ئامانجەکانی محەمەد سەلمان، دەيەوێت بە هاوکاری ئەمريکا ببێتە خاوەن ئەو پڕۆژەیە (شایەنی باسە ئێران لە کاتی شا هەر لە ڕێگەی ئەمريکاوە بۆ یەکەمين جار بووە خاوەنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئاشتيانە). سعوودييە پلانی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی سەرەکی لە ناوچەکە لە بواری ژيریی دەستکرد، ئەم بوارە پێويستی بە وزەی کارەبای زۆر و بەردەوام هەیە، ئەتۆمی گرنگترينە بۆ ئەم مەبەستە و بۆ چەندين مەبەستی تر. یەکێک لە پاڵنەرەکانی سعوودييە بۆ هەوڵدان بۆ چوونە ناو ڕێککەوتننامەی ئيبراهيمی هەر ئەم بوارەیە، ئيسرائيل یەکێکە لە دەوڵەتە گرنگەکانی جيهان لە ژيریی دەستکرد، بە تايبەت بۆ بەکارهێنانی لە بوارەکانی سەربازی و هەواڵگری و کشتوکاڵ، دەتوانێت سوودی گەورە بە سعوودييە بگەيەنێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ڕێکەوتنامەی ئيبراهيمی لە نێوان ئيمارات و ئيسرائيل، سوود بينين بوو لە توانا گەورەکانی ئيسرائيل لە ژيریی دەستکرد.
ئەمريکا جارێ ڕازی نييە هاوکاری سعوودييە بکات لە بواری وزەی ئەتۆمی، لەبەر چەندين هۆکار، یەکێکيان ئەوەیە کە سعوودييە پێشتر دەبێت لەگەڵ ئيسرائيل پەيوەندی فەرمی هەبێت. هاوکات ترسيشی هەیە کە سعوودييە بۆ ئەو مەبەستە لە چين و ڕووسيا نزيک ببێتەوە.
هيچ کام لە پرسە گرنگ و ستراتيژييەکان نەبووە بابەتی سەردان و کۆبوونەوەکان. لەبەر ئەوە ڕەهەندی بازرگانی زاڵ بوو بەسەر سەردانەکەی تڕەمپ و داهاتێکی زۆری سعوودييە تەرخان کرا بۆ وەبەرهێنان و کڕينی شمەکی ئەمريکی، لەبەرانبەردا تڕەمپ داواکەی مەحەمەد سەلمانی قبوڵ کرد کە سزاکان لەسەر سووريا لاببات و جۆلانی ببينێت، کە بووە ديارترين ڕووداوی سەردانەکە.
سەبارەت بە سزاکانی سەر سووريا و کۆبوونەوە لەگەڵ جۆلانی، پێشتر، بە تايبەت لە رێگەی ئيماراتەوە، پەيوەندييەکی باش درووستکراوە لە نێوان ئيسرائيل و جۆلانی. سوريای نوێ جگە لەوەی دەيەوێت بە هيچ جۆرێک کێشە و شەڕی نەبێت لەگەڵ ئيسرائيل، پێشنياری چوونە ناو ڕێککەوتننامەی ئيبراهيمی قبوڵ کردووە. سعودييەش پشتگيری ئەو هەنگاوانە دەکات. هەر بۆیە یەکەم داواکاری تڕەمپ لە جۆلانی مەسەلەی ئيسرائيل و ڕێککەوتنامەی ئيبراهيمی بوو.