هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە، پارێزگای میسان پێکدادانێکی چەکداری قورسی بەخۆوە بینی و تێیدا جۆرەها چەکی جیاواز بەکارهێنرا.
ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە هاتن، چەکدارانی نەناسراو لە گەڕەکی موعەلیمین تەقەیان لە (حسێن عەلاق) ناسراو بە "دعلج" کرد و کوشتیان، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سەرایای سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدر.
دوای ڕووداوەکە، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر چەند بارەگایەکی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەق و نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسانیان سوتاند.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کرد: ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی سەدر کە کوژراوە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە تۆمەتی چەندین تاوان داواکراو بووە، کە دیارترینیان تۆمەتبارکردنی بووە لە دۆسیەی کوشتنی (ویسام عەلیاوی) سەرکردەی عەسائیب لە ساڵی ٢٠١٩دا.
پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، یەکێکە لەو ناوچانەی کە ململانێی سیاسی و چەکداریی نێوان ڕەوتی سەدر و گرووپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی تێیدا ڕەنگدەداتەوە. مێژووی ئەم گرژییانە بۆ ساڵی ٢٠١٩ و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی تشرین دەگەڕێتەوە کە تێیدا چەندین سەرکردەی هەردوولا کرانە ئامانج. چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ئەم پێکدادانانە دەبێتە مەترسی بۆ سەر سەقامگیری پارێزگاکانی تری باشووری عێراقیش.