دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای چەندین ساڵ؛ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی سوریا کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا لە کۆبوونەوەدایە.

فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی "ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار" و میکانیزمی یەکگرتنی سەربازیی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ "سوپای نوێی سوریا".

جگە لە مەزڵوم عەبدی، هەریەکە لە سۆزدار حاجی و سیپان حەمۆ، ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە شاندەکەدا بەشدارن. ئەوەی بایەخی زیاتری بە کۆبوونەوەکە بەخشیوە، ئامادەبوونی جەنەراڵ کێڤن جەی لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە کۆبوونەوەکاندا.

ئەم سەردانە مێژووییە کە جارێک بەهۆی "تەکنیکییەوە" دواخرابوو، وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە ململانێکانی سوریا دەبینرێت. یەکگرتنی هەسەدە و سوپای سوریا، ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە ساڵانێک لە دابەشبوونی سەربازی دەهێنێت و نەخشەی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بە گشتی دەگۆڕێت. ئامادەبوونی فەرماندەی هاوپەیمانانیش نیشانەی ڕەزامەندیی واشنتن و لایەنە نێودەوڵەتییەکانە لەسەر ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP