هەرێم نیوز
فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی داتای خانەنشینان تەواو بووە و لیستی مووچەی مانگی یەک بە سیستمی نوێ ئامادە دەکرێت، هاوکات ناوی سەدان هەزار خانەنشین بۆ پەیڕۆڵ زیاد کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی 1ی 2026، شەهلا عەبدوڵا، سەرۆکی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی زانیارییەکانی خانەنشینان بۆ سیستمی نوێ تەواو بوون و ئەم مانگە خشتەی مووچەی مانگی 1ی خانەنشینان بەو سیستمە نوێیە ئامادە دەکرێت.
شەهلا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش دا، لە دوای ئەنجامدانی چاکسازی لە لیستی ناوەکاندا، بڕیار دراوە ناوی 303 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی بۆ سیستمی "پەیڕۆڵ"ـی مووچە زیاد بکرێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش ڕوونی کردەوە، بڕیارە دوای تەواوکردنی پرۆسەی زیادکردنی ناوی خانەنشینان، دەست بکرێت بە زیادکردنی ناوی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ نێو سیستمەکە.