دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

حکومەتی عێراق دڵنیایی دەدات؛ نرخی دۆلار دادەبەزێت و ئەم بەرزبوونەوەیە کاتیییە

هەرێم نیوز

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق مژدەی بە هاووڵاتییان دا و ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دۆخێکی کاتییە و بەم نزیکانە نرخەکەی دادەبەزێتەوە.

ڕاوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی دارایی عێراق بە تەواوی سەقامگیرە و هیچ کێشەیەکی دارایی لە وڵاتدا نییە.

وتیشی: "ئەم هەڵاوسانەی ئێستا کۆتایی دێت و نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشتری خۆی."

ئەم دڵنیاییەی حکومەت لە کاتێکدایە کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٢ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٧ هەزار دینار بەرزبووەوە. بە گوتەی شارەزایان، هۆکاری ئەم لرزینەی بازاڕ تەنها بۆ زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر دۆلار لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەگەڕێتەوە، نەک بوونی کێشە لە یەدەگی دراوی بانکى ناوەندی.

بازاڕی دراو لە عێراق هەمیشە لەژێر کاریگەریی دەنگۆ و خواستی وەرزیی هاووڵاتییاندایە. حکومەتی سودانی لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی بازاڕی ڕەش و نزیککردنەوەی لە نرخی فەرمی (١٣٢٠ دینار). هەرچەندە فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکارەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا کاریگەرییان لەسەر خستنەڕووی دۆلار هەبووە، بەڵام یەدەگی بەهێزی عێراق کە لە سەروو ١٠٠ ملیار دۆلارەوەیە، وەک قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی بەهای دینار دەبینرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP