دواین هەواڵ

ئایا ئیسرائیل کوردی کریوە تاكوو بفرۆشیت ؟

‌نەوزاد هێتوتی

21 کاتژمێر پێش ئێستا


ھێرشە چەکدارەکانی حکومەتی ئەلشەرع بۆ سەر کورد لە سووریا لە چەند لایەکەوە جێگای سەرنجە. بەتایبەت ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و سووریا واژۆ کراوە، کە پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسییەکانی سووریاوە هەیە. ئەگەر چی هێشتا دیار نییە  خاڵە نھینییەكانی چین. بەلام  ئەوەی بە روونی ئاماژە پێكراوە و   ڕێککەوتن لەسەر کراوە  ئەمانەن: 
1- هەوڵدان بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل.
2- پێکهێنانی لیژنەیەکی ئاسایشی و هەماهەنگی هاوبەش بە سەرپەرشتی ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری.
3- جەختکردن لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نێوان هەردوو لایەن، و کارکردن بۆ ئەوەی ناوچە سنوورییە مەبەستدارەکان (بەتایبەت باشووری سووریا) بە تەواوی لە چەک پاک بکرێن و بگۆڕدرێن بۆ ناوچەیەکی بازرگانی.
4- پێشبردنی پەیوەندییەکان لە ڕووی بازرگانی و دیپلوماسییەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لەم ڕێککەوتنەدا گێراووە. دیارە، تۆم باراک لە زۆر لێدوانیدا بە ئاشکرا پالپشتی حکومەتی سووریا كردووە.  خۆیشی کەسێکی بازرگانە و هیچ ئەزمونێکی سیاسی نییە، و لە  ژێر کاریگەری لۆبی تورکیا و هەندێک وڵاتی عەرەبیدا کار دەکات .بۆیە، باراک و لێدوانەكانی زۆر جاران  كارێگەری خرابی كردووە سەر ھاوكێشەسیاسییەكان لە سووریا ، تەنانەت لە هەندێک کاتدا لێدوانەکانی بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی حکومەتی شەرع هێرش بکاتە سەر دروزییەکان. بویە، ، ئاساییە کە تۆم باراک هاوسۆز نەبێت لەگەڵ کورد و تەنانەت ڕێگە بدات هەواڵ و زانیارییەکان بە شێوەیەکی پێچەوانە بۆ كۆشكی سپی و دونالد ترەمپ بگات. لێرەدا پرسیاری ھەرە  گرنگن ئەوەیە كە ئایا ئەم ڕێککەوتنەی نێوان سووریا و ئیسرائیل لەسەر حسابی بەرژەوەندی پێکهاتەکانی تری سووریا، بەتایبەت کورد و دروزییەکان، کراوە؟ ئایا ئیسرائیل دەستی ئەلشەرع دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەكەیفی خۆی كۆمەلكوژی دژی ئەم پێکهاتانە ئەنجام بدات؟ پێموانییە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات بێدەنگ نابێت. بەتایبەت ئیسرائیل هیچ متمانەیەكی بە حکومەتی ئێستای سووریا نییە و ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی لە داهاتوودا سووریا ببێتە هەڕەشەیەکی گەورەی هاوشێوەی غەزە بۆ سەر ئاسایش وبەرژەوەندییەکانی.

لەم رووەوە، ، ستراتیژی ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکات:
1-  سووریا نابێت دەسەڵاتێکی سەنتراڵی توندی ھەبێت   و  ئیسلامییەکان بە سەرێدا زاڵبن .
2-  لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە کە سووریا بە ئاراستەی دابەشبوون و دەسەڵاتی ناسەنتراڵ بڕوات، بە شێوەیەک کە کورد و دروزییەکان دەسەڵاتی خۆیان هەبێت.
3-  ناوچە سنوورییەکان دەبێت بە تەواوی لە چەک دابماڵرێن  و بەرژەوەندییەكانی ستراتیژی  ئیسرائیل، بەتایبەت لە جولان، پارێزراو بن.
4-  نابێت سووریا   چەک و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو سەربازی  هەبێت.
5-  ئیسرائیل ڕێگە نادات تورکیا هەژموونی بەسەر سووریا بسەپێنێت و سووریا بكاتە پێگەیە بۆ بەھێز كردنی پێگە و دەسەلاتەكانی لە سەر ئاستی ناوچەكە

لەم چوارچێوەیەدا، کورد و ئیسرائیل بەرژەوەندی هاوبەشیان لە سووریا هەیە. ئەگەر کورد بە باشی سیاسەت بکات، ئیسرائیل پشتیوانییان دەکات. بەتایبەت هەردوو لایەن پێیان باشە سووریا دەسەڵاتێکی ناسەنتراڵی هەبێت و حکومەتی دیمەشق زۆر بەهێز نەبێت و ڕێزی مافی پێکهاتەکان بگرێت، و تورکیاش نەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا بسەپێنێت. زۆر گرنگە کورد بە ئاشکرا پەیوەندی دیپلوماسی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات و داوای هاوکاری بکات، و نابێت شەرم لەوە بکات. چونکە دوژمنانی کورد بە بێ شەرم دەستی ئیسرائیل ماچ دەکەن بۆ ئەوەی  پاڵپشتی كورد نەكات. لەبەر ئەمە، کورد نابێت شەرم بکات لە  درووست كردنی پەیوەندی دیپلوماسی یان داوای یارمەتی كردن لە ئیسرائیل. بەتایبەت کە ئیسرائیل لۆبییەکی زۆر بەهێزی هەیە لە ئەمریکا و دەتوانێت کاریگەری گەورە بکات لەسەر بڕیارسازانی ئەو وڵاتە. هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بەتایبەت لە بەرامبەر هێرشەکانی گرووپە ئیسلامییەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شیخ مەقسود، ئەوە پیشان دەدات کە ئیسرائیل هەستیارە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی لە سووریا هەن. تەنانەت تا ئێستا ئیسرائیل تاکە وڵاتە لە ئاستی جیهاندا كە لە رووی سیاسییەوە  بە ئاشکرا ئیدانەی  ئەم هێرشانە دەكات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP