ئەمساڵ لە ساتەوەختێکى هەستیاردا 54هەمین کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى لە داڤۆسى سویسرا بەڕێوە دەچێت ، کە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دونیاش چاوەروانى پێشهات و گۆرانکارى نوێ دەکات ، کۆڕبەندى داڤۆش ئەمجارەیان بە دروشمى ( هاریکاریی لە پێناو سەردەمى زیرەکدا ) بۆ ماوەى چوار رۆژ بەردەوام دەبێ کە تێیدا چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیران و گەورەبەرپرسانى وڵاتانى جیهان تاوتوێ و گفتوگۆى چەندین پرسى گرنگى سیاسى و ئابوورى و بوارى وەبەرهێنان وئاڵۆگۆرى بارزگانى نێوان وڵاتان دەکرێت .
بەشداریی فەرمى مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى ئابووریی جیهانیی لە داڤۆسى سویسرا، ئاماژەیە بە گرنگى وبایەخ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتی و سەرکەوتنى دیپلۆماسى و ئینجا پێشکەوتن و گەشەسەندنى کەرتى وەربەرهێنان لە رووى ئابووورى و ئاوەدانى و بارزگانى لە هەرێمى کوردستان دا .
ئەو کۆڕبەندە بە یەکێک لەگرنگترین کۆڕبەندە ئابوورییەکان لە سەر ئاستى دونیا هەژمار دەکرێت ، کە تییدا دەیان سەرمایەدار و بازرگانى گەورە تێیدا بەشدارن و هەرێمى کوردستانیش بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەکى فەرمى بەشدارى کارایی تێیدا کردووە و لەگەڵ کردنەوەى ماڵى کوردستانى لە داڤۆسدا .
هۆکارى ئەو گرنگیدان و بایەخدانەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە هەرێمى کوردستان ، بۆ ئابوورى و هەڵکەوتە جوگرافیاکەى و پێگە جیۆسیاسییەکەى ، لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگەڕێتەوە ، لە هەمانکاتیشدا خاوەن سامانێکى سەر زەووى و بن زەووى زۆرە ، لە هەمانکاتیشدا لە رووى سەقامگیرى و ئاسایش و ئارامییەوە ، بە یەکێک لە ناوچە هەر سەقامگیرەکان هەژمار دەکرێت ، ئەوەش وایکردووە کە بارزگان و سەرمایەداران بۆ کارى وەبەرهێنان ڕوو لە هەرێمى کوردستان بکەن .هەر بۆیە، ئەم کۆڕبەندە وەک دەروازەیەکە بۆ زیاتر کرانەوەى هەرێمى کوردستان بەڕووى بازرگان و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکانى وڵاتان .
لەلایەکى ترەوە ، ڕاستە ئەم کۆڕبەندى داڤۆس تایبەتە بە ئابوورییەوە ، بەڵام بایەخ و گرنگییەکەى لەوەدایە کە ، ڕووى بەرەو پێشبردنى ئاستى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ و ڵاتانى ناوچەکە و جیهان، جێگەى بایەخى زۆرە و بەشداریکردنى مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ، ئەنجامێکى باش و گرنگى دەبێت لە ڕووى ئابوورى و سیاسى و دیپلۆماسییەوە .
بەتایبەتى تر ، بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى گرنگى وەک داڤۆس، وادەکات کە ئەو کێشە وئاستەنگانەى کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان بوونەتەوە چ لە رووى سیاسى و ئابوورییەوە ، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانى دەرەوەى وڵاتان باس و گفتوگۆى لە سەر بکەن ، بە تایبەت پرسى ماف و شایستە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان ، کە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانى عێراق پێشێڵى دەکەن و دەکرێت لە نێو ئەو کۆڕبەندەدا ، پاڵپشتى بەهێزى سیاسى بۆ گەلى کورد و مافەرەواکىن بەدەست بهێنرێت ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان هەوڵ دەدات تا ئاستى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانى جیهان بەرز بکاتەوە و پشتیوانى نوێ و بەهێزتر بۆ هەرێمى کوردستان بەدەست بێنێت ، ئەوە وادەکات خەونى نەیارانى کورد بۆ لاوازکردنى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان شکست پێبهێنێت.
ڕاستە ماوەى چەند ساڵێکە ، کە دوژمنان و نەیارانى هەرێمى کوردستان بەهەموو هێزوتوانایانەوە دژایەتى گەلى کورد دەکەن ، بەڵام گرنگیدان و بایەخدان کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە دۆزى کورد و ئینجا بەهێزیی پێگەى حکوومەتى کوردستان چ لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتی وایکردووە کە نەیاران و دوژمنانى تووشى شۆک و هیستریا ببنەوە ، بەتایبەت کە ئاستى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى هەرێمى کوردستان گەیشتۆتە لووتکە ، ئەوەش گەلى کوردوقەوارەکەى زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات و هەمیش پشتگیرى زیاتر بۆ هەرێمى کوردستان دروست دەبێت.
دەتوانین بڵێن کە، ئیتر سەردەمى نکۆڵیکردن و پەراوێز خستنى گەلى کورد بە سەرچووە، بەتایبەتى کە ، هەرێمى کوردستان ئەمرۆ قەوارەیەکى یاسایی ودەستوورییە لە سەر ئاستى هەموو جیهان ددانپێنراوە و ناسراوە و هیچ چەک و پیلان و کارتێک نەیتوانى و ناتوانێت سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لاواز بکات و بەدڵنییاییەوە ئەم کارتە ئابوورى و داراییە کە وەک چەکێک لە دژى گەلى کورد بەکاردەهێنرێت تێشکاوە و شکستخواردووە و هەرێمى کوردستانیش بە سەرکردایەتى بارزانى و بەهێزەوە گەل وقەوارەکەى بەرەو داهاتوویەکى گەشە و عێراقیش بەم جۆرە زێهنیەت و سیاسەتە فاشیزمییە تووشى قەیران و شکست و پووکانەوە دەبێت ، هەرێمى کوردستانیش رۆژ بەرۆژ بەرەو سەرکەوتن و ئامانجەگەورەکە.