دواین هەواڵ

سەری ساڵی تازە و پرسیارکردن لە ئاماژە مەعنەوی و ئەخلاقییەکانی

‌ئەبوبەكر كاروانی

پێش 2 هەفتە

ساڵی تازەی زایینی و یادی لەداییکبوونی حەزرەتی عیسا، پێغەمبەری مەزنی خودا، لە جیهانیان، گەلی کوردستان و ڕۆڵەکانی و بەتایبەتییش هاووڵاتیە مەسیحییەکانی وڵاتەکەمان پیرۆز بێت. دوعاخوازین ساڵی تازە بۆ یەکە بەیەکەمان و گەلەکەمان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تێکڕای مرۆڤایەتی، ساڵی کەمتربوونەوەی جەنگ و خوێنڕێژی و ڕەنج و ئازارەکان، فراوانتربوونی پانتایی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و کامەرانی بێت.

ئەگەر ساڵی تازەش کۆتایی ساڵی ڕابردوو بێت، لێرەوە ئەو پرسیارەی دەڵێت ئایا ساڵی ڕابردووت لەڕووی مەعنەوی و ئەخلاقییەوە، تەنانەت بە پێوەرەکانی سەرکەوتن لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا، بەو جۆرە بەسەربردووە، شایستەی ئەوە بێت، بە بۆنەی کۆتایی هاتنییەوە ئاهەنگ بگێڕیت یاخوود بە پێچەوانەوە، ڕەوایەتی وەردەگرێت. وە ئایا لە کاتێکدا ئاهەنگ بە بۆنەی ساڵی تازەوە دەگێریت، هیچ تێگەیشتنێکت سەبارەت بە ژیانێکی نوێتر و مەعنەویتر و ئەخلاقیتر و سەرکەوتووانەترت لەلا گەڵاڵە دەبێت، یاخوود مەسەلەکە هیچ ڕەهەندێکی فەلسەفی و مەعنەوی لەخۆ ناگرێت و لە هەندێ ساتی کەمی سەرگەرمی و خۆشی دەربرین تێپەرناکات، دوای ئەوە فشارەکانی ژیان بە بە تاڵاوی نائومێدی و ڕەشبینی و ئازارەکانی حەزە لەچاڵنراو و ئاواتە بەدینەهاتووەکان و سوێی خۆ بەراوردکردنێکی بەردەوام بە ئەوی دی دەوڵەمەندتر و خۆشگوزەرانتر هەناومان لەت و پەت دەکات و هەستکردن بەخۆشی و شادیمان لاناهێڵێت؟

داخۆ تازە بوونەوەی ساڵ، واتاکەی تێکەڵ بە هەستە ڕۆحی و ئەخلاقییە ڕەسەنەکانمان دەبێت و لەوێوە بەشێك لە ئاماژەکانی وەردەگرێت یاخود هیچ پرسیارێکی فەلسەفیمان لا درووست ناکات؟ هەق وایە گووتار و ناوەندە دینیە کوردستانییەکەش قورسایی خۆیان بخەنە سەر ئەم پرسیار و ڕەهەندانەو چیتر خۆیان بە باسی حەرام و حەڵاڵی ئاهەنگێران بە بۆنەی سەری ساڵی تازەوە خەریک نەکەن، چونکە یادەکە بۆتە بەڵگە نەویستێکی دنیای نوێ، هەروەها مەسەلەکە پەیوەندی بە عەقیدەو سرووتی دینێکی دیاریکراوەوە نەماوەو بەگەردوونی بووەو لەسەر ئاستی شوێنکەوتەی ئایین و فەرهەنگە جیاوازەکاندا ئاهەنگی بەبۆنەوە دەگێردرێت و یادی دەکرێتەوە. گەرچی هەقی خۆیانە داوای ئەوە بکەن لەم یادەو هاوشێوەکانیدا ڕەچاوی بەها ئیسلامی و فەرهەنگی و نەتەوەییەکانمان بکەین، واتە لە کاتێکدا هەست بە هاوبەشی لە بۆنەیەکی جیهانیدا دەکەین و بەشداری تێدا دەکەین، بە تایبەتمەندی نەتەوەیی و ئیسلامی و فەرهەنگی خۆمانەوە هاوبەشییەکە ئەنجام بدەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP