دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان-عێراق ٢٠٢٥: دەرفەت و هەڕەشەکان

‌د. پەرویز ڕەحیم قادر

پێش 4 هەفتە

بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان، کە لە تەنیاییی ستراتیژیدا دەژیت، ئاسایش و مانەوە پرسێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پرسێکی ژیانییە و لە سەرووی هەموو پرسەکانی دیکەوەیە. پێشبینی و سیناریۆسازیی زانستی بۆ ئەگەر و پێشهاتە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان لە پاڵ دەستنیشانکردنی دەرفەت و هەڕەشەکانی سەر وڵاتان، جگە لەوەی لەلایەن دەزگە و دامەزراوە هەواڵگری و ئاسایشییەکان ئەنجام دەدرێت، لە هەمان کاتیشدا لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەكان، زانکۆكان و  تەنانەت سەنتەرە میدیایییەکانیش لانی کەم بە شێوەی وەرزی و ساڵانە ئامادە دەکرێت. هەرچەندە بەهۆی زۆربوونی فاکتەر و ئەکتەرەکان و داینامیزمی گۆڕانکارییە ژینگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بواری جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی، ئابووری و…، مەرج نییە کە ئەو پێشبینی و سیناریۆیانە بەتەواوی وەکوو خۆی بێتە دی، بەڵام لەسەر بنەمای گۆڕانکاری، زانیاری و، هەروەها شرۆڤە و ڕوانگەی ئەکادیمی و پسۆران و، هەروەها بەپێی پێشهاتە و ڕووداوە گەرمەکان، دەکرێت بەشێک لەو ئەگەر و سیناریۆیانە بێنە دی. تەنانەت خستنەڕووی ئەو دەرفەت و هەڕەشانە دەتوانێت یارمەتیی ڕای گشتی و ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار بدات بۆ ئامادەکاری و تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان و داڕشتنی سیاسەت بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان.

بۆ هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی ئاسایشی-سەربازی، سیاسی، ئابووری و… بووەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و قەیران و پێشهاتەی گەرم و بەردەوامی سەربازی و ئەمنی و، هەروەها ڕۆڵی ئەکتەرە سەرووهەرێمییەکان و لە پاڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتەکان و بەتایبەتی جەنگی حەماس-ئیسرائیل پێشبینی دەکرێت بەشێک لە کێشەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام بێت و ئەگەر و مەترسی و دەرفەتی نوێیش بەهۆی هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا بێتە ئاراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە بەپێی فاکتەرە کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی، ئابووری و تەنانەت جوگرافی و ژینگەیییەکان، ده‌كرێ جۆر و چەشنی ئەو مەترسییانە لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە یان لە کاتێک بۆ کاتێکی تر جیاواز بێت. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە هەر کام لەم مەترسییانە پەیوەندییان بە چەندان ئەکتەر و فاکتەر، هەروەها مەترسی و هەڕەشەکانی دیکەوە هەیە. ئەمەیش دەری دەخات کە ئەم مەترسییانە هەم پێکەوەگرێدراون و لە هەمان کاتیشدا دەتوانین بە سەربەخۆ دەستنیشانیان بکەین. جگە لەمانەیش، هەندێ هەڕەشە و مەترسی هەن کە لە لایەک کەمترین زانیاریی پشتڕاستکراوە و متمانەپێکراوی لەسەر هەیە یان دەست دەکەوێت و لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی سروشتی سەربازی-ئاسایشییانەوە نابێت/ناکرێت لە ڕاگەیاندنەکان بخرێتە ڕوو.
ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ساڵی ٢٠٢٤ کە گواسترایەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥

١- کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی: نەخشەی جیۆسیاسی لە ناوچەکە لە پاش جەنگی حەماس-ئیسرائیل بە شێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو بکەوێتە ژێر کاریگەری و نفووز و هەژموونی تەواوی ئێران و ڕووسیا و چین و، باشووری ئەم دوو ناوچەیەیش لەژێر هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکانی هاوپەیمانیان بێت. ئەم هاوکێشەیە چەندان ساڵە مشتومڕی لەسەر دەکرێت و زیاتر لە دەیەیەک دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پاشان لە ئەفغانستان، زیندوو کراوەتەوە. هەروەها پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی “پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” لەلایەن عێراق و تورکیاوە و بەم پێیەیش کردنەوەی دروازەیەکی نوێ لە نێوان تورکیا و عێراق، دەتوانێت جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە ڕووی ئابووری و جیۆئێکۆنۆمییەوە، لە ڕووی ئاسایشی و جیۆسیاسییەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە بێت.

٢- ئاسایشی سیاسی: لە مەودای مامناوەند هیچ تایبەتمەندییەکی فیدڕاڵی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان نەمێنێت و لە درێژخایەندا کودەتایەکی دەستووری لە عێراق بکرێت یاخود هەمواری دەستوور بە شێوەیەک بکرێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بهێنرێت؛ بەو پێیەی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆیی بۆتەوە و مەیلی گەڕانەوە بۆ ناوەند-بەغدا (centripetal) لە بەرامبەر مەیلی دوورکەوتنە لە ناوەند-بەغدا (centrifugal) لە لای بەشێک لە هاووڵاتیان بەهێز بووە و، ئەم ئەگەرە هیچ ئەستەم نییە؛ تەنانەت ئەم سیناریۆیە وا دەکات کە کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر دابەش ببێت و “دووجەمسەری” گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا. هەروەها فیدراڵیی پارێزگاکان بێتەوە بەرباس یاخود سیستەمی سیاسیی عێراق گۆڕانی بەسەردا بێت و بەرەو نیمچەسەرۆکایەتی بڕوات. جگە لەوانەیش کارکردن بە زۆرینە و کەمینە لە عێراق و بەکارهێنانی دادگەی فیدراڵی و دامەزراوە دادوەرییەکان و پەرلەمان لە دژی هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سیماکانی دەوڵەت و سیستەمێکی ناوەندی. هەروەها بەردەوامیی ناکۆکی و ئەگەری قووڵبوونەوەی لێکترازانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان  و بەم پێیەیش زەقبوونەوەی دوو-زۆنی لە لایەک و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکی جددییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

٣- ئاسایشی ئابووری: بەردەوامیی کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە ڕووی دابینکردنی مووچە و بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسە هەڵپەسێردراوەکان و، هەروەها دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. هەروەها گەورەترین قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە دوو کەرتی پیشەسازیی نەوت و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون یاخود خانووبەرەدا خۆی دەبینێتەوە و بەم پێیەیش لە ئێستادا پیشەسازیی نەوت بەهۆی سیاسەتی بەغداوە ڕووبەڕووی پاشەکشە و ڕاوەستانی ترسناک بۆتەوە و لە هەمان کاتیشدا ئەگەری داتەپینی گەورەی ئابووری بەهۆی شکستی کەرتی بیناسازی و خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری لە ساڵانی داهاتوودا بێنێتە ئاراوە و بەهۆی ئەوەی کە کوردستان دەوڵەت نییە، خەسارێکی گەورە لە هەموو بوار و کەرتەکانی دیکە بدات. جگە لەوەیش، زیادەڕۆیـی و پشتگوێخسـتنی كەرتەكانـی دیكـە بـە بـەراورد لەگـەڵ ئـەم كەرتـانە، گەشەی ناوهاوسەنگ یان تاکڕەهەندی بەرهەم دێنێت، کە خۆی لە خۆیدا مەترسییە بۆ سەر گەشەپێدان و ئاسایشی فرەڕەهەندی هەرێمی کوردستان.

٤- ئاسایشی ژینگەیی: ڕوودانی کارەساتێکی لەناکاوی سروشتی، بەتایبەتی بەردەوامیی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە و کێشەی ژینگەیی لە عێراق و پاڵەپەستۆ و گوشاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان؛ بەو پێیەی کە هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای جیاوازی لە سروشت و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ عێراق بەڵام لە لایەک لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەیییەکانی عێراقدایە و لە لایەکی دیکەیشەوە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئاستی جیهانی هەڕەشە لە ئاسایشی ژینگەییی هەرێمی کوردستان دەکات.

٥- ئاسایشی سەربازی: بەردەوامیی مەترسیی تیرۆر و مەترسیی ژیانەوەی داعش و بەهێزبوونی میلیشیاکان و بەردەوامیی هێرشی سەربازیی ئێران و تورکیا، بەتایبەتی لە ئاستی ناوخۆی عێراق، بەردەوامیی هێرش و هەڕەشەکانی میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئەگەری ململانێ و ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر یاخود ئێران و ئەمریکا و بەتایبەتی ئێران و ئیسرائیل. جگە لەمانەیش، گوشارهێنانی هێزەکانی لایەنگری ئێران بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق یان بە بڕیاری خودی ئەمریکا بۆ کشانەوەیان، هاوشێوەی ئەفغانستان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ؛ هەروەها زاڵبوونی میلیشیاکان بەسەر حکوومەتی عێراق مەترسییەکی گەورەیە.

٦- ئاسایشی کۆمەڵگەیی: بەرزبوونەوەی داواکاریی جەماوەری و کەڵەکەبوونی داواکارییەکانی هاووڵاتیان و بەتایبەتی گۆڕانی ستایلی ژیانی نەوەی (GEN Z) و لێکەوتەکانی لەسەر سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵگە لە لایەک و، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان و هەژاری لە ئەنجامی سیاسەتی برسیکردنی بەغدا لە لای ترەوە؛ بەم پێیەیش بەرزبوونەوەی تاوان و لێکترازان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەر، دزی، کوشتن، دروستبوونی تاوانی ڕێکخراو و سنووربەزێن، هەروەها بەردەوامیی کۆچی بەکۆمەڵ یاخود کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوە؛ جگە لەمانەیش، کاریگەرییە نەرێنییەکانی سۆشیال میدیا و پاشان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە یان درۆیین (Fake news) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

دەرفەتەکانی ساڵی ٢٠٢٥

١- کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی: هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت دەرفەت بێت بۆ هەرێمی کوردستان؛ بەو پێیەی کە تاوەکوو ئێستا ستافی پاڵێوراوی ئیدارەکەی، دەری دەخات کە لە ڕووی پێکهاتەوە (نەک سیاسەت) ئیدارەیەکی تەواو جیاوازی دەبێت و لە هەمان کاتیشدا لە خولی پێشوو شارەزاترە و تەنانەت سەرکردە و دەوڵەتانی جیهانیش دەیناسن و باشتر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو لایەن و ئەکتەرانەی، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە هاتنەسەرکاری ترەمپ ئەگەری ئەوە زۆرە کە بۆ خۆگەنجاندن سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکەدا بگۆڕن و لەلایەن ئەمریکاوە لاواز بکرێن و، لە هەمان کاتیشدا ئەو ئەکتەرانەی کە لە هاتنەئارای هاوسەنگیی نوێی هێز هاوبەرژەوەندن لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی، ئەوە لە ترەمپ نزیکن و، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە.

٢- ئاسایشی سیاسی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانێت نەخشەی سیاسی بگۆڕێت و دەرفەتێکی دیکە بۆ کورد (ئەگەر یەکگرتوو و یەکگوتار بێت) لە هاوکێشەکانی عێراق بێنێتە ئاراوە. هەروەها ئەگەری گۆڕانکاری لە پێگە و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکانی عێراق، دەتوانێت دەرفەتی دروستکردنی هاوپەیمانێتیی نوێ بێنێتە ئاراوە. لە ئاستی ناوخۆییش پێکهێنانی حکوومەت بە بەشداریی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان دەرفەتێکی سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی حکوومەتەکی بەهێز و کارامە. جگە لەمانەیش، پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران و تورکیا بە پلەی یەکەم و وڵاتانی ناوچەکە و ئەکتەرە سەرووهەرێمییەکان وەکوو ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپی، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٥. لە لایەکی دیکەیشەوە، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دەتوانێت دەرفەتێکی سیاسیی گەورە بێت بۆ هەرێمی کوردستان.

٣- ئاسایشی ئابووری: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت و پەرەپێدان بە کەرتی گازی سروشتی لە لایەک و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق، دەتوانێت دەرفەت بێت بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەوەیش پێویستیی تورکیا و ئێران بە بازاڕی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆریدۆر و ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتێکی دیکەیە لە ڕووی ئابوورییەوە.

٤- ئاسایشی سەربازی: هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٢٥، دەتوانێت دەرفەتێکی سەربازی بێت بۆ هەرێمی کوردستان و، جگە لەوانەیش بەردەوامیی ڕاهێنان و یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان یاخود هەماهەنگیی هەواڵگری، دەتوانێت پێگەی سەربازیی هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە. جگە لەوانەیش، لە هەر بارگرژییەک یاخود هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکان، هێزەکانی پێشمەرگە دەتوانێت مەترسییەکان کەمتر بکاتەوە.

٥- ئاسایشی کۆمەڵگەیی: بەردەوامیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەیی لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی لە ڕووی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە خاڵێکی بەهێزە، لە هەمان کاتیشدا دەرفەتێکە بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و وەبەرهێنان لە ئاستی دەرەکی و نێودەوڵەتی؛ بۆ نموونە، کەلتوور و سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان وای کردووە کە لەخۆگرتن و داڵدەدانی ئاوارە و پەنابەران بتوانێت سەرنجی دەوڵەتانی ئەوروپی بۆ پاڵپشتی و پارێزگاریکردن لە مانەوە و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت.

٦- ئاسایشی ژینگەیی: هەرچەندە مەترسییە ژینگەیییەکان جیهانین، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە سروشتییەکانی دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی گەشتیاری و گەشتیار و دابینکردنی خۆراک و پشتبەخۆبەستنی ئابووری و خۆبژیویی ئابووری و هتد. هەروەها کەڵکوەرگرتن لە وزەی نوێبووەوە وەکوو خۆر و با و…، لە پاڵ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لەم کەرتە و بەکارهێنانی لە کارگە و پیشەسازی و پرۆژە و تەنانەت ماڵەکان (خێزانەكان)، دەتوانێت بەشێک لە پێداویستییەکانی وزەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

هەرێمی کوردستان-عێراق و مەترسییە ئاسایشییەکانی ساڵی ٢٠٢٥

یەکەم: کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی

١- هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان یاخود ڕێککەوتنی ئەردۆغان لەگەڵ بەشار ئەسەد لەسەر کۆتاییهێنان بە ڕۆژاوای کوردستان
٢- کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ و لە لایەکی دیکەیشەوە کوشتنی بەشار ئەسەد یان لادانی و تەنانەت بەهێزبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری توندڕەو لەو وڵاتە و گۆڕینی هاوسەنگیی ئێستا
٣- ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشی جەماوەری لە ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٤- شکستی ئاماژە سەرەتایییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
٥- پەرەسەندنی بارگرژییەکانی ئیسرائیل و بەرەی موقاوەمە و گواستنەوەی بۆ عێراق و لێدان لە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و لێکەوتە ئاسایشییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
٦- پەرەسەندنی جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا بۆ جەنگی ڕووسیا-ناتۆ و کردنەوەی بەرەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر ڕووسیا
٧- بەردەوامیی مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریی هەرێمایەتی بەهۆی بارگرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل 
٨- هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا و بڕیارە لەناکاوەکانی لە هەمبەر ناوچەکە و بەم پێیەیش دروستبوونی بۆشاییی هێز یاخود بەپێچەوانەوە گوشار لە کۆماری ئیسلامی و دروستکردنی بەرەیەکی دژبەری ئێران و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە
٩- بەرزبوونەوەی بارگرژی و ململانێکانی چین و ئەمریکا لە لایەک و ڕووسیا و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە لە عێراق و ناوچەکە و، کاریگەریی لەسەر ڕەهەندی ئاسایشی و ئابووری و سیاسیی ناوچەکە و عێراق
١٠- پەراوێزکەوتنی هەرێمی کوردستان لە کۆریدۆر، ڕێڕەو و پرۆژە بازرگانی و ئابوورییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە.

دووەم: بوار و ڕەهەندی سیاسی

١- قووڵبوونەوە یاخود بەردەوامیی ناکۆکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢- لێکترازانی خەڵک و دەسەڵات لە لایەک و ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە و بەم پێیەیش ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری
٣- پێشێلکردنی دەستوور لەلایەن بەغدا و دەستوەردانی دادگەی فیدراڵی لە ناکۆکییە سیاسییەکان لە قازانجی بەغدا و حزب و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان بە پاڵپشتیی وڵاتانی هەرێمی، هەروەها بەردەوامیی گوشارە سیاسییەکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان لە بواری جۆراوجۆر
٤- لێکترازان و دوورکەوتنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا لە پاش هەڵبژاردن و دابەشبوون بەسەر جەمسەرە پێکناکۆکە سیاسییەکانی شیعە
٥- درێژەکێشان و پێکنەهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (کابینەی دەیەم) تاوەکوو پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق
٦- گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز و هاوپەیمانێتییەکان لە بەغدا لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥
٧- هەوڵدان بۆ تۆخکردنەوەی دوو-زۆنی و لێکدابڕانی زیاتری زۆنی سەوز و زەرد بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و مامەڵەکردنی زۆنێک بەڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە
٨- هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا و پشتگوێخستنی پاڵپشتی لە پرسی دیموکراسی و کەمینەکان و لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان و کورد لە عێراق
٩- دابەزینی ئاست و ڕێژەی وەفاداری و ئینتیمای هاووڵاتیان بۆ هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری و، لە بەرامبەردا پەسندکردنی گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا و لاوازبوونی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری جیاجیای ئابووری، پەروەردەیی، کەلتووری، ڕۆشنبیری، سیاسی، دەرەکی و هتد
١٠- بەهێزبوونی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لە لایەک و دابەشکردنی ناوچەی نفووزی ئەو ئەکتەرانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکەوە.

سێیەم: بوار و ڕەهەندی ئابووری

١- هەڵاوسان و دابەزینی توانا و ئاستی کڕینی هاووڵاتیان بە هۆکاری بەردەوامی و پەرەسەندنی جەنگ لە ناوچەکە و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
٢- دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەریی لەسەر بوودجەی عێراق و، بەم پێیەیش شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان
٣- بەردەوامیی گوشارەکانی بەغدا لەسەر پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرنەکردنی
٤- بەرزبوونەوەی قەبارەی بێکاری و هەژاری بەهۆی بەردەوامیی قەیرانە ئابووری و دارایییەکان لە هەرێمی کوردستان
٥- دابەزینی ئاستی و قەبارەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گوشارەکانی بەغدا
٦- توندترکردنی ڕێوشوێنە کارگێڕی و یاسایییەکان لەلایەن بەغداوە بۆ هەناردەکردنی کۆمپانیا و بەرهەمە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق
٧- هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یاخود گوشار لە کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەم کەرتە بەتەواوی لەلایەن بەغدا لە لایەک و، هەوڵدان بۆ داتەپینی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی گوشارخستنە سەر کۆمپانیاکان لە لایەکی دیکەوە
٨-  هەوڵی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات و گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و بڕینی سەرچاوەکانی داهات
٩- بەردەوامیی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان و بەرزبوونەوەی قەبارەی کۆچی کۆمپانیا و سەرمایە و خاوەنکارەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و، هەروەها گوشارەکانی بەغدا بۆ تۆمارکردنیان لە بەغدا و تەنانەت سڕینەوەی زمانی ئەو کۆمپانیانە و ناچارکردنیان بە تۆمارکردن بە زمانی عەرەبی
١٠- سەپاندنی سزا و ئابڵووقەی ئابووری و دارایی لەسەر عێراق لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە هۆکاری جۆراوجۆر، بەتایبەتی میلیشیاکان و دووبارە  توندکردنەوەی گەمارۆخستنە سەر ئێران لە چوارچێوەی “سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار”

چوارەم: بوار و ڕەهەندی سەربازی

١- یەکنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دروستبوونی کێشە و گرفتی نوێ لەم بوارەدا لە لایەک و  ناهەماهەنگی و لێکترازانی دەزگە ئاسایشییەکان بەپێی دوو زۆنی سەوز و زەرد
٢- بەردەوامیی مەترسییەکانی ژیانەوەی داعش و خۆ-ڕێکخستنەوەیان، هەروەها دروستبوونی گرووپی تیرۆریستیی نوێ، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
٣- بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی نوێ و نزیکبوونەوە لە شارەکان و تەنانەت هەوڵدان بۆ لێدان لەو کەسانەی کە بە مەترسییان دەزانێت لە هەرێمی کوردستان
٤- ئەگەری ئەنجامدانی دووبارەی هێرشی مووشەکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە پاساوی بوونی بنکەی مۆساد یاخود لێدان لە حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٥- بەردەوامیی پێکدادان و بارگرژیی نێوان “ئیسرائیل و ئەمریکا” و “ئێران و پرۆکسییەکان” و لێکەوتەکانی لەسەر دانیشتووان، دامەزراوەکان و خاکی هەرێمی کوردستان
٦- هێرشی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر دامەزراوە و شارەکانی هەرێمی کوردستان یاخود لێدان لە ناوەندە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان
٧- بەرزبوونەوەی ئامادەیی و چالاکیی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
٨- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەم پێیەیش هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان
٩- کۆتاییپێهێنان و بڕینی یارمەتییە سەربازییەکانی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەگەری جەنگی ڕووسیا-ناتۆ
١٠- ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و وزەیییەکانی ئێران و کاردانەوەی سەربازیی ئێران و پرۆکسییەکانی.

پێنجەم: بوار و ڕەهەندی کۆمەڵگەیی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی

١- بەرزبوونەوەی دووبارەی ڕێژەی ئاوارە و پەنابەران بەهۆی ئەگەری دروستبوونی جەنگ و ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە
٢- بەرزبوونەوەی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان و جێگیربوونیان بە شێوەی هەمیشەیی و تێکچوونی دیموگرافیای دانیشتووان و مەترسییە سیاسی و ئاسایشی و ناسنامەیییەکانی
٣- پەراوێزکەوتنی زمانی کوردی لە بەرامبەر زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەهۆی بەرزبوونەوەی دانیشتووانی نا-کورد و بیانی، هەروەها بەرزبونەوەی ژمارەی قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکان بەبێ هەبوونی سیاسەتێکی ڕوونی زمانی و، لە لایەکی دیکەیشەوە پەراوێزکەوتنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و بازاڕ و هتد.
٤- بەرزبوونەوەی بەکارهێنان و ئالوودەبوون و تەنانەت بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان
٥- بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان و تاوانە ڕێکخراوەکان بە هۆکاری جیاواز و بەتایبەتی پرسە ئابوورییەکان
٦- کاریگەریی نەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاسایشی تاک و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دابەزینی سەرمایەی سیاسی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان
٧- بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان دانیشتووانی ژێر ته‌مه‌نی كاركردن (كه‌متر له‌ 15 ساڵ): 31.9%ی دانیشتووان پێک دێنن، بەم پێیەیش لێکترازانی نێوان نەوەکان و نەبوونی پلان و سیاسەتێکی ڕوون و داڕێژراو بۆ ناسین و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی “نەوەی ئالفا” (Generation Alpha) کە داهاتووی کوردستان و جیهان لەدەستی ئەم نەوەیەدایە و لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتی پەروەردەیی و بیرکردنەوە و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە جیاواز دەبێت لەگەڵ جیلەکانی پێش خۆی
٨- کۆچی بەکۆمەڵ و چوونی گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ هەندەران لە لایەک و هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجان و بەرزبوونەوەی بێکاری لە لایەکی دیکەوە
٩- بەردەوامیی توندوتیژیی دژی ژن و پرسەکانی نایەکسانیی ڕەگەزی لە بوارە جۆراوجۆرەکان لە لایەک و بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری و بچووکبوونەوەی قەبارە و ژمارەی خێزان و جیابوونەوە لە لایەکی دیکەوە
١٠- نەگونجانی ژێرخان و دامەزراوە و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، هەروەها زانکۆکان و خوێندنی باڵا لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی، ژینگەیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکان لە لایەک و بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر کەرت و بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگە.

شەشەم: بوار و ڕەهەندی ژینگەیی و تەندروستی

١- بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەبیابانبوون و درێژەکێشانی وشکەساڵی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کۆچی ژینگەیی بۆ هەرێمی کوردستان و بەم پێیەیش لاوازبوونی وڵامدەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان
٢- کاریگەریی نەرێنیی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری
٣- بەردەوامیی سیاسەتی ئاوی تورکیا و ئێران لە دژی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان
٤- نەبارینی باران و بەفر و ئەگەری وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ژێرزەویی ئاو و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی ژینگەیی
٥- وشکبوونی بیرەکانی ئاو لە سنووری ناوخۆییی شارەکان و کاریگەریی لەسەر تەندروستی و ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و کەوتنەمەترسیی ئاسایشی تاک
٦- گواستنەوەی  نەخۆشییە سنووربڕەکان بۆ هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی پەتا جیهانییەکان
٧- بەرزبوونەوەی ژمارەی نەخۆش و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو شێرپەنجە بە هۆکاری پیسبوونی ژینگەیی
٨- لاوازیی کەرتی گواستنەوەی گشتی لە شارەکان و نێوان شارەکان و نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی گشتی و بەرزبوونەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت
٩- پیسکردنی ژینگە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن موەلیدەکان، هەروها بەردەوامیی بەکارهێنانی سووتەمەنیی نەگونجاو و بەردین لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا
١٠- نەگونجانی ژێرخان و دامەزراوە و سیستەمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و نەبوونی دەستەبەری تەندروستی و لاوازیی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان لە پاڵ بەردەوامیی مەترسی لەسەر ڕەهەند و بوارەکانی چارەسەری و چاودێریی تەندروستی و دەرمان و هتد.

کۆبەند
هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و پاشان هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و لێکەوتەکانی و بەردەوامیی تاوەکوو ئێستا، لە پاڵ هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ، سێ فاکتەری سەرەکین کە شوێندانەری و کاریگەری لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکان و تەنانەت ڕەفتاری سیاسیی ئەکتەرەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت. دۆخی لەرزۆکی سووریا، هەروەها بەردەوامیی قەیرانی ئەتۆمی و مووشەکی و ناوچەییی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی وای کردووە کە ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورەدا بێت و ئەم گۆڕانکارییە، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی هەڵکەوتەی لەم ناوچەیە و پرسی کورد لە عێراق و ناوچەکە، دەگرێتەوە.

بەشێکی زۆری داینامیزمی سیاسیی ناوچەکە لە ئێستادا پەیوەستە بە سیاسەتی ترەمپ لە هەمبەر ئێران و ئاسۆی پێکدادانەکانی ئێران و ئیسرائیل و داهاتووی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران. پاشەکشەی سیاسی و ناوچەییی ئێران لە لایەک و ئەگەری لاوازبوونی ئەم وڵاتە لە لایەکی دیکەوە هەم بۆشایی و هەمیش دەرفەتێک بۆ ڕۆڵ و بکەرایەتیی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا دێنێتە ئاراوە؛ هەرچەندە مەترسی و هەڕەشەکانیش بەردەوامن، لە کاتێکدا کە دۆخی ئابووری-سیاسی لە هەرێمی کوردستان-عێراق ئاسایی و بەهێز نییە.

تێبینی:

لەم نووسینەدا بۆ کورتکردنەوە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزیی میتۆدەکان، ڕێبازی Mixed methods بەکار هێنراوە، چونکە ئەم جۆرە لە دەستنیشانکردنی مەترسییانە لە چوارچێوەی National Security Studies خوێندنەوەی بۆ دەکرێت نەک ئاییندەناسی و توێژینەوەی داهاتوو بە شێوەیەکی تەواو و ڕەها. ڕێبازی ئەم نووسینە لەسەر ئەم بنەمایەیە کە هەندێ جار بە ئاییندەناسیی چارەنووس دەناسرێت: ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا دۆخی داهاتوو لە دۆخی ئێستا خراپتر دەبێت. هۆکاری سەرەکیی بەکارهێنانی ڕەوتە نەرێنییەکان و ئەم جۆرە سیناریۆیانە بۆ داهاتوو، ئاگادارکردنەوەی خەڵک و دەسەڵاتدارانە لە پرسە ئەگەرییەکان کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. چونکە ئەگەر سیناریۆکان لە باشترینەوە بۆ خراپترین دابڕێژرێت، ئەوە شتێکی ئەوتۆ نەوتراوە و نەکراوە، بەڵکوو هەموو سیناریۆکان خراوەتە ڕوو؛ بەڵام باشیی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە دەستنیشانی دەکات کە بەردەوامی و لێکەوتەی کام لە سیاسەت و ڕەفتاری ئێستامان، دەتوانێت ببێتە هۆکاری ڕوودانی یەک یان چەند سیناریۆیەک لە داهاتوو.

لە لایەکی ترەوە، داهاتووناسیی ئەرێنی و هەندێ جار ئاییندەناسیی نۆرماتیڤ وا دەکات کە سیناریۆکان بەپێی ڕوانگەی ئەخلاقی و هزری و ئایدیۆلۆژی دابڕێژرێت کە یان بەتەواوی ئەرێنییە یان بەتەواوی ڕەش و نەرێنییە و، ئەمەیش لە جیهانی ڕاستەقینەدا بوونی نییە و ئەگەری ڕوودانی ئەستەمە و، ناکرێت لەسەر بنەمای ڕوانگە، بەها و نۆرم و تەنانەت بەرژەوەندیی خۆمان جیهان ببینین و سیاسەت دابڕێژرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP