کاك باڤڵ .. ڕۆژنامەنووس حوشتر نییه!
عەتا شەمێرانی
کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی پرسیارێکەوە سووکایەتی پێدەکرێت، ئەوە تەنها کەسەکە نییە کە سووکایەتی پێدەکرێت، بەڵکو سوکایەتییە بە خودی بیرۆکەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا. ئەو وشانەی لە ساتێکی تووڕەییدا دەگوترێن، ڕەنگە لە چەند چرکەیەکدا نەمێنن، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵ لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن!
بیست ساڵی تەمەنم بۆ جیهانی ڕۆژنامەگەری تەرخان کرد. بیست ساڵ بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان و ڕاوەدوونانی هەواڵ و چاوەڕوانی لێدوان و گەڕان بەدوای ڕاستییەکان لە نێو جەنجاڵی سیاسەت و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکاندا. بۆیە من بە تەواوی لەوە تێدەگەم کە هەر ڕۆژنامەنووسێک لە کارە پیشەییەکانیدا بە چیدا تێدەپەڕێت، دەزانم ڕادەی ئەو فشارانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەو سەختییانەی کە بەرگەی دەگرن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی. چین و چۆنن!!
من دەزانم چەند خولەکێک وەستان و چاوەڕێی دەرکەوتنی بەرپرسێک بۆ چەند خولەکێک مانای چییە. من دەزانم واتای چییە کە مەودای زۆر ببڕیت بۆ یەک زانیاری، یان بەرگەی تووڕەیی ئەم یان ئەو سیاسەتمەدارە بگرێت چونکە پرسیارێکت کرد کە ئەوان حەزیان لێی نەبوو. هەروەها دەزانم کە زۆربەی ڕۆژنامەنووسان بەدوای کێشە و هەستیاریدا ناگەڕێن؛ ئەوان بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن و بەدوای بژێوییەکی بەڕێزدا دەگەڕێن کە لە ڕێگەی ماندووبوون و هەوڵەکانیانەوە بەدەستی دەهێنن!!
ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە،دووژمنی کەس نییە، مرۆڤێکە پیشەیەکی جوانی هەڵبژاردووە، بە ڕێگایەکدا دەڕوات کە پڕە لە ئاڵەنگاری و فشار و پرسیاری سەخت، چونکە پێی وایە کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە بزانێت چی ڕوویداوەو چی ڕوودەدات، مافی ئەوەیان هەیە ئاگادار بکرێنەوە لەوەی کە لە دەوروبەریان ڕوودەدەن. ڕەنگە هەندێک لەگەڵ پرسیارەکانیدا ناکۆک بن و ڕەنگە ڕێبازەکەی بەدڵ نەبێت، بەڵام پرسیارکردن لە جەوهەرەکەیدا، تاوان نییە؛ بناغەی ڕۆژنامەگەرییە و هۆکاری بوونی ئەم پیشەیەیە!
کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لەبەردەم بەرپرسێک یان سەرکردەیەکی سیاسیدا دەوەستێت، تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی لەوێ نییە.بەڵکو لە پشتیەوە بینەرێک هەیە کە دەیەوێت بزانێت چی ڕوویداوە، هاوڵاتییەک هەیە کە چاوەڕێی وەڵامە، . کاتێک ڕۆژنامەنووسێک پرسیارێک لەبارەی هاوپەیمانییەکی سیاسی، بڕیارێکی حکومەت، یان بابەتی خەمی گشتی دەخاتە ڕوو، ئەوا خەریکی کردەوەی دوژمنایەتی نییە، بەڵکو ئەرکێکی پیشەیی بەناوی کۆمەڵگاوە جێبەجێ دەکات!!
جگە لەوەش ڕۆژنامەنووس تەنها ناسنامە و کامێرا و مایکرۆفۆن نییە، ئەوانیش مرۆڤن، خاوەن ماڵ و خێزان و خەون و بەرپرسیارێتین. ئەوان باوکێکن کە دوای ڕۆژێکی درێژ و ماندوو دەگەڕێنەوە ماڵەوە، منداڵەکانیان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەوانن، بە هیوای ئەو ڕزق و ڕۆزی و ئارامیەیەن کە دەیباتەوە بۆ ماڵەوە . ڕەنگە منداڵەکەیان چاوەڕێی یارییەکی بچووک یان پارچە شیرینییەک بێت و ڕەنگە خێزانەکەیان چاوەڕێی کۆتایی ڕۆژێکی درێژ بێت بۆ ئەوەی لە دەوری مێزێکی بێگەرد کۆببنەوە، مێزێک کە لە ڕێگەی هەوڵێکی بێدەنگ و نەبینراوەوە،دروستکراوە!!
خەڵک تەنها لەسەر شاشە یان لە کۆنفڕانسەکاندا ڕۆژنامەنووس دەبینن، بەڵام ئەو کاتژمێرە درێژەی چاوەڕوانی و ماندوێتی جەستەیی و دەروونی و دڵەڕاوکێی هاوڕێی ئەم پیشەیە نابینن. ئەوان ئەو شەوانە نابینن کە بە نووسینی ڕاپۆرت بەسەری دەبات، ئەو گەشتانە نابینن کە ئەنجامی دەدات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری کە ڕەنگە خەڵک لە چەند خولەکێکدا بیخوێننەوە. ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکی ماندووکەرە، بەڵام پیشەیەکی بەرزە، چونکە لەسەر بنەمای خزمەتکردنی حەقیقەت و خزمەتکردنی کۆمەڵگا دامەزراوە!!
من باسی ڕۆژنامەنووسی نەخوێندەوار ناکەم،باسی ئەوانەش ناکەم کە درزی گەوورە دەخەنە نێو حیزبەکانەوە بۆئەوەی خۆی بەناوبانگ بێت، باسی ئەو ڕۆژنامەنووس و مایک بەدەست و بێژەرانە ناکەم کە لە نزیکترین دەرفەتدا، بە نرخێکی زیاتر خۆیان دەفرۆشن، من باسی ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە دەکەم. ،ئەو کەسەی هەموو بەیانیەک بە یەک پرسیارەوە لە خەو هەڵدەستێت: ئەمڕۆ چی ڕوویداوە؟! بۆچی ڕوویدا؟ کەی ڕوویدا؟! لەکوێ ڕوویدا؟! وە کێ مافی ئەوەی هەیە ڕاستیەکان بزانێت؟!!
من باسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەم کە لە دەرگا داخراوەکان دەدات و لە نێوان دێڕەکاندا دەخوێنێتەوە و چەندین کاتژمێر و ڕۆژ و ڕەنگە چەند مانگێکیش بەسەر دەبات بۆ گەڕان بەدوای یەک زانیاریدا کە پێیان وایە خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بیزانن. من باسی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەم کە ڕەنگە ئاسوودەیی و پەیوەندییەکانی و دەرفەتەکانی لەدەست بدات، بەڵام نایەوێت ڕێزی خۆیی و پێنووسەکەی لەدەست بدات!!