لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران، ئێران لە خاکەکەیەوە هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆی کردە سەر ئیسرائیل. هەرچەندە هێرشەکەی ئێران پێناسە و ڕەگەزی جەنگی ڕاستەوخۆی لەخۆ نەگرتبوو و زیانێکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نەگەیاند، بەڵام بەو پێیەی ئەم هێرشە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل بوو، وەرچەرخانێکی سیاسییە کە لێکەوتەی ستراتیژیی زۆری هەیە. لە لایەکی تریشەوە، هەرچەندە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی ١٩-٤-٢٠٢٤ی بۆ سەر “بنکەی سەربازیی ئیسفەهان”یان لە ئەستۆ نەگرتووە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاوی کردەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی “هشتم شکاری” لە ئیسفەهان بەشێکی گرنگی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی (کە لە سیستەمی بەرگریی ئێس-٣٠٠ پێک هاتووە) لەناو بردووە یان زیانێکی زۆری پێ گەیاندووە و، پێ دەچێت بەشەکانی دیکەی بنکەکە زیانیان بەرنەکەوتووە و، تەنانەت فڕۆکەخانەی تەنیشتی زیانی پێ نەگەیشتووە.
کەناڵی “کان“ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، تەلئەبیب لە هێرشەکەی سەر ئیسفەهان، مووشەکێکی دوورهاوێژی هایپەرسۆنیکی بەکار هێناوە کە لەم وڵاتە دروست کراوە بە ناوی Rampage. زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مووشەکی Rampage لەلایەن کۆمپانیای ئیسرائیلیی ئایرۆسپەیس ئیندستریز (Israel Aerospace Industries) دروست کراوە و بە شێوەیەک دروست کراوە کە لە دژی ئامانجەکانی وەک؛ ناوەندەکانی پەیوەندی و فەرماندەیی، بنکەی هێزی ئاسمانی، ناوەندە ئەمنییەکان و ژێرخانی ئابووری بەکار بهێنرێت. مووشەکەکە کێشی نیو تەنە، وەک چەکێکی وردی هێرشبەری ئاسمانی بۆ زەوی وەسف دەکرێت کە توانای خۆدزینەوە لە ڕادارەکانی هەیە. مووشەکی Rampage دەتوانێت بە خێراییی 1250 میل (٢٠١٢ کم) لە کاتژمێرێکدا بفڕێت و مەودای 190 میل (306 کم/کاتژمێر)ی هەیە.
لێرەدا پرسیار دروست دەبێت کە بۆچی ئیسرائیل ئەم شوێنەی هەڵبژاردووە و ئامانج و پەیامەکانی چین؟ هەروەها ئەم هێرشە سنووردارە کە تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە ئایا تەنیا وەڵامی هێرشی مووشەکی و درۆنیی (١٤-٤-٢٠٢٤) ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل یاخود هاوکێشە سەربازی و جیۆسیاسییەکان دەگۆڕێت؟
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی “دۆیچەڤێلێ”ی ئەڵمانی لە ڕێکەوتی ٢٣-٤-٢٠٢٤ ڕای گەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بەدەست بهێنێت کە بتوانێت ٧ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات. یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسی پاراستن و ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران “احمد حق طلب“، لەم دوایییانەدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، ئەگەری پێداچوونەوە بە دۆکترین و سیاسەتە ئەتۆمییەکانی پێشووتری ئێران دەتوانرێت بیری لێ بکرێتەوە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ٢٠٠٠دا ڕای گەیاندبوو کە ئێران “بە دوای بۆمبی ئەتۆمیدا ناگەڕێت”، چونکە “ئیسلام ڕێگەی پێ نادات.”
بەم شێوەیە بۆ یەکەم جارە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران باس لە گۆڕینی ستراتیژیی ئەتۆمیی ئێران و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات لە وەڵامی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەم لێدوانانە ڕۆژێک پێش زنجیرەیەک تەقینەوە لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای ئیسفەهان لە بەیانیی ڕۆژی ١٩-٤-٢٠٢٤ ڕوویان داوە. ئیسفەهان کە ئامانجی ئەم هێرشە سنووردارەیە، یەکێکە لەو پارێزگا سەرەکییانەی کە “پێگەی ئەتۆمیی نەتەنز”، کە ناوەند و دڵی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە، تێیدا هەڵکەوتووە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ٢- ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار و 525 کیلۆگرام، کە نزیکەی یەک تۆن زیاترە لەو بڕەی کە سێ مانگ لەمەوبەر ڕاگەیەندرابوو (4 هەزار و 487 کیلۆگرام). ئەم ژمارانە بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ٣٠٠ کیلۆیە زیاترە کە بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ ڕێگەپێدراوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تارانی سنووردار کرد لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران لەو مانگەدا نزیکەی 121.5 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی بەرهەم هێناوە. لە کاتێکدا رێژەی پیتاندنی 90% پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام کاریگەریی ئەم سنووربەزاندن و چالاکییانە ئەوەیە کە ئێران ئێستا دەتوانێت تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەک (WGU) بەرهەم بهێنێت کە بتوانێت یەک بۆمبی ئەتۆمی (یان حەوت بۆمب لە مانگێکدا) دروست بکات. بە واتایەکی تر ئێران دەتوانێت ماددەی پێویست بەرهەم بهێنێت کە بۆمبێک دروست بکات پێش ئەوەی پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاگادار ببنەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم هۆکارانە، واتە قەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران، پێشکەوتنی ئێران لە پیتاندن، کەمبوونەوەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هەروەها ئەو چالاکییە سەربازییانەی کە ئێران پێشتر ئەنجامی داوە، ئەگەر ئێران بڕیار بدات هەنگاو بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی چەک هەڵبگرێت، ئەوە ڕەنگە ئەمریکا و ئەکتەرەکانی دیکە کاتێکی تەواویان لەبەردەست نەبێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی لە جەنگێکی وجوودیدا لەگەڵ ئێران دەبینێتەوە؛ جەنگێک کە تا ئێستا لە هێرشی شاراوە و ئەلیکترۆنی بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کوشتنی زانا ئەتۆمییەکان و لێدان لە ژێرخانی سەربازی و هەواڵگریی ئێراندا خۆی دەرخستووە. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەزموونی ڕابردووی ئیسرائیل لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە دەری دەخات، کاتێک سەرکردەکانی ئیسرائیل هەست دەکەن مانەوەی وڵاتەکەیان لە مەترسیدایە، تاکلایەنە مامەڵە دەکەن، بۆ نموونە: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٨١ و سووریا لە ساڵی ٢٠٠٧. ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردنە ئەوەیە کە بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئێران هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە لە لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٨١ و ئیسرائیلییەکان بەپێی نەخشە و زانیاریی ئێرانییەکان ئەم هێرشەیان ئەنجام داوە. ئەم جارەیش، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی هەشتەمی ئاسمانی لە ئەسفەهان ئاماژەیە بۆ دڵەڕاوکێکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران؛ هەرچەندە ئەکتەرەکان و سەردەمەکان جیاوازە و بەم پێیەیش هاوکێشەکان ئاڵۆزتر، بەڵام پرسەکە بۆ ئیسرائیل هەمان پرس و مەترسییە.
بۆچی حزبوڵڵای لوبنانی لەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیانەدا تێوە نەگڵاوە؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات ئەزموونی مەترسیداری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی جەنگی بەنوێنەرایەتییەوە (Proxy War) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە نەبێتەوە. ئێران لە ڕێگەی “حرب غير متكافئة”-Asymmetric warfare یاخود جەنگی ناهاوسەنگ لە زۆنە خۆڵەمێشییەکانی (Grey-zone) لە ناوچەکەدا دەتوانێت لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکا بەڕێوە بەرێت، چونکە ئێران بۆ دەربازبوون لە تەنیایییە ستراتیژییەکەی (Strategic Loneliness)، پێوستی بە ئەکتەرە نادەوڵەتەکانە. لەم نێوەندەیشدا، حزبوڵڵای لوبنان وەک گرنگترین هێزی بەوەکالەتی ئێران لە ناوچەکەدا لە نزیکەی ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار هێزی شەڕکەر پێک دێت، کە خاوەن جبەخانەی بەهێزی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی هێرشبەر، چەکی سووک، تۆپخانە، تانک و مووشەکی پێشکەوتووی هێرشبەرە. چەکدارە بەئەزموونەکانی ئەم گرووپە دوایین جار لە ساڵی 2006 جەنگێکی کوشندەیان لە دژی ئیسرائیل بەرپا کرد کە ماوەی ٣٣ ڕۆژی خایاند؛ لەو کاتەوە توانای شەڕکردنیان لە ماوەی دە ساڵ هەوڵدان بۆ پاراستنی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی سووریادا بەرزتر کردووەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە خۆجێیییەکان، نزیکەی 260 چەکداری حزبوڵڵای لوبنان لە پێکدادانەکان لەگەڵ ئیسرائیل کوژراون. ئەمەیش زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی ئەو گرووپە لە جەنگی ساڵی 2006 لەگەڵ ئیسرائیل.
حزبوڵڵا پێش ئەوەی قۆڵێکی سوپای پاسداران بێت، هێشتا بە یەکەم و گرنگترین بەشی کاریگەری سیاسەتی ڕێگریکەرانە (وەستێنەرانە)ی ئێران دادەنرێت. ئەم گرووپە کە خاوەن یەدەگی 100 هەزار یان زیاتری مووشەکە، بە دووەم توانای هێرشبەرانەی ئێران هەژمار دەکرێت. ئەگەر ئیسرائیل یان ئەمریکا بیانەوێت هێرش بکەنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوە جبەخانەی حزبوڵڵا گورزێکی وێرانکەر لە ناوەندەکانی دانیشتووانی ئیسرائیل دەوەشێنێت. سەرکردەکانی ئێران چەندە پێداگری لەسەر لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن، زیاتر لەوەیش خەمی مانەوەی ڕژێمەکەیانە و، نایانەوێت تواناى ڕێگریکەرانە و بەرپەرچدانەوەی خۆیان کە لە حزبوڵڵادا وەبەرهێنانیان کردووە، لەدەست بدەن. ئەگەر ئێران حزبوڵڵاى ڕاگرتووە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئەمریکاش هەمان شتی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە.
هەر بۆیە بە بەشدارینەکردن یان وردتر بڵێین بەشدارپێنەکردنی حزبوڵڵای لوبنان لەم پێکدادانانەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەوە زیاتر ڕوون بووەوە کە هەر کاتێک حزبوڵڵای لوبنان-هاوکات لەگەڵ ئێران- بەشداریی کرد لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ئەوە جەنگێکی بەرفراوانی ناوچەیی بە ناوەندێتیی ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروست دەبێت، چونکە حزبوڵڵا بۆ ئێران وەکوو ڕاگەیاندنی خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی، یەکلاکەرەوەیە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان وەکوو چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران بە دوایین کارت لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە ئەگەر ئێران بڕیاری جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دابایە، ئەوە بە بەشداریکردنی حزبوڵڵا لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەیتوانی جەنگێکی هەرێمایەتی لە ناوچەکە بخوڵقێنێت کە ئەمریکاش ناچار دەبوو بەشداریی تێدا بکات.
بە دیوێکی دیکەیشدا، هەر کات ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حزبوڵڵای لوبنان، ئەوە ئێران هەست بەوە دەکات کە پاش کۆتاییهاتنی جەنگ، ئێران دەکرێتە ئامانج. هەر بۆیە ئەوەی کە هیچ کام لەلایەنەکانی ململانێکان ئارەزووی بەشداریکردنی حزبوڵڵای لوبنانیان نەبوو کە بەهێزترین هێزی بەوەکالەتی ئێرانە لە ناوچەکەدا، یەکێک بوو لە گرنگترین بڕیارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێیەک کە دەکرا بگۆڕێت بۆ گرژییەکی کۆنترۆڵنەکراو؛ بەڵام ئێران و ئیسرائیل ڕایان گەیاندووە ئێستا نایانەوێت.
بۆچی ئێرانییەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لە دەرەوەی سنوور هێرش نەکراوەتە سەر ئێران؟
پاش ئەوەی لە ڕێکەوتی ١٩-٤-٢٠٢٤ دەنگی تەقینەوەیەکی قورس لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران بیسترا و دوای ئەوە میدیاکان سەبارەت بەو دەنگە بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل ئەم هێرشەی ئەنجام داوە، بەڵام ئێرانییەکان ئەمەیان ڕەت کردەوە. حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی ڕۆژی شەممە ١ی ئایار وتی: “ئەوەی بەیانیی هەینی [لە ئیسفەهان] ڕووی دا هێرش نەبووە.” ناوبراو سەبارەت بەو چەکانەی کە لە هێرشەکەی سەر ئیسفەهان بەکار هێنراون وتی، ئەو چەکانە “فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەبوون”، بەڵکوو زیاتر لەو یارییانە دەچوو کە منداڵەکانمان یارییان پێ دەکەن.” هەروەها ڕای گەیاند: ئێران هیچ پلانێکی نییە بۆ وەڵامدانەوەی، مەگەر ئیسرائیل هێرشێکی گەورە و بەرچاو ئەنجام بدات.
هەروەها عەبدوڵڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە دوای هێرشی ئیسرائیل، کاردانەوەی ئێران چی دەبێت، وتی: پێشتر کاردانەوەی ئێرانتان بینیوە. تەنانەت سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕای گەیاند: تا ئێستا هیچ هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر وڵات ڕووی نەداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ١٤-٤-٢٠٢٤ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کرووز و بالیستی (١٨٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣٦ مووشەکی کروز و زیاتر لە ١١٠ مووشەکی بالستی) بۆ سەر ئیسرائیل، هەڕەشەکانی بەرپرسانی دوو وڵات لە دژی یەکتر بەردەوام بووە و بەرپرسێکی ئیسرائیلیش بەڵێنی دا کە ئەم وڵاتە وەڵامی هێرشی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە.
کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە کە بەرپرسانی ئێرانی پێش تەقینەوە یاخود هێرشەکەی سەر بنکە ئاسمانییەکەی ئیسفەهان ڕایان گەیاندبوو کە بەتوندی وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە، بۆ نموونە؛ سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان رای گەیاند: بە بۆچوونی ئێمە ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشیدان و ئەگەر پێویست بکات ڕێوشوێن دەگرینە بەر. ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی وەڵام بداتەوە، ئۆپەراسیۆنی داهاتوومان زۆر گەورەتر دەبێت. لە لایەکی تریشەوە و جگە لە کەسە سەربازییەکان سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، قالیباف رای گەیاندبوو: ئەگەر هەڵەیەکی دیکە لەلایەن ڕژێمی زایۆنیستی یان هاوپەیمانەکانییەوە بکرێت، وەڵامی داڕێژراوی ئێران توندتر دەبێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاندبوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران توندتر وەڵامی هەر حیساباتێکی هەڵەی ڕژێمی زایۆنی دەداتەوە. تەنانەت نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئیسرائیل “هەڵەیەکی دیکە بکات، وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر دەبێت.”
بۆیە پێداگری و ئینکارکردنی ئێرانییەکان کە هیچ هێرشێک نەکراوە کە لە دەرەوەی سنوورەکان بێت، دەتوانێت ئەو مەترسییە لە ئێرانییەکان دوور بخاتەوە کە لە ئەگەری هێرشی دووبارە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دێتە ئاراوە. چونکە ئێرانییەکان بەڵێنیان دابوو کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە زۆر توندتر لە هێرشەکەی جاری پێشوو، هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و تەنانەت چەکی نوێتر و کاریگەرتریش بەکار دێنن. بەم پێیەیش، ئێرانییەکان بۆ ئەوەی ناچار بە وەڵامدانەوە نەبن، هەم زیانەکانیان زۆر بچووک نیشان دا و هەمیش ئەوەیان ڕەت کردەوە کە هێرشی دەرەکی کرابێتە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران. ڕاستییەكەی، هەر وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئێرانییەکان وەکوو ئەوەی کە پێش تەقینەوە یان هێرشەکەی ئیسفەهان بانگەشەیان بۆ دەکرد، دەیتوانی پێی ئەمریکا بکێشێتە ناو پێکدادان یاخود وەڵامدانەوەیە و، ئەمەیش هەر ئەو پرسە بوو کە ستراتیژیستە ئێرانییەکان هۆشدارییان دەدایە بەرپرسانی ئێرانی کە ئەمە تەڵەی ناتانیاهۆیە بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو جەنگ و لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و، لەم ڕێگەیشەوە ئیسرائیل بەتەواوی بەسەر ئێراندا زاڵ دەبێت و بەرەی موقاوەمە تووشی شکستێكی قورس دەبێت.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئێرانییەکان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هێڕش نەکراوە و تەنیا چەند درۆنێکی بچووک بووە، خۆیان لە جەنگ دوور خستەوە، چونکە دەزانن لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هێڕشێکی هاوشێوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئیسرائیل، ئەوە چیتر ناتوانن ئاسایشی سەربازی و ناوخۆییی دامەزراوە و بنکە ئەتۆمی و سەربازی و مووشەکییەکانیان بپارێزن. هەر بۆیە بۆ یەکەمین جار و بەر لە وەڵامی ئیسرائیل (هەرچەندە ئیسرائیل تاوەکوو ئەم ساتەوەختە هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاو نەکردۆتەوە و هیچ بەرپرسییارێتییەکی لە ئەستۆ نەگرتووە) هەڕەشەی پێداچوونەوە بە دۆکترینی ئەتۆمی و بەرگریی خۆیان کرد.
لێرەدا بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە بۆچی ئەم هێرشە کاریگەرە، پێویستە ئەوە بخرێتە ڕوو کە بەئامانجکردنی ئەم بنکەیە لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە چ ئامانجێکی سیاسی و سەربازی دەپێکێت؟
نیویۆرک تایمز دەڵێت: وردبینیی ئەم هێرشە لە قووڵایی خاکی ئێران، لە کاتێکدا چەند شوێنێکی هەستیاری دیکە لە دەوروبەری هەن، ئەو بڕوایە دروست دەکات، کە ئیسرائیل بە ڕوونی ئەو شوێنەی هەڵبژاردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەم سیستەمە بەرگرییە.
لێردا پێویستە گرنگیی بنکەی “هشتم شکاری”ی ئیسفەهان بزانین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوە بدرێتەوە کە چی وا دەکات ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل؟
بنکەی “هشتم شکاری”ی سوپا کە بە بنکەی “شەهید عەباس بابایی” ناسراوە، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئیسفەهان و نزیک فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئەم شارە. ئەم بنکەیە یەکێکە لە 17 بنکەی ئاسمانیی چالاکی سوپای کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی هەڵکەوتەی لە یەکێک لە ناوەڕاستترین ناوچەکانی ئێران بە “دڵی بەرگریی ئاسمانی وڵات” ناسراوە. لە بنکەی “هشتم شکاری” یان “شەهید بابایی”، سێ کەتیبەی شەڕکەر و دوو کەتیبەی مەشق و ڕاهێنان لە کەتیبەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای کۆماری ئیسلامی، جێگیرن، لەوانەیش: کەتیبەی ٨١ی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-١٤، کەتیبەی شەڕکەری ٣٥ی سیخۆ و کەتیبەی شەڕکەری ئێف-٧. لە ڕاستیدا بەشێک لە ستراتیژیترین فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپا، واتا شەڕکەرەکانی ئێف ١٤ لەم بنکەیەدا هەڵکەوتوون و ئەگەر لەبیرمان بێت ئێران لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر ئیسرائیل بنکەیەکی شەڕکەری ئێف ٣٥ی کردبووە ئامانج. هەر بۆیە هێرشکردنە سەر ئەم بنکەیە دەتوانێت وەکوو کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل وێنا بکرێت.
لە هەمان کاتدا، لە ئیسفەهان دوو لە شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵکەوتووە، کە بریتین لە ناوەندی پیتاندنی نەتەنز و ناوەندی پرۆسێسکردنی یۆرانیۆمی ئیسفەهان و، بوونی ئەم دوو ناوەندە ئەتۆمییە، گرنگیی ستراتیژیی بنکەی “هشتم شکاری” یان شەهید بابایی زیاتر دەکات. ئیسفەهان لە هەموو ڕوویەکەوە ناوچەیەکی هەستیارە. جگە لە ناوەندە ئەتۆمییەکان، بنکەی ئاسمانیی هەشتەمی سوپا و بنکەی هێزی ئاسمانیی بەدر لە ئیسفەهان هەڵکەوتوون. هەروەها ناوەندی لێکۆڵینەوەی “هوافضای شاهد”ی سوپای پاسداران لە شاری ئیسفەهان، ئەو ناوەندەیە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد-136ی تێدا دروست دەکرێت و پێشتریش ئەگەر لەبیرمان بێت هێرشی کراوەتە سەر. چەندان شوێنی پیشەسازیی بەرگری لە ئیسفەهان هەڵکەوتوون، هەروەها بنکە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیسفەهان هەڵکەوتوون.
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی نیگەران بوون لەوەی هێرشێکی لەو شێوەیە بەرەو جەنگێکی ناوچەییی فراوانتر پەرە بسێنێت. ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئێرانییەکەیەوە دەڵێت: “بێدەنگیی ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشە، ڕێگە بە تاران دەدات وەک هێرشە نهێنییەکانی پێشوو لە جەنگی سێبەردا مامەڵە لەگەڵ ئەم هێرشەدا بکات و “ئەم هێرشانەیش وەڵامدانەوەی دەستبەجێی پێویست نەبێت.” هەر بۆیە بەپێی وتەی شارەزایانی ئەمنی، ئەو هێرشە بە جۆرێک ئەنجام دراوە کە ئێران بتوانێت بەرپرسیارێتیی وەڵامدانەوەی نەکەوێتە ئەستۆ.
پاش نیشاندانی گرنگیی ئەو شوێنەی کە کراوەتە ئامانج، ستراتیژیی نوێی ئیسرائیل لە بەرامبەر ستراتیژیی نوێی ئێران لە هێرشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل باشتر دەردەکەوێت، کە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلینیان بکەین:
یەکەم: ترسی ئیسرائیل لە بەئەتۆمیبوونی ئێران
ئیسرائیل لەم ڕێگەیەوە پەیامی دایە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هەروەها ئەمریکا و وڵاتانی ٤+١ و پاش هەموویان ئێران کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات بەرەو بەئەتۆمیبوون بچێت، ئەوە زۆر بەسانایی توانای هەیە کە بیکاتە ئامانج. هەر بۆیە بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئۆرشەلیم پۆست پەیامی ئیسرائیل لە هێرشکردنە نزیک یەکێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە ئەوە بووە کە دەمانتوانی لەمە خراپتر و توندتر مامەڵە بکەین. سەرچاوەکانی ئۆرشەلیم پۆست جەختیان لەوە کردەوە: پەیامەکە ڕوون بوو؛ ئەم جارە هێرشمان نەکردە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانتان، بەڵام دەکرا هەر لە نزیک ئەم شوێنە هێرشێکی خراپتر (جددیتر) ئەنجام بدەین. سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان ڕاگەیاندووە، هێرشەکە بۆ سەر ئێران لە ئیسفەهان کە سەرچاوەکان لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا هێرشەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئیسرائیل، بەشێک لە بنکەیەکی ئاسمانی لە تەنیشت دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی کردۆتە ئامانج. بە واتایەکی تر، هێرش بۆ سەر ئیسفەهان بۆ زیانگەیاندن بە ئێران نەبووە، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە کە ڕوونتر بێتەوە کە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە چەندە بێبەرگرین و بەسانایی دەتوانرێت بکرێنە ئامانج.
لەمەیش گرنگتر، ئیسرائیل بە هێرشنەکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەم قۆناغەدا، ئێرانی لەوە پاشگەز کردەوە کە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڕوات؛ چونکە پێ دەچێت ئێران ئەگەر هەست بە مەترسی بکات کە چیتر لە بەرامبەر ئیسرائیل پارێزراو نییە و ئیسرائیل بنکە ئەتۆمییەکانی خاپوور دەکات، ئەوە لە بنکە نهێنییەکانی هەوڵ دەدات چەکی ئەتۆمی دروست بکات. هەر بۆیە ئیسرائیل لانی کەم لە ئێستادا ڕێگری لەم کارەی ئێران کرد و بۆیە لە ڕاستیدا، لە پاڵ هۆکارەکانی دیکەی وەکوو؛ گوشاری ئەمریکا و ئامادەنەبوونی ئیسرائیل بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی فرەبەرەیی لە سنوورەکانی ئیسرائیل، ئەم هۆکارە سەرەکیترین هۆکار بوو کە هێرشەکەی ئیسرائیلی سنووردار کرد.
دووەم: نیشاندانی توانای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران
بەپێی زانیارییەکان، ئێران لانی کەم 42 لانچەری دوورمەودای زەمینی بۆ ئاسمانی هەیە، لەوانە 32 لانچەری هەڵگری ئێس 300 کە لەلایەن ڕووسیا دروست کراون، کە لە ساڵی 2016دا دەستیان کەوتووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا، فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان بە مەبەستی مەشقکردن لە خۆدزینەوە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-300 گەشتیان کردووە بۆ ئۆکراینا. یەکێک لە یەکەمین سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران ناوی “سوم خرداد”ە، کە بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 2019دا لە دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیی “گڵۆباڵ هۆک” لە ئاسمانی کەنداو بەکار هێنراوە. وەشانی نوێکراوی “سوم خرداد” واتە “١٥ خرداد” لە ساڵی 2019 پەردەی لەسەر لا درا و ئێستا لەژێر فەرماندەییی هێزە نوخبەکانی سوپای پاسداراندایە. ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەم چەکە دەتوانێت لە مەودای ٧٥ کیلۆمەتر شەڕ لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن بکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ ئێران پەردەی لەسەر وەشانێکی نوێکراوی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ١٥ خورداد لا دا بە ناوی “صیاد تاکتیکی”. ئێران دەڵێت مەودای ئەم سیستەمە 120 کم و سیستەمی مووشەکیی کورتمەودا پاڵپشتیی لێ دەکات. هەروەها ئێران لە مانگی شوباتدا پەردەی لەسەر دوو سیستەمی بەرگریی دیکە لا دا بە ناوەکانی “آرمان” و “آذرخش”، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەو سیستەمانە کار دەکەن یان نا. بە گوێرەی زانیارییەکان، سیستەمی بەرگریی موشەکیی “آرمان” توانای ئەوەی هەیە لە یەک کاتدا شەش مووشەکی بالیستی لە مەودای 120 بۆ 180 کم بهاوێژێت؛ هاوکات دەوترێت سیستەمی بەرگریی “آذرخش”، توانای لەناوبردنی ئامانجە نزمەکانی هەیە لە مەودای 50 کم.
هەر بۆیە ئیسرائیل بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی دەستنیشان کرد کە ئەرکی، پاراستنی ئاسایشی گرنگترین دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ئێران (نەتەنز)، بەم پێیەیش نیشانی دا کە ئەم سیستەمە پێشکەوتووە ناتوانێت خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بپارێزێت. بەم پێیەیش چۆن دەتوانێت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بپارێزێت؟
سێیەم: زیندووکردنەوەی توانا و سیاسەتی DETERRENCEی ئیسرائیل
دوو بەرپرسی ڕۆژاوایی بە “ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز”یان گوتووە کە “ئیسرائیل پلانی پێشووی خۆی بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندەوە” و لە شوێنیدا پلانێکی داناوە کە “مەبەستی ناردنی پەیامێکی بێدەنگ، بەڵام بەهێز بووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە سووڕی تۆڵەسەندنەوە.” ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی ئەو مووشەکەی کە لە کاتی هێرشی ئیسرائیلدا ئاراستەی بەرگریی ئاسمانیی ئیسفەهان کراوە، تەکنەلۆژیایەکی هەبووە کە وای کردووە ئەم چەکە لە سیستەمی بەرگریی ڕاداری ئێران بشاردرێتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئێرانی باس لەوە کراوە کە ڕۆژی ١٩-٤-٢٠٢٤ کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ئەو دزەکردنە بۆ ناو ئاسمانی وڵاتەکەی، لەوانەیش هاتنەناوەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک یان فڕۆکە دەستنیشان بکات. میدیاکانی ئەمریکا ڕۆژی هێرشەکە ڕایان گەیاند، ئەو تەقینەوەیەی کە بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە، زیاتر لە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بچووک بووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکە بەئەنقەست بۆ ئەوە دانراوە کە پەیامێک بنێرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن هێرشێکی فراوانتر دەتوانێت ڕوو بدات. ئەم سەرچاوانە دەشڵێن: ئەم هێرشە بە شێوەیەک ڕێک خرابوو کە ئێران، لە داهاتوودا، پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بیر لە دەرەنجامەکانی کارەکانی بکاتەوە.
جگە لەوانەیش ئەم هێرشەی ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکە ئێف-٣٥ (ئەم وڵاتە خاوەنی 39 فڕۆکەی جەنگیی F-35ە کە زۆرترین ژمارەی ئەو فڕۆکانەیە کە دەوڵەتێک لە جیهاندا خاوەندارێتی بکات) پەیامێکی ڕوون و ڕاستەوخۆ بوو بۆ خودی سەرکردە باڵاکان و بەتایبەتی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە ئەگەری هێرشی یەکلاکەرەوە و وجوودی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوە گیانیان پارێزراو نییە؛ چونکە چەندان ساڵە ئیسرائیل بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەناو خاکی ئێران دەکوژێت، بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە ئەو مەترسییە دروست ببێت کە لەوانەیە ئەم جارە لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەوە و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکان ئەم کارە ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی ئێران بتوانێت شوێنپێی مووشەک و هێرشەکان دەستنیشان بکات. بۆیە بەئامانجگرتن و پێکانی خودی سیستەمە بەرگرییەکە، گەورەترین دڵەڕاوکێیی ئاسایشی و سەربازی بۆ بەپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران دروست دەکات.
چوارەم: هۆشدارییەکانی ئەمریکا و ڕازیکردنی هاوپەیمانان و پاراستنی هاوسۆزی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ داهاتوو
پاش هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەهێزبوونی ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراوانی ناوچەیی، پرسی مرۆییی غەززە بۆ ماوەیەک پشتگوێ خرا و ئەمەیش گوشارەکانی سەر ئیسرائیلی کەم کردەوە و هاوسۆزی و تەنانەت پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ پاراستنی ئیسرائیل هاتە ئاراوە کە لە شەوی هێڕشی ئێران بەپراکتیکی بینرا، بەڵام هەموو وڵاتان و بەتایبەتی ئەمریکا داوایان لە ئیسرائیل کرد کە ئەم بەرگرییە و نەبوونی زیان، بە سەرکەوتن هەژمار بکات و هێرش نەکاتە سەر ئێران. هەر بۆیە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی کە هەم وەڵامێکی کاریگەر و شوێندانەر بە ئێران بدەنەوە و هەمیش ئەم پشتیوانی و هاوسۆزییە نەوەستێنن، بڕیاریان دا کە هێرشەکەیان سنووردار، بەڵام کاریگەر بێت.
لە لایەکی تریشەوە، هەڵگیرسانی جەنگێک لەگەڵ ئێران لە کاتێکدا کە چەند مانگێکی کەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری لە ئەمریکا ماوە، پشتیوانیی ئیدارەی ئەمریکای نابێت، کە بۆ هەر سەرکەوتنێکی سیاسی و سەربازی بۆ ئیسرائیل ئەم پشتیوانییە، گرنگ و هەستیار و یەکلاکەرەوەیە.
هەروەها بەپێی راپۆرتێکی ڕۆیتەرز، بەهۆی قەیرانی ئۆکراینا و بارگرژییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەگەڵ چین، هێزەکانی ئەمریکا ئامادە نین بۆ ململانێیەکی گەورە و درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی لەناکاو، پێویستیان بە تەرخانکردنی سەرچاوەی زیاتر هەیە.
پێنجەم: گرنگیدان بە هەڕەشە هەنووکەیی و ئەولەوییەتە ئاسایشییەکانی کابینەی ناتانیاهۆ
بۆ ئیسرائیل یەکلاییکردنەوەی پرسی حەماس و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵڵای لوبنان کە خاوەن سەدان ڕۆکێت و مووشەکی کورتمەودایە و دەتوانێت زیانی جددی بە دامەزراوە و بنکە و شارەکانی ئیسرائیل بگەیەنێت، ئەولەوییەتی سەرەکیی سەربازی و ئاسایشی ئیسرائیلە و لەم قۆناغەدا هەڕەشەکانی ئێران نییە، چونکە ئێران دەری خست ناتوانێت ڕاستەوخۆ زیان لە ئیسرائیل بدات و هاوپەیمانەکان و بەتایبەتی ئەمریکا بەرگری لە ئاسایشی ئیسرائیل دەکەن. لە هەمان کاتیشدا لە ئاستی ناوخۆیی، هێشتنەوەی پرسی غەززە و حەماس بەکراوەیی، یارمەتیی ناتانیاهۆ نادات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب، نەتانیاهۆ ڕای گەیاند، شەڕی بزووتنەوەی حەماس “بەردەوام دەبێت تاوەکوو هەموو ئامانجەکان لە هەموو بەرەکاندا بەدی دەهێنرێن.” نەتانیاهۆ بەڵێنی دا، سەرکەوتن چەند مانگێکی دەوێت، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە بەدەستی بهێنین. نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە: حکوومەتی ژێر سەرکردایەتیی من بە هیچ شتێک کەمتر لە سەرکەوتنی تەواو ڕازی نابێت. ئەمەیش نیشان دەدات کە بۆ کابینەی ناتانیاهۆ، هەروەها ڕای گشتیی ناوخۆی ئیسرائیلییەکان و لایەنە سیاسییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هەنووکەیییەکان و یەکلاییکردنەوەی پرسی بارمتەکان و بەتایبەتی داهاتووی مەترسییەکانی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان ئەولەوییەتی ئاسایشی ئیسرائیلن، بەڵام بەئەتۆمیبوونی ئێران، هەڕەشەیەکی وجوودییە بۆ ئیسرائیل کە تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپییەکانیش ناتوانن قبووڵی بکەن، هەر بۆیە ئەم هێرشە بۆ ئەو پرسە دیزاین کرابوو.
لە لایەکی تریشەوە، ناتانیاهۆ بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگەی ئیسرائیل و بەدەستهێنانی پشتیوانیی سیاسییان، پێویستیی بە سەرکەوتن لەم جەنگەی ئێستا هەیە کە لە ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکە لەگەڵ ئێران و بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا، ئەستەمە بێتە دی. هەر بۆیە ناتانیاهۆ هەم کابینە توندڕەوەکەی و هەمیش لایەنە میانڕەوەکانی لە یەک کاتدا بەم هێرشە سنووردار بەڵام کاریگەرە ڕازی کردووە. جگە لەمانەیش، ناتانیاهۆ بۆ بەردەوامیی خۆی ناچار بووە کە ڕای گشتی لەبەرچاو بگرێت چونکە بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان تەنیا ١٥% لە ئیسرائیلییەکان پشتوانی لە مانەوەی ناتانیاهۆ لە دەسەڵات، لە پاش جەنگی غەززە دەکەن.
کۆبەند
ڕاستییەکەی، بەشداریی ئەمریکا، فەڕەنسا، بریتانیا و تەنانەت ئۆردن لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە هەمبەر هێرشی مووشەکیی ئێران، بە مەبەستی ڕێگریکردن بوو لە سەرهەڵدانی جەنگێکی فراوانی هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەگەر ئیسرائیل زیانی پێ گەیشتبا، ئەوە بەدڵنیایییەوە هێرشی بەرفراوانی دەکردە سەر ئێران و، ئەو کاتە ئەمریکاش ناچار دەبوو لە جەنگێکی نەخوازراودا تێوە بگڵێت. هەر بۆیە هەم ئێران و هەمیش ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ هەماهەنگییان ئەنجام دا و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل لەژێر گوشاری ئەمریکا بە هێرشێکی سنووردار، بەڵام شوێندانەر و کاریگەر لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لەم قۆناغەدا ڕازی بوو.
ئەم هێرشە سنووردارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە وەرچەرخان لە سیاسەتی بەرگریی ئیسرائیل دادەنرێت، چونکە پێش ئەوەی پەیام بنێرێت بۆ ئێرانییەکان، ئەوە پەیامی بۆ ئەوروپا، ئەمریکا، چین و ڕووسیا نارد، کە ئەگەر ڕێگری لە هێرشەکانی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها بەئەتۆمیبوونی ئێران نەكەن- کە بۆ ئیسرائیل هەڕەشەیەکی وجوودییە- ئەوە ئیسرائیل دەتوانێت و توانای ئەوەی هەیە کە ڕاستەوخۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج. جگە لەوەیش ئیسرائیل لە ئێستادا یارییەکی گەورەی سیاسیی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا کردووە کە ئابڵووقە و گوشارە دیپلۆماسییەکانیان لەسەر ئێران بەرز بکەنەوە و بەپێچەوانەوە، گوشارەکانی لەسەر ئیسرائیل سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە نزیک و بەردەستەکان (وەکوو حەماس و تەنانەت حزبوڵڵا) کەم بکرێتەوە.
ئیسرائیل بۆ لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و فراوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکە لە دۆکترینی مابام (MABAM) یاخود ناسراو بە Campaign between the Wars کەڵکی وەرگرتووە و دۆکترینی ناسراو بە Dahiya Doctrine کە لە پاش جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان گرتییە بەر، لە دژی حەماس و لەوانەیە لە داهاتوودا لە دژی حزبوڵڵا بگرێتە بەر، هەروەها دۆکترینی هەشتپێ (Octopus Doctrine) بۆ ڕێگریکردن لە بەئەتۆمیبوونی ئێران گیراوەتە بەر، پێکەوە بەردەوام دەبن و بە ڕەواندنەوەی هەڕەشە نزیک و سنوورییەکان، خۆی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات.
سیاسەتی نەریتیی ئیسرائیل لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری بەم شێوەیە بووە کە هەڕەشەکان بەیەکجاری لەناو ناچن و هەر قۆناغێک ئامادەکارییە بۆ قۆناغێکی بەرزتری پێکدادان و بارگرژی. بەکورتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پرۆکسییەکانی لە ڕێگەی ستراتیژیی کوشتن بە هەزار برینی چەقۆ (death by a thousand knife wounds) تاوەکوو ئێستا شکستی خواردووە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەنجامەکەی ڕوون نییە کە بتوانێت مەترسییەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل بڕەوێنێتەوە. هەر بۆیە باس لەوە دەکرێت کە ئیسرائیل لە پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە، پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێی بەرگری و دۆكترینێکی جیاوازی سەربازی هەیە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیسرائیل هێرشە نهێنی و پێشدەستانەکانی لە ناوخۆی ئێران و دژی پرۆکسییەکانی چڕتر بکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی تاوەکوو پرسی ئەتۆمی و مەترسیی پرۆکسییەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوە ئەگەری پێکدادان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەناڕاستەوخۆ (جەنگی سێبەر) و تەنانەت ڕاستەوخۆ (وەکوو ئەم جارە) بەردەوام و لە ئارادایە.
سەبارەت بە ئێرانیش، پێشبینی دەکرێت بەهۆی گۆڕانی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا، هەر کات لەمە زیاتر هەست بە مەترسیی ژیانی بکات، ئەوە بەبێ دوودڵی ڕادەگەیەنێت کە خاوەن توانای ئەتۆمییە لە بواری سەربازیدا و، ئەو کاتە کۆی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانی بەسەردا دێت. لە لایەکی تریشەوە، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەو قازانجەی بۆ ئیسرائیل هەبوو، کە نیشان بدات ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، چەندە دەتوانێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپییەکان و ئاسایشی جیهان مەترسیدار بێت.