گەربمانەوێ گۆڕانکاری راستەقینە ببێنین، دەبێ دووشت یەکبگرن؛
یەکەمیان:روئیایەکی روون.
دووەمیان:ئیرادەیەکی بەھێز.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەیە، ھەردووکیانی ھەیە، ئەمەش رێک لەم گوتارەی بەدی کرا کە لە کۆلێژی سەربازیی قەڵا چوالان، لەبارەی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگەو پێکھێنانی کابینە پەیامی دا.
گوتارەکە لە پاشخانێکی قووڵ و ئەزموونێکی پێشوەختە نەخشەڕێگایەکی نیشاندا، کە ئێمەی گەڕاندەوە نێو مێژووی وڵاتانی پێشکەوتوو کە سەرکەوتووبوون لە یەکخستەوە و مۆدێرنکردنی سوپا.
-بیسمارک کە سوپای ئەڵمانیای یەکخستەوە و وڵاتی یەکگرتوو کرد.
پارک چونگ ھی، لە کۆریای باشوور، سوپای وڵاتی رێکخستەوە و مۆدێرنی کرد.
لی کوان یەو، سوپای نیشتمانی سەنگافورەی دامەزراند.
پێرسن لە کەندا سوپای وڵاتەکەی یەکخست.
جاک شیراک لە فەڕەنسا سوپای بەھێزکرد.
چین شی جینپینگ لە چین، ھەمان شت.
ئەمانە مێژووی وڵاتانی پێشکەوتوون، لە ئێستای ھەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکخستنەوە، ئاشتەوایی، یەکگرتن، کۆدەنگی و یەکریزی، چارەسەری قەیرانی قووڵ و دیپلۆماسیەتێکی بەھێز، ھەنگاوەکانی لە پێشەوەی ھەموو سەنگەرێکدا دەبینرێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە رایگەیاند ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەکی نیشتمانی، ئەم رستەیە لەو تەوقیتەدا گەشبینی دەداتە ھەنگاوەکانی ھەرێم، لەوکاتەی لە ناوچەکەدا سوپای وڵاتانێک پەرتەوازەبوونە، گەنجان لە رۆژھەڵاتی ناوین دەبنە بەشێک لە گروپی سەربازی، لە دەرەوەی سوپای نیشتمانی، بەڵام لە ھەرێم جێگەی دڵخۆشییە کە نەوەیەکی نوێی دەیەوێ بە زانستی سەرباز بێت، پێشکەوتووانە پیشەیی بێت، ئەمە دەسپێکێکی بەھێزە کە ھەرێم دەیەوێ قۆناغە جیاوازەکە لە ناوچەکە نیشان بدات، قۆناغی گەشەکردنی زیاتر، سەقامگیری زیاتر، ھاوسەنگی ھێز، گۆڕینی رێرەوی مێژوو، بۆ پەڕینەوە بەرەو سوپایەکی بەھێزی نیشتمانی.
ئەم ھەوڵانە ھەنگاوێکە بۆ دەیان ساڵی داھاتوو، گەر ھەموو ھێزە سیاسییەکان ھاوکاربن، نەخشەڕێگای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ داھاتووی ھەرێم، بە سوپایەکی مۆدێرن و نیشتمانی، کوردستانێکی سەقامگیرتر و پێشکەوتوو، باشترین کارێکە کە لە ئاستی جیھانی پشتیوانی بەھێزتر لە ھەرێم دەکرێت و داھاتووش گەشتر دەبێت..بەھیوای سەرکەوتنی یەک ھێزی پێشمەرگە لە کابینەی داھاتوو.